بەرەو نەریتی نوێ‌ لە رۆژنامەگەریی كوردیدا
سیروان رەشید
ئەمڕۆ یەكەم ژمارەی رۆژنامەی "زەمەن"مان خستە بازاڕەوە.
دەرچوونی ئەم رۆژنامەیە لە زەمەن و سەردەمێكدایە، كە میدیای كوردی بە هەر چوار بوارەكەیەوە (نوسراو، بینراو، بیستراو، ئەلكترۆنی‌) لەوپەڕی زۆری و بۆری دایە، كە هیوادارین ئێمە ئیزافەو پەنجەرەیەكی نوێ‌ بین بە ڕووی نیشاندان و بڵاوكردنەوەی زانیاری دروستدا.

هەڵبەت، متمانەی تەواوەتیشمان بەخۆمانە، كە بە نیەت و ئیرادەیەكەوە دەستمان پێكردووە، جیاواز بین.
بێگومان ئێمە ناتوانین موعجیزە بخولقێنین! بەڵام پلانمان داناوە، كە خاوەنی تایبەتمەندی بین، لەو جەنجاڵییەی ئەمڕۆی میدیای كوردی پێیدا گوزەر دەكات.

سیمای جیاوازی بوونیشمان بریتی دەبێت لە داهێنانی نەریتێكی نوێ‌ لە رۆژنامەگەریی كوردیدا. ئەم مۆدێل و پارادایمەش، لە بەرجەستەكردنی چەمكی "رۆژنامەگەریی زانیاری،Data journalism " خۆی دەبینێتەوە، بەمانای بارگاوی بوونی تەواوەتی بەرهەمە رۆژنامەوانیەكانمان بە (داتا، زانیاری، ژمارە). ئەمە ستراتیژی ئیشكردنی رۆژنامەوانی "زەمەن" دەبێت. 

راستە دەرچوونی ئەم رۆژنامە نوێیە، رەنگە وەڵامی دەرخستنی هەموو پێویستیەكان نەداتەوە، بەڵام هەنگاوێك دەبێت لەسەر رێگای تێگەیشتن لە واقیعی حاڵی ئەمڕۆی دۆخی حكومڕانی و كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان.

ئێمە لافی ئەوە لێنادەین كە دەرەقەتی هەموو ئەركە قورسەكان دەبینەوە!، بەڵام بە دڵنیایی دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە ڕوونكردنەوەی بەرچاوی خوێنەرانمان.

"زەمەن" خاوەنی هەڵوێستێكی رەخنەیی دەبێت بەرامبەر كۆی ئەو شەخس و دەستەو گروپ و هێزە سیاسیانەی كاریگەرییان بەسەر كۆمەڵگەكەمانەوە هەیە. ئەمە جگە لەوەی ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەكی سەر راست و دروستی پێدانی هەواڵ و زانیاری باوەڕپێكراو.

رۆژنامە، دواجار ئاوێنەیەكی ئەخلاقیە، كە كۆمەڵگاو رۆشنبیرەكانیشی تێیدا مەودایی بوێری خۆیان تاقیبكەنەوە.

ئێمە بایی ئەوەندە ئازا دەبین كە قسە لە هەندێك دیاردە بكەین. بەڵام چەند گرنگە رۆژنامەیەكی ئازامان هەبێت، هێندەش گرنگە كۆمەڵگایەكمان هەبێت، ئەو كێشەو مەسەلەو گرفتانە وەك كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و گشتی تەماشا بكات.

بەكورتی و بەكوردی" زەمەن" دەیەوێت رۆڵێك بگێڕێ‌ لە گەشەپێدان و پێشخستنی ئەو پەراوێزە دیموكراسی و ئازادییە رۆژنامەوانیەی لە هەرێمدا هەیە.

بەو هیوایەین ئەم رۆژنامەیە ببێتە جێگای متمانەو باوەڕی خەڵك و لەگەڵ هەست و ویژدانیاندا بژی و، جێگای دیالۆگی عەقڵ و مەعریفە بێت و، خوێندەوارانی گەلەكەمان لەسەر لاپەڕەكانی تاوتوێی بۆچوونەكانیان بكەن.

ناوی رۆژنامەكەشمان "زەمەن"، ناوێكی تەواو كوردییە و بەدوو مانا راڤە دەكرێ‌؛ یەكەم: بەپێی فەرهەنگە بەناوبانگەكانی زمانی كوردی؛ فەرهەنگی (خاڵ)ی شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی (هەنبانە بۆرینە)ی هەژار، فەرهەنگی (كوردستان)ی گیوی موكریانی، بەواتای شوێنێك دێت، كە چڕی گیاو سەوزایی تێدایە. دووەم: بە زمانی باوی ئاخاوتنی رۆژانەی خۆشمان زەمەن وەك ئاماژەدان بە؛ (سەردەم، كات، چەرخ، قۆناغ) بەكاردێ‌. خوێنەرانی بەڕێزیش سەرپشكن بە هەر كام لەم دوو گوزارشتە لێمان قبوڵبكەن.

AM:06:20:15/01/2019