چاوەڕوان نین لەسەرو هاوڵاتیان مافمان هەبێت
رەحمان غەریب
لەو مەراسیمەدا کە ئەمڕۆ17ى کانوونى دووەمى 2015 بە بۆنەی راگەیاندنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی ساڵی 2014 ی هەرمی کوردستان بەرێوە چوو ، رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ وتارێکی پێشکەش کرد ئەمەی خوارە دەقی وتارەکەیە.

خەمخۆرانی ئازادی رادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ
دۆستانی سەروەری یاسا، ئەم کاتەتان باش

مایەى شانازییمانە کە ئەمە چوارهەمین ساڵە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رەوشی ساڵێکی ئازادی رۆژنامەنوسی دەخاتە بەردەم خەمخۆرانی ئازادی رادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ و بەرپرسانی پاراستنی سەروەری یاسا لە کوردستان و جیهاندا . 
دوبارە مایەی شانازیمانە کە لەم چوارساڵەدا بوینە دەنگێکی باوڕپێکراوی بڵندگۆ لە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ئازادی رادەبڕین و کاری رۆژنامەنوسی.
وا ئەمساڵیش بەردەوامى بەم نەریتە دەدەین، راپۆرتی پێشێلکارییەکانی ساڵی 2014 دەخینە روو.
ئازیزانمان
وەک کورتەی راپۆرتەکە بەرجەستەی کرد مایەی نیگەرانیمانە کە ئەمساڵیش، تابلۆیەکی گەشاوەمان نییە بیکێشین. گەرچی بە ژمارە پێشیلکارییەکان لە ساڵانی رابردوو کەمترن بەڵام ژینگە و کەلتوری توندیژی بەرامبەر بە میدیاکاران لەسەر ئاستی جۆری نەگۆڕاوەو هەمان ژینگەی ترسناکە و زۆربەی تاوانکاران دەستی یاسا و دادپەروەرییان ناگاتێ.

دوای چوار ساڵ لە خستنە ڕوی پێشێلکاری و تاوانەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی پاراستنی کەرامەت و مافی هاوڵاتیان وەک دوژمن تەماشای پیشەکەمان دەکەن. هێزەکانیان بەبەرگی رەسمی نارەسمی کامێراکانمان ئەشکێنن وکەرەسەی کارمان لێ زەوت ئەکەن.

ئەگەر تەمەنی نەریتی راپۆرتی ساڵانەی ئێمە چوار ساڵ بێت تەمەنی ئەو ئەو یاساییەی دەبوایە بمانپارێزێ حەوت ساڵە. نەنگییەکی گەورەیە پاش حەوت ساڵ لەم یاسایە هێشتا باس لەوەبکەین زۆربەی تاوانکاران لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت.

ئێمە کە ئەم پیشەیەمان هەڵبژاردووە چاوەڕوان نین لەسەرو هاوڵاتیان مافمان هەبێت. چاوەڕوان نین نەرمونیانتر رەفتارمان لەگەڵدا بکرێت. بەڵام پیشەکەی ئێمە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە گەیشتنی زانیاری بە هاوڵاتیان. بۆیە پێشێلکاری بەرامبەر بە ئێمە و زەوتکردنی مافی گەیشتن بە زانیاری هاوڵاتیانە. 
ئازیزان چیمان زیاتر نییە لەو هاوڵاتیانەی کە لەبەر نارەزایی دەربڕین لەسەر گرانی سوتەمەنی سوکایەتیان پێکرا. بەڵام گەر ئێمە بتۆقێنرێن رێگریمان لێ بکرێت، مافی ئەوان لە گەیشتنی دەنگیان دوقات و سێ قات پێشێل دەکرێت.
میوانە بەڕێزەکان هیچ تاوانێک لە تاوانی کوشتن گەورەتر نییە، بە تایبەتی کوشتنی ئەوانەی کاریان تەنها بڵاوکردنەوەی زانیاریە. 
خەڵکی وڵاتەکەمان ئەم حەقیقەتە باش دەزانن بۆیە لەگەڵ هەواڵی کوشتنی شەهیدانی میدیاکار شەهید (سۆرانى مامەحمە ، عبدالستارتاهیر، سەردەشت عوسمان، کاوەگەرمیانى) بەسەدان هەزاریان رژانە سەر شەقامەکانی کوردستان و پایتەختی تاراوگەکان، بەڵام ئەفسوس وێڕای گوشاری خەڵک و گرانی باری تاوانەکان ساڵ ساڵی دیکە بە دوای خۆیدا رادەکێشێی و بکوژانیشیان مێش میوانیان نیە. 
جارێکی تر دەڵێینەوە میدیاکار پاراسوییەکی زیاتر نییە لە خەڵکی دی، بەڵام بە فیڕۆدانی خۆینی ئەم شەهیدانە پاش ئەم هەموو ساڵە مایەی بێ هیوای و لە ئەنجامدا بێ رێزی خەڵکە بۆ ئاستی سەروەری یاساو ئەوانەی کاردەکەن لە بواری جێبەجێکردنی یاسادا. بەڵێنمان داوە بە گیانی ئەم شەهیدانە کە وەڕس نابین لە بوژانەوەی کەییسی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان ئەنجامدراوە ئەمساڵیش کەیسەکانیان دەخەینەوە روو.
بەشێک لە سەروەری یاسا و بەکارنەهێنانی دەسەڵاتە بۆ خنکاندنی ئازادی رادەربڕین. لێرەدا سەرنجتان رادەکێشین بەلای بەکارهێنانی داوای یاسایی بە نیەتی گورزی ئابوری کوشندە و وەشاندن لە دەزگا میدیاییەکان.

 هیچ میدیاکارێکی پرۆفیشناڵ ئامادە نییە داکۆکی لە هەڵویستی چەوتی تەشهیرو تەشیهیرکاری بکات، بەڵام ئەرکی دادوەرە کە داوایەک رەتبکاتەوە کە بڕی پارەی سزای داواکراو زۆر لە رادەی تاوانەکە گەورەتر بێت. دادوەران دەبێت بزانن مەبەستی ئەو جۆر داوایە پاراستنی مافی تەشهیرپێکراوان نییە بەڵکو خنکاندنی را جیاوازەکانە.   

ئەمە بە مانای ئەوە نا کە چاوپۆشی لە ناپیشەیی بونی هاوکارانمان بکەین، بەڵام لەبەر گرنگى کارو چالاکیەکانى کارمەندی بواری گشتی  کە یاسای رێگەی داوە لە کاتی لادان و تاوان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیان، ئاشکرا بکرێن بۆ رای گشتی ، پێویستە  لە بری هەڕەشە بەکارهێنانی داوای یاسایی نابەجێ ، رێگەی وەڵامدانەوە ئازاد هەڵبژێرن.
نابێت چەمکی "ناپیشەییبوون" ی رۆژنامەنووسان، حزبی و ئەهلی، بکرێنە بیانوو بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، یان ئامادەبون لەخۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بکرێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2008 (یاسای رۆژنامەگەری لەکوردستان).


ئازادی رۆژنامەگەری ئەوەی کە لە بەڵگەنامە نێودەوڵتییەکاندا ئاماژەی پێکراوە، بە مانای ئازادی گەیشتن بە دەستهێنانی سەرچاوەی زانیاری و بڵاوکردنەوەی بەبێ دەستێوردان. بەم مانەیەش ئازادی رۆژنامەگەری یەکێکە لە مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئەم مافە بەمانای پێشێلکردنی مافی مرۆڤە. پێویستە کۆسپەکانی بەردەم کاری رۆژنامەنوس لە گەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری لاببرێت، هەموو زانیاریەک بە نهێنییەکانی حکومەت پۆلێن نەکرێت. 

ساڵێکی تر ئەزمونێکی تاڵی تری لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەڵام میترۆ و میدیاکارانی پرۆفیشناڵ و خەڵکی هۆشیاری گەلەکەمان ئامادە نین ورە بەربدەن لە بە دواداچونی تاوانکاری و پێشێلکارییەکان. هیچمان پێ نەکرێت ئەوەندەمان پێدەکرێت کە نەهێڵین تاوان و پێشێلکاری ببێتە رووداوێکی ئاسایی رۆژانەی ژیان.
سەربەرزن ئەوانەی لەسەر مافی خەڵک سازش ناکەن
سەربەرزن ئەوانەی سەرەرای بارودۆخی ناهەموار لە هەڵوێستی پرۆفیشنالانەی خۆیان ناکەون.
سەر رێز بۆ ئەو پێشمەرگەو  ئەفسەرانەی کە ئامادەنین بەردەوامی بە کەلتوری پێشێلکاری و تۆقاندن بدەن.

سوپاس


PM:02:35:29/01/2015