‌گزی و فێڵ به‌ ناوی 328 نوێنه‌ره‌وه‌
رەحمان غەریب




سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ تانه‌دان له‌و یاسایه‌ی كه‌ "ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق" بۆ درێژه‌دان به‌ وه‌رگرتنی ئیمتیازات، ده‌ریانكردبوو،  ویستی به‌ خه‌ڵكی عێراق بڵێت "توشی شۆك بووم" به‌م هه‌ستكردنه‌شی په‌یامێك بگه‌یه‌نێت كه‌ دوو سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی تر، به‌رده‌وام ئیحراجی ده‌كه‌ن. 

له‌وه‌ ناچێت سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌ك هه‌موو خه‌ڵكی عێراق، توشی شۆك بوبێت، به‌ڵكو ئه‌و جیاواز له‌خه‌ڵكی ویستی به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی یاساكه‌ هه‌ندێ له‌ فشاری شه‌قام له‌سه‌ر شانی خۆی سوك بكات‌و كارتێكی سوریش بۆ فه‌رمانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار به‌رز بكاته‌وه‌ و په‌یامێك به‌ رای گشتی بدات كه‌ له‌نێو ئه‌و دوو سه‌رۆكایه‌تییه‌ ( سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت) ئه‌م جیاوازتره‌.

به‌لاَم ئه‌و فیشه‌كانه‌ی به‌ رووی خۆپیشانده‌رانی سڤیل ده‌ته‌قێندرێت، شه‌قامه‌كان به‌ خوێنی لاوان سور ده‌كه‌ن، سه‌رله‌نوێ سیحری تانه‌لێدانه‌كه‌ی ئه‌ویشی به‌تاڵكرده‌وه‌.

چیرۆكه‌كه‌ كورته‌: به‌ر له‌وه‌ی كورسییه‌كانیان جێبهێڵن، په‌رله‌مانتاره‌كانی خولی پێشوو یاساییه‌كی تریان خسته‌ سه‌ر خه‌رمانی ئیمتیازاته‌كانی تریان، چونكه‌ یاساكه‌یان رووی ئه‌وه‌ی نه‌بوو كاتی خۆی بلاَوبكرێته‌وه‌، رۆژی 16ی ته‌موز له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا بلاَو كرایه‌وه‌، هه‌ندێ گزی فێڵی په‌رله‌مانتارانی‌ تێدا ئاشكرا بووه‌.

یاساكه‌ به‌ ژماره‌ی 13ی ساڵی 2018  كه‌ له‌ (1ی ته‌موز 2018) واتا پاش ته‌واوبوونی كاری په‌رله‌مان و پاش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ چرپه‌و له‌ به‌ینی خۆیاندا بیریان له‌ ئیمتیازاتێكی نوێ كردۆته‌وه‌ كه‌ ژێر به‌ژێر تا له‌ (وه‌قائیعی عێراقی) بلاَوده‌كرێته‌وه‌ باسی نه‌كه‌ن.

وای له‌م گزیكه‌رانه‌، دور له‌ یاساكان، بۆ ئیمتیازاتی ماوه‌ی خانه‌نشینی خۆیان، ره‌قه‌مییان لێداووه‌و (15 ساڵ)یان وه‌ك خزمه‌ت بۆ ماوه‌ی خانه‌نشینی دیاریكردوه‌، ماوه‌ی خزمه‌تكردنه‌كه‌یان له‌ خولێكی په‌رله‌مانی كه‌ (4 ساڵ)ده‌كات، به‌لاَم به‌ حاسیبه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كان كردوێتییه‌، 15 ساڵ، به‌مه‌ش (11 ساڵ)یان گزی كردوه‌.

تاریق حه‌رب پسپۆری بواری یاسا له‌ لاپه‌ڕی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌لاَیه‌تی فه‌یسبوك نوسیوێتی ئه‌مانه‌ بازیان داوه‌ به‌سه‌ر مه‌رجی ته‌مه‌ن،  كه‌ به‌ پێیی یاسای خانه‌نشینی عێراق (50ساڵ)ه‌، به‌لاَم ئه‌وان وایان داڕشتوه‌ كه‌ خوار په‌نجا ساڵیش خانه‌نشین بكرێت و مافه‌كانیشی له‌سه‌رو مافی خانه‌نشینی ئاسایی بێت سه‌رباری مافی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وه‌زیفه‌كه‌ی گه‌ر فه‌رمانبه‌ری حكومی بێت و بازدان به‌سه‌ر عورفی په‌رله‌مانی له‌ ناردنی نوسراوی ره‌سمی موخاته‌به‌كردنی فه‌رمانگه‌ ره‌سمییه‌كان.

سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ بری وردبونه‌وه‌ و ئاشكراكردنی ئه‌و گزییانه‌ی له‌ یاساكه‌دا به‌ زه‌قی دیارن، به‌ فه‌رمانێكی كۆماری 328 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی خانه‌نشین كرد، بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕێك له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵ بداته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی  2013 ده‌ریكردبوو له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران، یان یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو كه‌ مه‌رجی 15 ساڵ خزمه‌ت و 50 ساڵ ته‌مه‌نی  بۆ خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران داناوه‌. 

 ئه‌مڕۆ دادگای ئیتحادی، له‌ به‌رژه‌وندی تانه‌دانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، ناده‌ستورییه‌تی یاساكه‌، بڕیاریدا كار به‌ بڕگه‌كانی یاسای‌ ژماره‌ی 13ی ساڵی 2018 نه‌كرێت.

بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی به‌ وه‌رگرتنی تانه‌لێدانه‌كه‌، به‌ راوێژكاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی ووت:" گزی مه‌كه‌ن، بچن سه‌عی له‌ ده‌ستورو یاساكان بكه‌ن"  


وێستگه‌ نیوز 

AM:11:38:24/07/2018