سۆشیال میدیا، سه‌رزه‌مینی دۆنكیشۆته‌كان
ته‌رزه‌ جاف
یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ جنێوفرۆشه‌ ناسراوه‌كانی سۆشیال میدیا كه‌ له ‌ئه‌ورووپا ده‌ژیت له‌ ناكاو ده‌كه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر كوردێك و ئه‌ویش به‌كامێراوه‌ لێی ده‌پرسێت:

- تۆ بۆ هه‌میشه‌ جنێو به‌خه‌ڵكی شاری (...) ده‌ده‌یت؟

ئه‌ویش به‌ده‌م نێرگه‌له‌كێشانه‌وه، ‌له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:

- (برام ئه‌گه‌ر جنێو نه‌ده‌م، كه‌س گوێم لێناگرێت)!

سۆشیال میدیا پانتاییه‌كی فراوانه‌ و به ‌ئاسانی هه‌موو كه‌سێك به ‌باش و به‌خراپیه‌وه‌، ده‌توانێت په‌یامه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێت و‌ ئێستا بووه‌ته‌ سه‌ر زه‌مینێكی ته‌واو گونجاو ‌بۆ په‌یدابوونی دۆنكیشۆته‌كان.

ژماره‌یه‌كی زۆر ‌فه‌یسبووكچی و لایڤچی و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئینستاگرام و سناپچات، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ‌به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ده‌یانه‌وێت بناسرێن و به ‌دوای فۆڵۆوه‌ردا ده‌گه‌ڕێن، یان له ‌بارێكی ده‌روونیی ناته‌واو دان، یان بێ ئیشی و ته‌نیایی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوون، یاخود هۆكاری دیكه‌ پاڵیان پێوه ‌ده‌نێت.

وه‌رگر، یاخود فۆڵۆوه‌ر، له‌ ‌بوون و زیادبوونی ئه‌م كه‌سایه‌تییه ‌جنێوفرۆش و ده‌نگ ناخۆشانه‌ی  كه ‌له ‌سه‌ره‌تادا وه‌ك حاڵه‌ت له‌م لا و ئه‌و لا، ده‌رده‌كه‌وتن و ئێستا بووه‌ته ‌دیارده‌یه‌كی زه‌ق، بێ گوناح نین.

سه‌ره‌تا فۆڵۆوه‌ره‌كان پێده‌كه‌نن، وه‌ك قه‌شمه‌رجاڕییه‌ك ده‌چنه ‌ناو لایڤی جنێو به‌خشینه‌وه‌ و ناوزڕاندن، ده‌بن به‌ گوێگری ده‌نگه ‌نه ‌شازه‌كان و ورده ‌ورده‌ ده‌بن به‌ فۆڵۆوه‌ر، یان ڤیووه‌ری لایڤچییه‌كه، ‌یان گۆرانیبێژه‌كه، ‌یان كابرای هه‌زه‌لی، ئیتر به ‌ئاگا یان بێ ئاگا، له‌ فۆڵۆوه‌ره‌وه ‌ده‌بن به‌هه‌وادار.

ئه‌م دۆخه‌ دووسه‌ره‌یه‌، ده‌وروبه‌رمان پڕده‌كات له‌ دۆنكیشۆته‌كان و فۆڵۆوه‌ره‌كان، باوه‌ڕ به ‌(ئه‌لۆنسۆ) ده‌هێنن كه ‌ئه‌سپه ‌ده‌رده‌ داره‌ له‌ڕه‌كه‌ی، باشترین ئه‌سپی دونیایه‌ و چه‌كه ‌چرووكه‌كه‌ی لێده‌كه‌نه‌ چه‌كی راسته‌قینه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یبینینن گه‌عده‌ی تایبه‌ت بۆ دۆنكیشۆته‌كان رێكده‌خه‌ن، ده‌یان كه‌س پێشوازیی لێده‌كه‌ن. كابرایش ئه‌گه‌ر خۆی لێ ببێته ‌ئیمپراتۆر و پاشا و باوكی هونه‌ری كوردی، حه‌قی خۆیه‌تی.

بۆیه‌ جنێفرۆشه لایڤچییه‌كان ته‌واو باوه‌ڕ به‌وه‌ ده‌هێنن، كه ‌ئه‌وان ده‌رمانی ده‌رده ‌كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانن. به‌ ژماره‌ی فۆڵۆوه‌ره‌كانیان ئیتر خۆیان لێده‌بێته ‌ئۆشۆ و دیبۆڤوار و سارته‌ر، خۆیان ده‌كه‌ن به‌ ده‌مڕاستی مافی ژنان و منداڵان و رۆشنبیران.

 ئه‌وانه‌ی پێكه‌نینیان به ‌عه‌قڵی دۆنكیشۆته‌كان  دێت، ژماره‌یان ده‌گاته ‌ده‌یان هه‌زار و دۆنكیشۆتیش ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ به ‌هه‌واداری خۆی هه‌ژمار بكات، مافی خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه ‌ئه‌وه‌یه‌، ‌ئه‌م گاڵته‌جاڕییه،‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، ‌سه‌ره‌تا لایڤچییه‌ نه‌خۆشه ‌ده‌روون ‌گوناحه‌كه ‌و كابرای ده‌نگ نه‌شاز، ده‌بنه ‌قوربانی، دواتریش كه‌سانێك كه‌ دوای قه‌ره‌باڵغیه‌كه‌ ده‌كه‌ون.

 له‌وانه‌ش خراپتر و مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه، ‌كه‌سانی جددی و شاره‌زا و هونه‌رمه‌ند و رۆشنبیرانی راسته‌قینه، ‌بێده‌نگ ده‌بن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له‌ ده‌می پیسی ئه‌م ده‌نگبه‌رزانه‌ بپارێزن.

وه‌ك ده‌بینین ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌كانی تیڤیش روو ده‌كه‌نه ‌قه‌ره‌باڵغیی ناو سۆشیال میدیا و كه‌متر خۆیان له‌ قه‌ره‌ی‌ پرسه ‌جددییه‌كان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ك كه‌ناڵه جددییەکانیش پشت ده‌كه‌نه‌ هونه‌ر و رۆشنبیرانی راستەقینە و به ‌دڵی فۆڵۆوه‌ره‌كان، ئه‌وانیش توانا وئیمكانیاتیان ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی دۆنكیشۆته‌كان و به‌رنامه‌كانیان پڕ ده‌كه‌ن له‌ باسی تاتوو و سیلیكۆن و ناووناتۆره‌ و به‌ندی هه‌رزان.


K24

AM:07:34:14/01/2019