عەبدولمەھدی، تەنیا سەیری فۆکس نیوز- ی بکردایە
لوقمان غه‌فور

ئەگەر رۆژی ٢٨ نۆڤەمبەرعادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەرکی بکێشایە و کۆنترۆڵی تەلەفیزیۆنەکەی بگرتایە بەدەستییەوە و سەیرێکی کەناڵی فۆکس نیوزی بکردایە کاتێک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەردانی بنکەی ھێزی ئاسمانی باگرامی لە ئەفگانستان کرد و وتاری خوێندەوە، دواتر لەوەش وردبوایەتەوە لە پشتی ترەمپەوە کێ وەستاوە، زۆر شت تێدەگەیشت.


بەڵام عەبدولمەھدی لە یەکەمین رۆژییەوە تێنەگەیشت، ئەو شتێک تێگەیشتبوو کە دەستێکی لە ‌ناو دەستی ئێراندا بێت و دەستەکەی تری بەتاڵ بێت، کە ئەمە لای ئەمریکا قبوڵ کراو نییە، چەند تەکنۆکراتیش بێت. 


ئەمریکا کێشەی نییە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و کاربەدەستانی تر چەند گەندەڵن، ئەو ئەیەوێت گەندەڵ بن تا رۆژێک بەو ھۆیەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات،، بۆ ئەمریکا گوێڕایەڵی گرنگە، ئەگینا ئەگەر باس لە گەندەڵی بکەین لە مێژووی عیراقدا سەرۆک وەزیرانێک نییە بەقەد نوری مالکی گەندەڵی کردبێت. بڕوانە! نوری مالکی لەدیسێمبەری ٢٠١٢، بێدەنگی ھەڵدەبژێرێت کاتێک ھێزەکانی کۆماندۆ ھەڵدەکوتنە سەر ئۆردوگای عەبدولعەزیز حەکیم و تەفروتونای دەکەن کە ئامانجەکەش دەستگیرکردنی جەنەراڵ موحسین شیرازی سەرۆکی ئۆپەراسیۆنی قودس بوو. سەرکردەیەکی سەربازی عیراقی بە ئاینکریج دەیلی نیوز دەڵێت:"ھەموو تووشی شۆک بووین، ھێزەکانی سەر بەئیران ھەموو وڕبوون بەو ھێرشە. کۆشتارگەلێکی بێوێنەمان لێکرا، پێشێلکارییەکی بێوێنە بوو، بێئەوەی نوری مالکی ھیچ بڵێت!"  


یاخود پێتان سەیر نەبێت! لە ٢٨ئۆگۆستی ٢٠١٩راپۆرتێکم خوێندەوە لە رۆژنامەی زە دیترۆیت، نوری مالکی گەندەلی لە ھێنانی ٢٥٠٠ میداڵی رێزلێنانی سوپا کردووە کە بایی ٦٢ ھەزار دۆلار بووە، ھەوڵیداوە خراپترین جۆری کوالێتی ھاوردەبکرێت. جگە لە دەیان گەندەڵی تری سەفەقاتی چەککڕین کە پڕن لە گەندەڵی. 


ھەرچەندە بە دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەھدی ھیچ گۆڕانێکی گەورە دروستناکات لە ڕووی بنبڕکردنی گەندەڵییەوە، بەڵام ئەمریکا ئامانجەکەی ئەپێکێت کە ئەو پشتگوێخستنەی ئەمریکا لەلایەن عەبدولمەھدییەوە باجەکەی لە ‌کارخستنی ئەو بوو، پێشموانییە خۆپیشاندان کۆتایی بێت، چونکە ھەر دوای دەستلەکارکێشانەوەکەش ستارت ترابیون ھەواڵێکی بڵاوکردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە باڵێوزخانەی ئەمریکا لە عیراق کردووە، دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەھدی- ش بەردەوام بن لە پشتگیریی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران.


لێرەدا دەمەوێت لەخوارەوە کەمێک تیشک بخەمە سەر ئەو کاری پشتگوێخستنە، کاتێک لەکریسمسی ٢٠١٩ سەرۆک ترەمپ بەنھێنی گەیشتە عێراق بۆ لای سەربازەکانی لە سەربازگەی عەین ئەلئەسەد لە ئەنبار، داوای لە عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیران کرد، بێت بۆ عەین ئەلئەسەد و چاوی پێ بکەوێت، کەچی رەتیکردەوە و وتی: بەغدا پایتەختە نەک عەین ئەلئەسەد. جا خۆ ئەگەر وردبینەوە کاتێک ٢٨ ی نۆڤێمبەر سەردانی بنکەی ھێزی ئاسمانی باگرامی کرد لە ئەفگانستان بە ھەمان شێوە داوای لە ئەشرەف غەنی ئەحمەدزی سەرۆکی ئەفگانستان کرد سەردانی بنکەکە بکات تا چاوی پێبکەوێت. ئەشرەف نەک تەنیا چوو بۆ چاوپێکەوتنەکە، بەڵکو لە ‌کاتی وتارەکەیدا لەپشت ترەمپەوە لەگەڵ سەربازەکانی ئەمریکا راوەستابوو، دواتریش پێکەوە کۆبوونەوەیەکیان کرد لە ھەمان شوێن. 


ئەم رەتکردنەوەی عەبدولمەھدی بۆ ترەمپ قورس بوو بۆیە ترەمپ کە گەڕایەوە بە جورێکی تر گوزارشتی کرد وتی: عێراق ئارام نییە، بەدەیان تریلیۆن سەرفکراوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیش بۆ چەند رۆژێ دواتر کاتێک لە سارا سندیز وتەبێژی پێشووی کۆشکی سپییان پرسی، ھەڵوێستی سەرۆک چی بوو کاتێک سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی نەکرد؟ ئەو وتی: "کارێکی باشی نەکرد، پێگەکەی لاواز دەکات".
من لە ئەمریکا ئەژیم، ھەڵسوکەوتم لەگەڵ زۆر ئەمریکی کردووە، کاتێک رەفتار و ھەڵسوکەوتێک ئەکەیت و بەدڵی نابێت، لەوکاتەدا بەو پەڕی رێزەوە مامەڵەت لەگەڵ دەکات، بەڵام دواتر لە فرسەتێکدا تۆڵەی ھەموویت لێدەکاتەوە.


سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر کە خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد و تا ٨ی ئۆکتۆبەر بەردەوام بوو لە یەکەم ھوتافیاندا خۆپیشاندەران داوای ھاوکاری ئەمریکایان کرد و ئاڵای ئێرانیان سووتاند، پەیامەکە روونبوو، جا یان شیعە گێلە تێناگات یان دەیانویست واینیشانبدەن ناڕەزایی جەماوەرە وادەکات کە عەبدولمەھدی دەست لە ‌کاربکێشێتەوە.


ھەفتەکانی پێشووش لە ‌دوای دزەپێکردنی بەشێک لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی نھێنی ھەواڵگری ئێران کە دەست ماڵپەڕی زە ئینتەرسێپت کەوتن کە ھاوکات بە ھاوبەشی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویان کردەوە و تێیدا فۆکس خرابووە سەر عەبدولمەھدی کە بە سیخوری ئێران و گەندەڵییەوە لکاوە، ئەو کات من لە سەرەقەڵەمێکدا وتم، بەم راپۆرتە عەبدولمەھدی لە نەخشەی کارەکانی ئەمریکا، کۆتایی ھات،چونکە لە ئەمریکا بۆئەوەی لە سیاسییەک بدەن رۆژنامە ئەکەن بە رێگەی لیدان و سوککردن و تەنانەت تا ئاستی لێپێچینەوە، لە ئێستادا سەرۆک دۆناڵد ترەمپ خۆی گیرۆدەی دەستی رۆژنامەو میدیایە. 


راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، پەیامێکی تر بوو درا بە عادل عەبدولمەھدی. کەچی بەپێچەوانەوە تا دەھات لە ئێران نزیکتر ئەکەوتەوە بۆ ئەوەی بیھێڵێتەوە و ئیرانیش زۆر ھەوڵیدا بەڵام شکستی ھێنا، بەدوای ئەم پەیامانەدا دوا فرسەت و تاقیکردنەوە خرایە بەردەم عەبدولمەھدی، فرسەتی سەردانەکەی مایک پینس بۆ عیراق، کاتێک مایک پینس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سەردانی بنکەی ئاسمانی و سەربازگەی عەین ئەلئەسەدی کرد لەعیراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولمەھدی ئەنجامدابوو، راستییەکەی کاتێک راپۆرتێکم لە سەر سەردانەکە کرد باسی زۆر نھێنی سەردانەکەم کرد، بەڵام رستەیەک ھەبوو کە باسم نەکرد، ئەوەبوو کە رادیۆی ئێن پی ئاری ئەمریکی لە ‌زاری سەرچاوەیەک لە سەربازگەکەوە وەریگرتبوو کە مایک پینس داوای لە عەبدولمەھدی کردبوو کە سەردانی سەربازگەکە بکات و چاوی پێبکەوێت، بەڵام عەبدولمەھدی رەتیکردبۆوە.


عەبدولمەھدی ساڵێکی رەشی تێپەڕاند لەگەڵ ئەمریکا، لە٢٠١٩دا پێنج فلتەی خراپی کرد: بێلایەن نەبوون لە دژی سزاکانی ئەمریکا لە ‌سەر ئێران لە ‌ماوەی چەند مانگی رابردوو، سەردانی نەکردنی سەرۆک ترەمپ لە عەین ئەلەئەسەد لە ‌کریسمسی ٢٠١٩، رەتکردنەوەی سوپای ئەمریکا کاتێک سوپاکەی لە ‌سوریاوە کشاندەوە ناو عیراق و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مایک ئیسپری ی وەزیری بەرگری لە ٢٣ی ئۆکتۆبەر کە بە ‌تورەیی مەھدی جێھێشتبوو، سەردانیکردنی چین و کۆمەڵێک رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە لەکاتێکدا چین و ئەمریکا لە گەورەترین شەری بازرگانیدا بوون، دواھەمینیش، ئامادەنەبوون بۆ بینینی مایک پینسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنبار، ھەر بۆیە ئەمڕۆ ٢٩ نۆڤێمبەر لە دوای نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی عەبدولمەھدی، وتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی عەبدولمەھدی کرد و بەھەنگاوێکی ژیرانەی وەسفکرد.




NRT
AM:03:56:04/12/2019