دیدی من ناته‌واوه‌ یان رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی!
لوقمان غه‌فور

بۆچی رۆژ به‌ڕۆژ دیدی من خراپ ده‌بێت به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، نازانم كه‌موكورتییه‌كه‌ له‌مندایه‌ یان له‌ میدیای كوردیدا. له‌كاتێكدا كاتێك من له‌ رۆژنامه‌دا كارمده‌كرد ته‌نانه‌ت ئامێرێكی وه‌ك مۆبایل-یش نه‌بوو بۆ په‌یوه‌ندی، كه‌چی ئێستا ته‌كنۆلۆژیا هێنده‌ پێشكه‌وتووه‌، رۆژنامه‌نووسی به‌ سه‌لیقه‌ و به‌توانا ئه‌توانێت داهێنانی بێوێنه‌ له‌دنیای میدیادا بكات.


ده‌مه‌وێت پێنج دیارده‌ی خراپی دنیای میدیای كوردی بگوازمه‌وه‌ له‌و ده‌یان دیارده‌یه‌ی كه‌ ئێستا له‌مێشكمدایه‌:


دیارده‌ی یه‌كه‌م: ساڵی 2004 كاتێك به‌رپرسیارێتی به‌شی ریپۆرتاژی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ -م گرته‌ده‌ست، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانم كه‌ له‌به‌شه‌كه‌دا كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كردم، به‌وه‌ نیگه‌رانیان ده‌كردم، پشتیان ئه‌به‌ست به‌ ته‌له‌فۆن بۆ لێدوان وه‌رگرتن. منیش به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌وه‌ راموابوو ئه‌بێت رۆژنامه‌نووس بچێته‌ ناو چاوی ئه‌و كه‌سه‌وه‌ بۆ لێدوان وه‌رگرتن. له‌به‌رده‌میدا هه‌ر چوارپه‌لی بجوڵێنێت. به‌ زمانی جه‌سته‌ هه‌یمه‌نه‌ی رۆژنامه‌كه‌یی و كاریگه‌ری هێزی خۆی ده‌رخات. به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ قاچ بخاته‌ سه‌ر قاچ و له‌ چه‌ند چركه‌یه‌كدا به‌توندی گفتۆگۆ بكات. ئێستا به‌داخه‌وه‌ نه‌ك ئه‌م دیده‌ی من شكستی هێناوه‌، به‌ڵكو رۆژنامه‌نووسی كوردی ئاماده‌نییه‌ به‌ ته‌له‌فۆنیش لێدوان وه‌رگرێت، به‌ڵكو په‌نا بۆ كاری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ ده‌بات كه‌ له‌ دیارده‌ی دووه‌مدا ده‌یخه‌مه‌ڕوو.


دیارده‌ی دووه‌م: دیارده‌یه‌كی زۆر خراپ و بێكه‌ڵك، عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌، پله‌یجه‌رزمێكی بێتام و خراپ. كه‌ ته‌نیا له‌ میدیای كوردیدا ئه‌م دیاره‌یه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش دزین و كۆپیكردنی هه‌واڵی یه‌كتر. دیقه‌ت بده‌ رۆژی 6ی دیسێمبه‌ر هه‌واڵێك بڵاوبۆوه‌ له‌سه‌ر سزادانی چوار به‌رپرسی عیراقی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكاوه‌. هه‌رچی سایتی كوردی بوو هه‌مان زانیاری بڵاوكرده‌وه‌، بێئه‌وه‌ی هیچی زیاده‌ده‌ت ده‌ستكه‌وێت. هیچ كه‌ناڵێكیان ئه‌وه‌نده‌ ئه‌ركی نه‌كێشابوو بچێته‌ سه‌ر پێگه‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا و ورده‌كاری هه‌واڵه‌كه‌ وه‌رگرێت كه‌ پڕ بوو له‌زانیاری نه‌وتراو له‌میدیای كوردیدا.


دیارده‌ی سێیه‌م: هه‌ڵه‌بڕی و داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ. هه‌واڵ بۆ خه‌ڵكه‌ ئه‌بێت به‌ زمانی خه‌ڵك بنوسرێت. هه‌رچی وتاره‌كه‌ نووسه‌ره‌كان ئه‌توانن ته‌كنیك و وشه‌سازی و جوانكاریی تێدا بكه‌ن و یاری به‌و وشه‌ بكه‌ن. به‌ڵام بۆ هه‌واڵ ئه‌بێت به‌زمانێك بێت كابرایه‌كی نانه‌وا له‌نێو دوكانه‌كه‌یدا كه‌ ده‌ستی به‌تاڵ بوو سه‌ردانی هه‌واڵی سایتێكی كرد له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌كی زانكۆ وه‌ك یه‌ك تێبگه‌ن. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك داڕشتنه‌وه‌ ده‌بینیت بیرت ئه‌چێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ زمانی كوردییه‌.


دیارده‌ی چواره‌م: نه‌وه‌یه‌ك په‌یدا بووه‌، رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ره‌كانی سه‌رده‌می رابردوو ناناسێت. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ نه‌ك چاوی به‌ میدیادا نه‌خشاندووه‌، به‌ڵكو رێكه‌وت هێناویه‌تییه‌ ناو میدیای كوردی یان به‌رپرسێك كۆمه‌ڵێك پاره‌ی خستۆته‌ به‌رده‌ست بۆ لێدان له‌ به‌رپرسه‌ هاورێ و هاونیشتمانییه‌كه‌ی ته‌نیشتی. ماكینه‌یه‌كی میدیای بۆ گڕ داوه‌ ته‌نیا بۆ جنێو و سوكایه‌تی، ئیتر بێئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بناسێت و ئاشنابێت به‌و ناوانه‌ی كه‌ به‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌ بواره‌كه‌ كارده‌كه‌ن.


پێنجه‌م: سووككرگرتنی قه‌ڵه‌م. یه‌كێك له‌ دیارده‌ خراپ و ترسناكانه‌ی به‌رۆكی میدیای كوردی گرتووه‌، بێنرخكردن و بێ به‌هاكردنی نووسینه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ نموونه‌یه‌ك باس ده‌كه‌م، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا زووه‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌م بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌م بخه‌مه‌گه‌ڕ، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌ میدیای كوردی ئه‌هاڕم. مانگی سێبتێمبه‌ر كه‌ناڵێكی میدیایی داوای دوو راپۆرتی كرد له‌سه‌ر 11ی سێپتێمبه‌ر. منیش بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرته‌كان شتێك بێت كه‌ گوێگری كورد ئاشنا بێت به‌ زانیاری نوێ. جگه‌ له‌ خواستنی دوو كتێب، زیاد له‌ 10 وتار و فیلمی دیكۆمێنتاریم خوێنده‌وه‌ و سه‌یركرد له‌سه‌ر 11ی سێپتێمبه‌ر. دوو راپۆرتم كرد كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان 2000 وشه‌ بوو. بوار نه‌بوو مه‌سه‌له‌ی پاداشتی راپۆرته‌كان باس بكه‌م. دوای سێ مانگ كه‌ هێشتا پاداشته‌كه‌م ده‌ستگیر نه‌بووه‌ له‌م رۆژانه‌دا سه‌ره‌داوێكی پاداشته‌كانم ده‌ستگیر بوو. كاكی رۆژنامه‌نووس پێیوتم راپۆرتی 25 هه‌زار دینارمان بۆ حساب كردوویت. جارێ بێده‌نگیم له‌ پاداشته‌كه‌كرد! وتم: با فرسه‌تی بیركردنه‌وه‌ی زیاتر بده‌م به‌و براده‌ره‌. نایشارمه‌وه‌ یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ خراپه‌كانی من ئارامی و دانبه‌خۆداگرتنی زۆره‌، به‌ڵام كه‌ كلپه‌ی توڕه‌یم به‌رزبۆوه‌، هه‌موو شتێك ئه‌سڕمه‌وه‌. بۆیه‌ له‌دڵی خۆمدا وتم، ئارام بگره‌! میدیاكاری كورد هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ عه‌قڵی به‌دنیا و نووسین ئه‌شكێت.
AM:02:44:09/12/2019