شەش ساڵ و یەک ماف*
رەحمان غەریب


پاش شەش ساڵ جارێکی تر کۆدەبینەوە، بۆ هەمان داخوازی و هەمان پرسیار، کێ سۆرانی تیرۆر کرد؟. پیشتریش لە کارەساتی تیرۆرکردنی سەردەشت و کاوەی هاوکارمان هەمان پرسیارمان کرد، بۆ بکوژان سزا نەدراون؟ بۆچی یاسا هێزی ئەوەی نییە بگاتە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە؟.

کاتێک رژیمی سەدام گۆڕبەگۆڕ کرا، وامان زانی کۆتایهات بە سەردەمە تاریکەکانی تیرۆرو وونکردنی خەڵکی بوێر. بەڵام چەندین دەیە لە ئەزمونی تاڵی مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی خۆماڵی بۆمان رونبۆتەوە کە لە لەژێر کاریگەری چ وەهمیکدا ژیاوین.

ئێمە ویستمان بە راپەڕین ماڵئاوایی لەو وەهمە بکەین، بەڵام ئەو وەهمە ، وەهمی سەروەربوونی یاسا جارێ یەخەمان بەرنادات. 

ئەوەی ئەم تاوانانە لە پێشوتری جیا دەکاتەوە، زەمەن و سەردەمی ئەنجامدانی تاوانەکەیە، سەردەمێک کە دروشمەکانی ئازادی و سەروەری یاسا دونیاکەمانی تەنیوە. بەڵام کە دەگەنە سەر لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنوس، یان تاوانەکان لە دژی بڵاوکردنەوە و رادەربڕین، مایەپوچی ئەو دروشمانە زۆر بە زەقی دەردەکەون. ئاخر لە وڵاتی ئێمەدا هێز سەروەرە نەک یاسا.

سۆران لە تۆڵەی خوێن تیرۆر نەکرا. سەردەشت لە روداوی هاتوچۆدا گیانی لەدەست نەدا. کاوەی هاوڕێمان نەبوو بە ژێر داروپەرودی بومەلەرزە. ئەمان قوربانی دەستی هێزێکن لەناو پارتە سیاسییەکان، کە لە بەرەبەیانی راپەڕینەوە تا ئەمڕۆ دەیانوێت پاشەکشە بە خەونەکانمان بۆ ئازادی بکەن و بەدەوامیش شۆڕەسواری قورتاربونن لە سزا. 

ئێمە لە سەنتەری میترۆ روداوی شەهیکردنی سۆرانی مامە حەمە بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆوو ترسناکی دەزانین بۆ سەر رۆژنامەگەریی ئازاد‌و سەربەخۆ بانگەوازی دەسەڵاتی دادوەری جیبەجێکردن و یاسادانان دەکەین، سەرلەنوێ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بڕیاری سەربەخۆیان لەبارەوە بدرێتەوە. مافیش بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.

رووداوەکانی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس، لەسەر نوسین و رادەربڕین لە ناویاندا بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی گۆڤاری لڤین (سۆران مامە حەمە)، لە بەردەم ماڵی خۆیاندا لە گەڕەکی (رەشید ئاوا)ی شاری کەرکوک، پاشانیش تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کاوە گەرمیانی، بۆ کەسانێک کە پەرۆشن بۆ ئایندەی دیموکراسی و مافی ئینسان تەنها بۆنەیەک نین بۆ فرمێسک رشتن و هاوخەمی، بەڵکو دەرفەتی دەربڕینی پەیامێکی روون ئاشکرایە بۆ هێزی بکوژی ناو پارتە سیاسییەکان: ناهێڵین تاوان بەبێ سزا تێپەڕێت. ناهێڵین خەونی راپەڕین لەبارچێت. ئەوانەشی گرەو لەسەر بیروەری کورت خایەنی خەڵک دەکەن، با باش بزانن: ناهێڵین وێنەی سۆران و هاوڕێکانی و سەدان تاوانی تر، لە یادەوەری گشتیدا بسڕێتەوە.


PM:04:52:21/07/2014