لە پێناو منداڵدا
رۆزا حەمەساڵح




زیاتر لەدوو ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر هاوسەرگیری زاراو ئاكۆدا، لەو ماوەیەشدا نەیانتوانی منداڵیان ببێ و ببن بەدایك و باوك.

بەم هۆیەوە زارا رۆژانە لەلایەن دایكی ئاكۆو خوشكەكانیەوە روبەرووی تانەوتەشەرو سوكایەتی پێكردن دەبۆوە، هەر كاتیش داوای لەئاكۆ كردبا بۆئەوەی سەردانی پزیشكی تایبەت بكەن، ئاكۆ بەتوڕەیی وەڵامی دەدایەوەو پێیدەگوت ئەتەوێت لەپیاوەتم كەم بكەیتەوە!

تەنیا كەسێك لەخێزانەكەدا  كە جۆرێك لەسۆز وبەزەیی بۆ زارا ھەبوو ئاسۆی برای ئاكۆ بوو ..

ئەم سۆزو بەزەییەش بەتێپەربوونی كات پەیوەندیەكی خۆشەویستی لێدەكەوێتەوە، تا دەگاتە ئەوەی زارا دووگیان ببێت لە ئاسۆو بەیەك سكك دوو كوری لێی ببێت.

ئیدی ھەڵسوكەوتی خێزانەكە لە گەڵ زارادا بەتەواوی گۆڕا بەرەو باشبوون.

بەڵام لەترسی ئاشكرابوونی ئەو پەیوەندیە زاراو ئاسۆ بڕیاردەدەن كوردستان بەجێ بھێڵن و رووبكەنە هەندەران بۆئەوەی رووداوەكە ئاشكرانەبێت.

وەلێ بەرلەوەی پلانەكە جێبەجێ بكەن بەهۆی تێكچونی باری تەندروستی ئاكۆوە، ئەو ڕۆژەی سەردانی پزیشك دەكات و چەند پشكنینێك ئەنجامدەدات ئاكۆ ئاگادار ئەكرێتەوە كە نەزۆكە.

لێرەوە ئیتر ئاكۆ بەدوای سەرەداوێكدا دەگەڕێت تا بزانێ زارا چۆن توانیوێتی ببێ بەدایك.

گومان لەناخی ئاكۆ ئەخوات تائەو شەوەی درەنگانێك گەڕایەوە ماڵەوەو زاراو ئاسۆی پێكەوە لەسەر جێگەی خەوتن بینی!

سەرەڕای ئەوەی بەچەقۆوە پەلاماریان دەدات بەڵام ناھێڵن ئاكۆ ھیچ تاوانێك بكات، ئەوشەوە ئاسۆ ھەڵدێت، بەبێ زارا دەگاتە یەكێك لە وڵاتە ئەوروپیەكان، زاراش دەستگیر دەكرێت و ماوەی چەند ساڵێك حوكمی زیندانیكردنی بەسەردا دەدرێت.


شار پرێس 

AM:05:46:06/12/2018