مرۆڤ به گریانه‌وه دێته ژیان وسه‌رزه‌وی، كه تێر گریا ئه‌وجا له‌ژێر خاك به هه‌میشه‌یی لێ ی ده‌كه‌وی، مردن درۆناكات، بۆ ژێرخاكت ده‌بات، ڕاستی وه‌ك هه‌نگ وایه، ده‌روونی هه‌نگوینی تێدایه، چزووشی هه‌یه ژه‌هره، تاڵی وشیرینی ئاوێته‌ی ژیان و ده‌هره، مرۆڤ تێكه‌ڵاوی زه‌رده‌خه‌نه وفرمێسكه، پێكهاته‌ی خوێن وده‌مار وگۆشت وهێسكه، كه‌س له نهێنی مه‌رگ وژیان ناگات، مرۆڤ خۆراكی خاكه وخۆراكی خاكیش ده‌خوات، گوڵی گه‌شی له‌ش، له‌گه‌ڵا گڵا ده‌بێته هاوبه‌ش، جا هیدی شاعیر ڕاستیه‌ك ده‌رده‌خا:
عاقیبه‌ت ده‌ڕزێ له‌شم هه‌رچه‌ند به‌نازی گه‌وره‌كه‌م
خزمه‌تی زگ چه‌ند بكه‌م محتاجی یه‌ك نانم ده‌كا
دۆستی ڕاست وڕاستگۆترین وبه‌رده‌وام ترین هاوڕێ په‌رتووكه، كتێبخانه گوڵدان وگیانی جه‌سته وزاخاوی مێشك وجوان وشێوه بووكه!
به‌تێچێن دێڕه شعرێكی (حه‌مدی) له باروبه‌تامه:
كه‌بێمه سه‌ر سیفاتی بێ نیازی دێته گـــــــــــــــــۆ خامـــــــــه
قه‌ڵه‌م نیم من ده‌ڵێ سه‌فحه، منیش كه‌ی عه‌رشی ره‌حمانم
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم (مامۆستا مسته‌فا) واته شه‌هیدانی قه‌ڵای دمدم و هونه‌ری كورته چیرۆك نوسین وتریفه‌ی وشه ویاد و وه‌فا، له ئاسمانی نوسین باران وتیشك بوو، كه‌چی باخێك له وشه وشك بوو، له باخی پیره‌مێرد وگۆران وژین باخه‌وان بوو، وه‌رگێڕ وچیرۆك نووس وڕه‌خنه‌گر وڕۆژنامه‌وان بوو!
له‌ساڵی 1957 له ڕۆژنامه‌ی ژین وه‌ك خۆبه‌خش، گۆشه‌ی (له‌و هه‌فته‌وه بۆ ئه‌و هه‌فته)ی ده‌كرد په‌خش، شه‌ڕه‌فی یه‌كه‌م گۆشه‌ی نووسی له‌ناو كوردا پێ ده‌بڕێ، له دادگای ویژدان مه‌دالیای پێشڕه‌وی ڕۆژنامه‌نوسی وه‌رده‌گرێ، نیاز وئامانجی له ژیانی، به عه‌شقی نوسین وڕۆژنامه‌وانی، خۆی كردبوو ته‌رخان!
وه‌ك نۆبه‌ره‌ی به‌درخان، شۆره‌تی باش نیشانه‌ی خۆش به‌ختیه، بۆیه له‌عه‌رشی ڕۆژنامه‌نووسی پادشای سه‌ر ته‌ختی یه، له باخی ڕۆژنامه‌وانی، له شاری سلێمانی گوڵی گۆڤاری دا چاندووه، ساڵی 1963 گۆڤاری (رابه‌ر) وساڵی 1970 ده‌نگی مامۆستای ده‌رچواندووه، ساڵی 1971-1974 له سلێمانی بۆته لێپرسراوی ڕۆژنامه‌ی (ته‌ئاخی)، ساڵی 1974 به‌ڕێوه‌به‌ری ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستانی عێراق بووه له شاخی، چه‌ندان جار زیندانی سیاسی و(زڕه‌ی زنجیر) چیرۆكێكی درێژه، خۆڕاگر وتێ كۆشه‌رێكی ماندووی ئازارچێژ وئاره‌ق ڕێژه.
دوورخراوه‌ی سیاسی بووه كه‌وتۆته فه‌لوجه وڕومادی، له‌پێناوی كوردبوون وسیاسه‌ت وكوردایه‌تی وئازادی!
له‌ڕه‌شه‌بای به‌عس ده‌ستی به كڵاوه‌كه‌ی خۆی نه‌گرتووه با نه‌یبا، له ڕومادی ساڵی 1977 به ئاشكرا به نهێنی نا، هاوار ده‌كا (قه‌ڵه‌مه‌كه‌م نافرۆشم، نایفرۆشم نا)!! ئه‌و كاته‌ی سه‌ر سنورییه‌كان ڕاده‌گوێزن وكانیه‌كان ده‌ته‌قێنه‌وه، به كورته چیرۆك به‌هێمای ئاسۆی هیوا ده‌ری بڕیوه (مه‌له‌كان به‌ره‌وه كوێستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه)
هێنده دڵسۆز وئازادیخواز بووه، به‌ربه‌ره‌كانی داگیركه‌رانی كردووه به‌و وشه جوانانه‌وه، ساڵی 1982 نوسیویه‌تی:(سه‌ربه‌ستی له نان و ئاو پێویستره، به‌ڵام كه سه‌ربه‌ستی زه‌وت كرا زۆر كه‌س له‌پێناوی به‌دیهێنانیا ئه‌چنه به‌ندیخانه‌وه)!!
وه‌ستا و دروستكه‌ری قه‌فه‌س، مانای فڕینی بزانیبویایه به‌س، هه‌رگیز قه‌فه‌سی دروست نه‌ده‌كرد، ده‌ستی له‌و پیشه‌یه هه‌ڵده‌گرت!
وشه‌كانی ده‌دره‌وشێنه‌وه وه‌ك تیشكدانه‌وه‌ی به‌ر ئاوێنه، ساڵی 1988 نوسیویه‌تی: گرنگترین كار له بواری ڕۆژنامه‌نوسیدا پاراستنی نهێنی وشه‌ڕه‌فی وشه‌ی خاوێنه، له‌و ڕۆژگاره. گوڵه به‌جێ ماوه‌كانی وه‌ك مه‌لۆیه‌كی جوان ده‌چنێته‌وه، ده‌ڵێ (قه‌ڵه‌می خاوێن وهه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵی پیرۆز هه‌رگیز بیر ناچێته‌وه.
ماركسیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و چه‌پێكی پێشكه‌وتنخواز وله‌به‌ره‌ی گه‌ل بوو، له وتارێك وشه‌ی (كه‌ڵا)ی شی كردۆته‌وه، خۆی له ڕۆژنامه‌نوسی لوتكه وكه‌ڵا بوو!. له ره‌وسه وته‌باره‌ی نوسین به‌گوڵه‌وه‌چنی پاش دروێنه، خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت مه‌لۆیه‌ك گوڵی هه‌ڵگرتۆته‌وه بێ وێنه، گۆشه و وتاری وا جوانی نوسیوه، ده‌ڵێ به‌ر چنه‌یه‌ك گوڵی له شاخ وشۆڕش چنیوه، وه‌ك نوسه‌ری شاخ، هه‌ڵیكردووه به‌یداخ، له شاری نه‌ك له چیا، له شه‌وه زه‌نگ بۆته چرا.
لێكردنه‌وه‌ی په‌ڕه‌په‌ڕه‌كردنی گوڵا سته‌مێكه له سروشت، پێنوس خۆی هیچ نیه خاوه‌ن قه‌ڵه‌می به‌بڕشت، نوسه‌ر ده‌كا به‌شت! شه‌ڕه‌فی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی پاراست ونه‌یفرۆشت، چاوی له تاوانی به‌عس وفاشیسته‌كان نه‌پۆشت! ئاخر ئه‌وێ ڕۆژێ به‌عس هێسكی تێ كۆشه‌رانی ده‌هاڕی و ده‌كڕۆشت، ئه‌و بێ منه‌ت وبێ ترس، له‌زه‌مانی به‌عس، له 11/7/1988 تا 27/7/1989 له ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، گۆشه‌ی (گوڵه‌وه‌چنی) كردۆته دیاری، ته‌ژی له پاكی وهه‌ڵوێست وزانیاری، وشه‌كانی گڕو گولله وگه‌وهه‌ربوون، بابه‌ته‌كانی گۆنیا وگرنگ پڕ هونه‌ر بوون! ساڵی 1989 ناوی (د.كه‌مال فوئاد)ی هێناوه، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ژماره‌كانی ڕۆژنامه‌ی كوردستان ڕه‌نجی زۆری داوه.
هه‌ر ساڵی 1989 وتارێكی ئاڕاسته‌ی ئه‌مینداریه‌تی گشتیه‌كانی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی كردووه، له‌سه‌ر كوردی نه نوسین توانج وڕه‌خنه‌ی گرتووه، بۆ پاكی وجوامێری به‌سن: نوسیویه‌تی! (گه‌لی برایینه به كوردی بنووسن).
په‌رتووك وگۆشه ونوسینه‌كانی ئاماژه وهێمای هه‌ڵوێست وجێ‌ی باسن، به‌زانستی و وردی لێ یان بكۆڵدرێته‌وه ئه‌و جا مسته‌فا ساڵح كه‌ریم ده‌ناسن! ڕا وسه‌رنج وتێبینیه‌كانی وه‌رده‌گیرێن به هه‌ند، ئه‌و گوڵانه‌ی نه‌كه‌وتوونه‌ته به‌رداس ئه‌و هه‌ڵی گرتۆته‌وه به مه‌ودا وره‌هه‌ند! له به‌یاری نوسین ره‌باس بوو، خامه‌كه‌ی داس بوو، له‌داسوو هۆناس بوو، هه‌ر كه‌سانێكی چ حه‌رفان بزانێ (له ئه‌لف وجیم)، ده‌زانێ ڕۆحی چ گه‌وهه‌رێكه، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم! قه‌ڵه‌م به‌بڕشت وبوێر وئه‌رشیفی، دیار وناسراوه بێ ناساندن وسیڤی، له ڕۆژنامه‌ی هاوكاری (52) ستوونی گوڵه‌وه‌چنی چنیوه، پاشان هه‌ر به‌وناونیشانه له 12/12/2012 له كوردستانی نوێ (160) گۆشه‌ی نوسیوه، گۆشه‌ی گوڵه‌وه‌چنی به ناوه‌ڕۆك وكاكڵا، بۆ گوڵدانی كتێبخانه‌ی كوردی كردۆته چه‌پكه گوڵا، وشه وڕسته‌كانی وه‌ك خشت، به ئه‌ندازه‌ی هونه‌ری وئیتیكی ڕۆژنامه‌نوسی داده‌ڕشت! وتار وگۆشه‌كانی، گوزارشته خۆشه‌كانی، بۆچوون وڕونكردنه‌وه وتێبینی وسه‌رنجه‌كانی، دوڕو گه‌وهه‌ری لێ باریوه ده‌ستو په‌نجه‌كانی، نوسینه‌كانی هه‌ناری بوون، ته‌ڕو پڕ‌و پاراو وشیكاری بوون، هه‌نار ده‌نك ده‌نكی، وه‌ك باران لێ دراوی بن په‌لكی، وشه‌ی گه‌شی، كرده بنكه‌شی، له خاڵبه‌ندی وناوڕست وناوپووك، گۆشه‌كه‌ی به‌گوڵ ڕێژی ده‌كرده بووك. وردبینی وچاودێری وهیواو پشتیوان، كردۆته بنه‌ما وپایه بۆ داهێنان، وشه‌ی زێڕین ده‌رگای ئاسن ده‌كاته‌وه، وشه‌ی جوان وقه‌ڵه‌می تیژ ده‌یباته‌وه، زمان ئێسقانی نیه به‌ڵام ئێسقان ده‌شكێنێ!، قه‌ڵه‌م چه‌كێكی كوشنده نیه به‌ڵام عه‌رش ده‌له‌رزێنێ، جوانی ئاسمان به‌خۆر ومانگ وئه‌ستێره‌كانیه‌تی! به‌رزی م.مسته‌فا ساڵح كه‌ریم به قه‌ڵه‌م وبابه‌ته جوانیه‌كانیه‌تی، له ته‌موزی ساڵی 1983، به ناوی (وشه‌یه‌ك) په‌ڕگرافێك ده‌نووسێ، به‌و شێوه‌یه: (به‌ڵام دیاره كه‌سێ، شه‌یدای ووشه‌ی خاوێن بێ وئازاری میلله‌ت كار له په‌ڕه‌ی دڵی بكات هه‌رگیز له كاروانی ووشه‌ی ڕه‌سه‌ن دانابڕێ، بۆیه ناوبه‌ناو له‌گه‌ڵا ژان وئامانجی نه‌ته‌وه‌كه‌مدا كاره‌سات وڕوداو ئه‌یان هه‌ژاندم وئه‌بوونه هۆی له‌دایك بوونی چیرۆكی (ناوبوخچه)
ئاخر ئه‌و وشه وڕستانه رشته‌ی مروارییه‌كه یه‌ك پارچه، حه‌رفی به گه‌وهه‌رێ وپڕ به‌هایه، قه‌ڵه‌م زێڕینه‌كه‌ی مامۆستا مسته‌فا! فه‌رمووده‌ی شێخ ڕه‌زایه!
(حه‌یفه بڕزێ تیغی موجه‌وهه‌ر له غیلافا!
له‌م كه‌لامه شیرینیه‌ی كتێبه‌كانی دووڕو یاقووت ده‌بارێ)
خودا ساكوا له دونیادا قه‌درزانێ خریدارێ!
كه‌م ده‌ستی وپێویستی مرۆڤ ده‌كاته داهێنه‌ر، ئه‌و له ڕۆژنامه‌نوسیی بوه مامۆستا وڕابه‌ر وڕاهێنه‌ر، ئه‌ندێشه‌ی باش هه‌ڵقوڵاوی ڕۆحی پاكه، بۆنی خۆش له گوڵی بۆنخۆش وچاكه، چاوگ وڕه‌گی له دارول موڵكی بابان بوو، هه‌ر هی سلێمانی نه‌بوو، هی هه‌موو كوردستان بوو، به‌رزه پردی په‌یوه‌ندی ڕوناكبیرانی عه‌ره‌بستان بوو، جوان قسه‌ی ده‌كرد، ژیرانه گوێ‌ی ده‌گرت، پاش بیر وژیری زمانی ده‌هاته گۆ، ورد وبه‌هه‌ست، زمانه‌وان دانه‌ده‌ما له گفتوگۆ، بیرگه‌ش وبیرتیژ وبه ئه‌ندێشه ومێشك ڕوون، ڕوداوه ڕابردووه‌كانی وه‌ك خۆی له‌بیر بوون! چی نوسه‌ر وخاوه‌ن به‌هره وسیاسی وكه‌سایه‌تی ناودار هه‌بووبێ، وه‌ك یادو وه‌فا له‌سه‌ری نوسیوه، مه‌گه‌ر چۆن ناوی له‌بیر چووبێ!
چه‌شتی ده‌ردی دووری وبه‌ندی وجه‌وروجه‌فا، قه‌ت باكی نه‌بوو كاكه مسته‌فا، شاد وئاسوده بوو به‌كه‌یف وسه‌فا!
له یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد (ڕێباز و هه‌ڵوێست) بوو، چوارجار سكرتێر وماوه‌یه‌ك سه‌رۆكی لقی سلێمانی به‌ده‌ست بوو، دوو خول جێگری سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان بوو، شاره‌زا له به‌ڕێوه‌بردنی كۆڕی ئه‌ده‌بی فیستفاڵی ڕه‌وشه‌نبیری وپه‌روه‌رده‌یی سه‌رقافڵه‌چی دانوسان بوو .
ئه‌و خاوه‌نی 24 په‌ڕتووكه، نه‌ك گوڵه‌وه‌چنی برنج جار وخه‌رمانی چه‌ڵتووكه، هه‌شت ومشت وپشتی نه‌بوو، ئه‌گینا توانای ئه‌و سروشتی نه‌بوو، سودمه‌ند نه‌بوو، به‌پاره په‌یوه‌ندنه‌بوو، نه‌فس به‌رز وسه‌رفراز، بێ داواكاری وخوازه خواز، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم، به‌مه‌ردی ژیا بۆماڵی دنیا نه‌بوو ته‌سلیم! سیاسه‌ت دڵی نیه وعه‌قڵی هه‌یه، ئه‌و دڵا وعه‌قڵی هه‌بوو، له نه‌مامگه‌ی قه‌ڵه‌م جوانترین شه‌تڵی هه‌بوو، ده‌سكه‌وتی كتێبه‌كانی كرده دیاری بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا، به‌ڵكو بۆ تووشبوانی شێرپه‌نجه ببێ به چاره وده‌وا! كه‌چی بۆ خۆی نه‌بوو به شیفا، به‌و ده‌رده ڕۆیی مامۆستا مسته‌فا! مرۆڤ حه‌زده‌كات بچێته به‌هه‌شت حه‌ز ناكا بمرێ، نایه‌وێ پیر بێ، ته‌مه‌ن مشارێكه به خێرایی گه‌نجیه‌تی ده‌بڕێ.
به‌گژ پیریدا ده‌چوو، به‌و ته‌مه‌نه نه‌ده‌چوو، ته‌مه‌نی هه‌بوو، هی مردن نه‌بوو!، ئێره‌یی یان پێ ده‌برد، چاو وزار كاری تێ كرد، ئه‌گینا به‌زه‌وق وعاشق و گه‌نجانه ودڵته‌ڕبوو، له كۆڕی شه‌ونشینان ومه‌ست وبێ دارانی شه‌و خۆش مه‌حشه‌ر بوو!
به‌گۆرستان ده‌ڵێن ئارامگا چونكه مرۆڤ ماندووی ژیانه به‌ڕاكه‌ڕاك! كه ده‌مرێ، ئارام ده‌گرێ، ڕێی ژیان نابڕێ، ڕاكشاوه له ژێرخاك!.
نیو مانگی مابوو مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا، هه‌ڵكا مۆمێكی تر له‌سه‌ر كێكی ته‌مه‌ن، ئاخ زه‌مه‌ن، ون بوو به‌دیمه‌ن، گوڵچینی باخی چه‌مه‌ن، ڕۆژێك پێش یادی ئاڵا، له ئاڵا وكفن ئاڵا!، له ڕۆژمێژووی 16/12/2018 مۆمی كوژاوه به ته‌مه‌نی 85 ساڵی، هاو زه‌مان وه‌ك ته‌مه‌نی د.جه‌مال نه‌به‌ز ومام جه‌لالی، گه‌وره‌ترین سه‌رمایه سامان نیه، كرده‌وه‌ی چاكه، خه‌ڵك وئه‌هلی قه‌ڵه‌م بۆ كۆچی دوایی مسته‌فا ساڵح كه‌ریم غه‌مناكه، به‌پێوه بوو په‌كی نه‌كه‌وت له‌جه‌سته‌دا، قه‌ڵه‌می نه‌شكا تا ئه‌و ڕۆژه‌ی گیانی له ده‌ستدا، به‌رده‌وام، له ده‌وام، ده‌نگی زه‌نگی مه‌رگی هه‌ستی نه‌بوو، چونكه چست وچالاك سستی نه‌بوو، نه‌ده‌زاندرا له‌مه‌رگ نزیكه، ڕۆیی(یوم الپالپ) و(دایكی ئازادیخوازان) و(په‌تای سپیكه)، ده‌ڕوا ڕۆژگار، ده‌مێنێ یادگار، ڕه‌ش پۆشێكی جیهانی چواره‌م و(رحله الی البیلاد راین) و(ومیچ الكلمات). داخ وزه‌خار له‌سه‌یوانه، هاوپیشه‌ی پیره‌مێرد وگۆران حه‌سه‌نل هه‌یكه‌ل وبه‌درخانه، یاریده‌ده‌ر وكۆڵه‌گه‌ی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی (ی.ن.ك) ڕما، ئیتحاد و كوردستانی نوێ سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان وكۆڕی ڕه‌وشه‌نبیران ئه‌و خۆشیه‌ی نه‌ما، چونكه به ته‌گبیر وژیر وڕه‌وشه‌نبیر وباسكار وڕاگه‌یاندنكار و ورده‌كار، 32 ساڵا مامۆستا و به‌ڕێوبه‌ر وسه‌رپه‌رشیار وپه‌روه‌رده‌كار!.
64 ساڵا گوڵاوی ده‌پڕژاند قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی، له‌ره‌وت وره‌وێڵه‌ی گه‌ل بوو عه‌شق وخه‌مه‌كه‌ی، جۆرنالیستێكی بێ ناز وجوان نیاز وئازادیخواز، له كونجی قه‌ناعه‌ت ژیا وله‌مه‌رگیش خاكه‌واز.
تابمێنێ ئیتیكی ڕۆژنامه‌نوسی وڕێزی قه‌ڵه‌م وپیرۆزی وشه و ویژدان و وه‌فا، به‌رز وبه‌ڕێزه مناره‌ی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی مامۆستا مسته‌فا! چونكه بنه‌چڵا وپاچڵا وسونبوڵا وشه‌نگوڵا وبنه‌وانگه بوو له ڕۆژنامه‌وانی، نامرێ هه‌ر ده‌مێنێ ناوی به‌گه‌شی وجوانی.
وشه نا ئاشنایه‌كان:
بنكه‌ش: لكاندنی خشت‌و دیوار پێكه‌وه
گۆنیا: چوارده‌ورێك وه‌ك یه‌ك بێ
ناوپووك: ئه‌و نێوانه‌یه له‌نێو په‌لكی گه‌ڵای توتنی له‌داودراو
بنه‌چڵا: ڕه‌گی سه‌ره‌كی
پاچڵا: لقی دره‌خت له‌خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه
داسوو: گوڵه‌گه‌نم
ته‌ژی: پڕ
ره‌باس: ئاودانی خاك
هۆناس: سه‌رپاڵه‌ی ده‌روێنه
زه‌خار: مخابن
ره‌وێڵه:ڕێچكه
بنه‌وانگه: مه‌رجه‌ع
ره‌وسه: گه‌نمی گێره‌كراو به‌س كۆنه‌كراوه
ته‌باره: ده‌غڵی نه‌درواوه
نیاز وئامانج وژیان: ناوی كچ وكوڕه‌كانی مامۆستا مسته‌فا ساڵح كه‌ریمن
خاكه‌واز: بێ خاك
ئاماژه به كتێبه‌كانی دراوه:
1.تریفه‌ی وشه
2.یاد و وه‌فا
3.ڕه‌ش پۆشێكی جیهانی چواره‌م
4.ومیچ الكلمات
5.یوم الپالپ
6.دایكی ئازادیخوازان
7.هونه‌ری كورته چیرۆك نوسین
8.شه‌هیدانی قه‌ڵای دمدم
9.زڕه‌ی زنجیر
10.رحله الی البیلاد الراین
11.په‌تای سپیكه
12.ڕێباز وهه‌ڵوێست
13.باخێك له وشه
14.ئاوێته‌ی ژیان
سه‌رچاوه‌كان:
1.كتێبه چاپكراوه‌كانی نوسه‌ر.
2.دیوانی شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی وكوردی وحه‌مدی وجاهید.
3.په‌ند وقسه‌ی نه‌سته‌قی زانایان.
*ئه‌م وتاره له چله‌ی ماته‌مینی مامۆستا مسته‌فا ساڵح كه‌ریم له هۆڵی ته‌وار خوێندراوه‌ته‌وه.
كوردستانی نوێ