توانا ئەحمەد خەیات
گەندەڵی چییە؟




توانا ئەحمەد خەیات

گەندەڵی کە لەزمانی ئینگلیزیدا پێی دەوترێت (Corruption) بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لەهەڵسوکەوتێکی ناڕاستگۆیانە یاخود چالاکییەکی تاوانکارییانە، لەلایەن ئەو کەس‌و دەزگاو دامەزراوانەوە ئەنجام ئەدرێت کە متامانەیان پێدراوەو دەسەڵات‌و پلەو پۆستیان هەیە.

هەروەها لەلایەن ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتییەوە بەشێوازێکی سادەتر پێناسەی گەندەڵی کراوە کە بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی متمانە پێدراو لە پێناو بەدەست هێنانی دەسکەوتی کەسی….
گەندەڵی چەندین چالاکی جۆراو جۆر ئەگرێتەوە لەوانە( بەرتیل ، دزی کردن لە ماڵی گشتی )، بەپێێ بڕی ئەو پارەیەی کە دەزرێت یاخود بە پێی ئەو سێکتەرەی کە تێیدا ڕوودەدات گەندەڵی پۆلێن ئەکرێت بۆ: 
# گەندەڵی گەورە ( Grand Corruption )
# گەندەڵی بچووک (Corruption Petty ) 
# گەندەڵی سیاسی ( Political Corruption)

بابزانین گەندەڵی گەوەرە مانای چییە: گەندەڵی گەورە بریتییە لەخراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی باڵا (واتە لەئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیدا) بۆ بەدەستخستنی دەسکەوت بۆ کەمینەیەک لەسەر حسابی زۆرینە، ئەم جۆرە لە گەندەڵی بەشێوەیەکی بەربڵاو زیان بە تاکەکان و بەکۆمەڵگەش ئەگەیەنێت.

گەندەڵی بچوک: بریتییە له‌خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن فەرمانبەرانی حکومییەوە بەشێوەیەکی ڕۆژانە لەکاتی بەریەککەوتنیان لەگەڵ هاووڵاتی ئاسایی ، بۆ بەدەست هێنانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک تەندروستی‌و خوێندن و ئاو وکارەبا لەگەڵ بەدەستهێنانی پێداویستتیە سەرەکییەکانی ژیان. 
گەندەڵی سیاسی: بریتییە لە دەستکاریکردن و یاریکردن بە ڕێنمای و یاسا و دامەزراوە دەستورییەکان لە لایەن ئەو بڕیار بەدەستە سیاسیانەی کە بەخراپی سود لە پێگەی خۆیان وەرئەگرن، بۆ پاراستن و هێشتنەوەی دەسەڵات و سەروەت وسامانیان.

کارێکی زۆر سروشتییە کە بیر لەهەڵبژاردن بکرێتەوە کاتێک باس لەگەندەڵی سیاسی ئەکەین. بەمەبەستی ئاڵ‌و گۆڕ کردنی دەسەڵاتداران لە پێگەو پۆستەکانیان، وەک ڕێکارێک بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سیاسی.
بەڵام لەو ووڵاتانەی کە خاوەن دامەزراوەو دەزگای یاسایی‌و دیموکراتی نین دەرکەوتووە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ ناکاتە سەر کەمکردنەوەی ئاستی گەندەڵی تێیدا.

بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان‌و لەوڵاتی عێڕاقیشدا هەرسێ جۆرە گەندەڵییەکە بونی هەیەو چەندان شێوازی تریش هەن کە هەوڵ دان بۆ بنبڕکردنیان کارێکی ئەستەمە. ئەمساڵیش لەڕێزبەندی ووڵاتە گەندەڵەکان لەسەر ئاستی جیهان عێراق لەپلەی حەوتەمدایە لەدوای هەر یەک لەوڵاتەکانی سۆماڵ، باشوری سودان، سوریا، ئەفغانستان، یەمەن، کۆریای باکور…..


ئاوێنه‌ 

AM:01:37:17/12/2018