خوێنی ڕۆژنامەنوس
نالی پێنجوێنیی

ڕۆژنامەنووسی ئازادو ئازا، هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەدات، هەوڵدەدات زانیاریی‌و ڕووداوەکانی پێشی کامێرا‌و پشتی پەردە ئاشکرا بکات، تا خەڵك تەواوی وێنەکە ببینن. زۆربەی دەسەڵاتداران چارەی ئەو جۆرە ڕۆژنامەنووسەیان ناوێت، بە بینین‌و پرسیارەکانی قەڵس دەبن. چونکە دەزانن ڕەخنەیان لێدەگرن‌و هه‌ڵەو کەموکووڕییەکانیان ئاشکرا دەکەن. دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا، بزنسمانێکی نەرجسیی‌و دیکتاتۆر تەبیعەت‌و لەخۆڕازییە‌، بەزمان‌و بە عەقڵییەتی بزنس‌ لە شتەکان دەڕوانێت‌، هەر کە دەمی کردەوە، ڕاسیزمانە دەدوێ. کاتێك (جیم ئەکۆستای پەیامنێری سی ئێن ئێن) پرسیارێکی ڕەخنە ئامێزی ئاراستە دەکات، لێی تووڕە دەبێ‌و بەقسەی ناشیرین هەوڵێ بێدەنگکردنی دەدات. ئەوە ڕاستە کە ئەمریکا وڵاتێکی دێمۆکراسیی‌و موئەسەساتییە، مێدیای ئازاد مێژوویەکی درێژی لەو وڵاتەدا هەیە، بەڵام دۆناڵد ترامپ‌و سیاسییە پۆپۆلیستە هاوشێوەکانی، زۆر ڕێزی ئەو پرێنسیپانە ناگرن‌و ئاوڕی لێنادەنەوە. ئەوان، بەوە ناسراون کە ڕقیان لە مێدیای ئازادە‌و بەردەوام دژایەتی دەکەن. لە دوای ئەو ڕووداوە، کەناڵی سی ئێن ئێن، سکاڵای دژی کۆشکی سپی تۆرمارکرد، دادگاش کەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسەی بەزوویی یەکلاییکردەوە، بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکای بەنایاسایی‌و پێشێلکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لەقەڵەم دا. دەستگا گەورەکانی ڕاگەیاندن‌و ڕۆژنامەنووسان‌و مێدیای ئازاد، خێرا هاتنە سەر خەت‌و دژی بڕیارەکەی کۆشکی سپی وەستانەوە، ئەو هەنگاوەیان وەك دەستدرێژی بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین لە قەڵەم دا.


جەمال خاشوقچیی بە نووسینەکانی داوای ڕیفۆرم‌و ئازادیی دەکرد، ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی سعوودیی دەگرت‌‌و دژ بە ستەم‌و دیکتاتۆرییەتی ئەوان‌ دەنگی هەڵبڕی. ڕەخنەکانی دەسەڵاتدارانی ئالسعوودی هەراسان کرد، بۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە پیلانی تیرۆرکردنیان داڕشت. بێئاگا لەوەی کە مەرگی ئەو ڕۆژنامەنووسە، دە هێندەی نووسین‌و ڕەخنەکانی پەردە لەسەر تاوانەکانی بنەماڵەی ئالسعوود هەڵدەماڵێ. بێگومان، ئەگەر جەمال خاشوقچیی دەیان ساڵی تر، لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست‌و نوێۆرك تایمزو گاردیان، ڕەخنەی لە بنەماڵەی ئالسعوود بگرتایە، هێندەی کوشتنەکەی کاریگەر نە دەبوون، ڕەخنەکانی بەقەدەر کوشتنەکەی پەردەی لە ڕووی ستەم‌و دڕندایەتی بکوژەکانی هەڵنەدەماڵی. مەرگی ڕۆژنامەنووس زۆر زیاتر لە قەڵەمەکەی کاریگەری درووستدەکات‌، دیکاتۆرو ستەمکاران ڕیسواو نابووت دەکات، وەك پەڵەیەکی ڕەش‌ بە نێوچاوانیانەوە دەمێنێتەوە. بەداخەوە، دوای ئەو ماوە زۆرەی کوشتنی خاشوقچیی، هێشتا بەناو سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عەرەب، بە وشەیەکیش ناڕەزاییان دەرنەبڕیوەو سەرکۆنەی ئەو تاوانەیان نەکردووە!. ستەمکارەکان تا پێیان بکرێ هەوڵی کڕین‌و دەستەمۆکردنی‌ قەڵە ئازادەکان دەدەن. گەر ئەوەیان بۆ نەچووەسەر، شێوازی هەڕەشەو کوشتن‌ دەگرنەبەر.

 ئەوان نازانن خوێنی ڕۆژنامەنووس زۆر لە قەڵەمەکەی کاریگەرترە. ئێستا، جەمال خاشوقچیی وەك سێمبۆلێکی ئازادی ڕادەربڕین هەژماردەکرێ. جیم ئەکۆستای پەیامنێرەکەی سی ئێن ئێن زۆر لە جاران ناسراوترو دەنگی زوڵاڵترە. ناوی سۆرانی مامە حەمە‌و کاوە گەرمیانی‌و هاوڕێکانیان، زۆر لەو دەمەی کە دژی ستەم‌و گەندەڵیی دەسەڵاتداران دەنگیان هەڵبڕی، شکۆدارترو ناسراوترن، ناویشیان لە مێژوودا بەزیندوویی‌ دەمێنێتەوە. "سەییدقوتب”ی ئەدیبی گەورەی میسر، ئەو دەمەی لەسەر نووسینەکانی پەتی سێدارەیان بۆ هەڵخست، وتی: وشەکانمان لاشەیەکی بێ گیانن، کە بەخوێنی خۆمان ئاویان دەدەین، ئەوسا ڕۆح بە بەریاندا دەکەین. ڕۆژگار ئەوەی سەلماندووه، ئەستەمە ڕۆژنامەنووسی حەقبێژو ئازادو بوێر، بێدەنگ بکرێ.

ئاوێنه‌ 

AM:06:19:29/11/2018