تلیاكی خەبەریی
پەیكار عوسمان
١- گرتن و لێدان بۆ ئازادیخوازان بەشێكە لە ڕێگاكە، بەڵام بۆ سوڵتە بەشێكە لە ستەمكاریی. 

لە ڕێگەی ئەو گرتن و لێدانەشەوە، ستەمكاریی بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، ڕێگاكە بۆ ئازادیخوازان تەواوئەكات، بۆیە ڕەوتی ستەم، قەت ڕەوتی ئازادی ناوەستێنێ!

٢- دنیاكە هی هەمووانەو تەنیا عەدالەت و دیموكراسیش ئەتوانن بیكەن بە هی هەمووان، لەوە بترازێ یان دیكتاتۆرە دنیای هەمووانت بۆ دائەتاشێ، یان ئایدۆلۆژیایە وەهمی دنیای هەمووانت لا دروست ئەكات!

٣- دنیاكە هی هەمووانەو كێشەی ستەمكار ئەوەیە، وائەزانێ هێز ئەتوانێ ئەو حەقیقەتی بۆ بگۆڕێت!

لەكاتێكا مرۆڤ ئەو كاتەی كە هێزو زەبری ستەمكاری بەرئەكەوێ، لە هەموو كات زیاتر تێئەگات لەوەی، كە دنیایەك هەیە (هی هەمووانە) بەڵام زەوت كراوە!

٤- گشتاندن پشكی ئێمەیە لە ستەمكاریدا، ئەو كۆڵانەیە كە بە نەشارەزایی لێوەی ئەچینەوە سەر ستەمكاریی! 

ئازادیخوازان تا ڕێژەیی نەبنەوەو خۆیان لە گشتاندن دانەماڵن، ناكەونە سەر ڕێچكەی دروست، چونكە ئازادیخوازی پاساونیە بۆ ستەمكاریی، بەڵام ناستەمكاریی مەرجە بۆ ئازادیخوازی.

٥- مرۆڤی ئازادیخواز بۆئەوەی نەكەوێتە داوی گشتاندنەوە، ئەبێ وریابێت لە شەپۆلەكانی حەماسەت، چونكە گشتاندن چەكی كاریگەری پۆپۆلیزمە!

مەسەلەن جوملەی (پێشمەرگە دزبوون.) بتەوێ و نەتەوێ ستەمكارییە دەرهەق بەو پێشمەرگانەی كە دزنەبوون. ستەمكاری و ئازادیش كۆنابنەوە، تۆ ناتوانی ستەمكاریش بیت و ئازادیخوازیش بیت.

٦- (بەرەی خەڵك) دووبارەكردنەوەی هەمان هەڵەو ستەمی پارتی یەكێتییە كە بەناوی هەموو نەوەتەوە قسەئەكەن. 

لەڕاستییا (هەموواندن) درۆیەكی ئایدۆلۆژی پۆپۆلستییەو هیچ هێزێك نوێنەری هەموو نیە، چونكە حەقیقەت ڕەنگاوڕەنگە.

٧- پێشمەرگە پیرۆزنیەو قابیلی قسە لەسەر كردنە، بەڵام ڕاگەیاندنیش پیرۆزنیەو ئەویش قسە زۆر هەڵئەگرێ!

ئاخر بەرامبەر (شەرعیەتی شۆڕشگێڕی) كە خەتێكی سور نافامێ و تا ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی ڕۆشتووە، جۆرێك لە (شەرعیەتی موعارەزەیی و ڕۆژنامەنوسی)ش پەیابووە، كە ئەمیش هەر خەتی سوری نیەو تا هەمان شوێن ئەڕوا! 

دەی ئەوەش هەر ستەمكارییەو ناشێ ئازادیخوازیی بێت، چونكە هەردولا هەر پەتەكە ڕائەكێشن و لەو بەینەشا هەر منو تۆ ئەپچڕێین.

٨- تەسەوراتە جەماعییەكان، ئەوانەی كە كۆمەڵگاو دین و حیزب و ڕاگەیاندن و ئایدۆلۆژیا.. بۆتی دروستی ئەكەن، هەمووی ستەمكارانەن، چونكە مافی عەقڵ و بیركردنەوەی تۆی تیا پێشێڵكراوە. 

تا لە دەرەوەی دیدە جەمعییەكان، بیرێكی تاكانەو خۆتانە نەكەیتەوە، ناتوانی لە ستەمكاری لادەیت و بچیتە سەر خەتی ئازادی، چونكە ئازادیی یەكەم ئازادی عەقڵە.

ئازادی بەرهەمهێنانەو لە بیركردنەوەی خۆتدا بەرهەم دێ، ئەوەی لە گروپی وەرئەگریت بەكاربردنەو وەهمی ئازادی و تەوقێكی ترە نەك ئازادی خۆی.

٩- خوارییەكان لە ئومێدەوە ڕاست ئەكرێنەوە، چونكە بەبێ ئومێد هەنگاو نانرێ.. ئومێدیش لەو وێنەیەدایە كە خۆت ئەیبینیت، نەك لەو وێنەیەی كە قەرەباڵغیی بۆتی دروستئەكات!

حەشامەت بیركردنەوەت لێوەرئەگرێتەوەو لە بیرنەكردنەوەشدا، هەمیشە تۆ دوای وێنەیەك ئەكەویت كە دواتر بۆت دەرئەكەوێ وانیە، ئیتر نائومێد ئەبیت، یەعنی ئەوسەری قەرەباڵغیی هەمیشە نائومیدییە! 

بەڵام بیركردنەوە بەرەو وێنە ڕاستەقینەكەت ئەبات، ئیتر تێیئەگەیت و ڕێكارو پلانی دروستی بۆ دائەنێیت، ئیتر گەشبین و ئومێدەوارئەبیت.

١٠- مرۆڤ بە دوو قۆناغ ئەگات بە مرۆڤایەتی، خۆبوونەوەو خودناسی، ئەو قبوڵكردن و ئەو دۆستی.

تاكو تاكنەبیتەوە نابی بە خۆت، تا نەشبیتەوە بە خۆت، ناتوانی ئەو قبوڵبكەیت، چونكە لە غیابی خۆتدا، ئەسڵەن تێناگەیت (ئەو) چیە بە مانا فەردییەكەی!

لەناو سیاقە جەماعی و باوەكاندا، لە دیدی تۆوە، ئەو تەنیا ڕەقەمێكە بۆ قەرەباڵغی ئەوكاتەی لەگەڵتا دێتەوە. ئەو تەنیا شتێكە بۆ سڕینەوە ئەو كاتەی لەگەڵتا نایەتەوە.

بەڵام كاتێ خۆت ئەچیتە دەرەوەی سیاقە باوەكان و عەقڵی خۆت لە كۆمەڵ وەرئەگریتەوەو ئەبیتە كائینێكی بیركەرەوە، ئیتر لەوەش تێئەگەیت كە هەموو (ئەو)ێكی تریش وەكو تۆ، هەر پرۆژەی كائینێكی بیركەرەوەیەو كە جیاوازیشە تاوانێكی نەكردوە، تەنیا بیری كردۆتەوە، بۆیە ئاسایی قبوڵی ئەكەیت! 

بەڵام لەناو جەمعدا، تۆ تەنیا بە شەرتی لێكچوون قبوڵئەكرێیت، كە ئەوەش شەرتێكی ستەمكارانەیە.

١١- تەلەفزیۆنەكەت خامۆشكەو عەقڵت داگیرسێنە، پێش هەرشت لە ماهییەتی خودی تەلەفزیۆن تێئەگەیت، كە چ تلیاك و بەربەستێكە لەبەردەم بیركردنەوەی تۆدا. 

سەیركە چونكە تلیاكەكە لە بێ هۆشكردنی ئێمەدا نەجاحەتی هێناوە، دنیایەك قەناتی خەبەریمان هەیەو كۆمەڵێكی تریش بەڕێوەن! هەمووشیان هەر (هۆشیارمان ئەكەنەوە)!! لەكاتێكا خودی هۆشیاربوونەوە، هەر ئەوەیە كە ئەو قەناتانە لێگەڕێن و مەجالێك بدەن بیربكەینەوە.

واز لە تلیاكی خەبەریی بێنە، تۆ بێئاگابیت لە خۆت ناتوانی ئاگات لە دنیابێت.

١٢- بایكۆتی قەناتە خەبەری و سیاسییەكان بووە بە زەرورەت، چونكە بەردەوام لە شەپۆلێكەوە ئەتدەنە دەست شەپۆلێكی ترو لەنێو شەپۆلیشدا، تاكە شتێك كە ناكرێ بیركردنەوەیەو لە غیابی بیركردنەوەشدا تاكە شتێك كە میوانە ڕقە.

١٣- دوژمن دەسەڵات موعارەزە شاشە پەرستگا.. لەوەدا سەركەوتوبوون كە تاك و كۆمەڵی ئێمە بخەنە دۆخی بیرنەكردنەوە. 

دۆخی بیرنەكردنەوەش هەر ئەوەیە كە توندوتیژی تیایدا ئەگەری یەكەم و تاكە ئەگەرە، بۆیە دوو سایەقی ئێمە لەسەر هۆڕنێك یەكتری ئەكوژن!

تاكی ئێمە بووە بە ڕومانەیەك، كە بەسیتترین بەركەوتن لەگەڵیدا، وەكو وایە ئەڵقەكەیت ڕاكێشابێت!

جا بۆ ئەوەی توندوتیژی ببێتەوە بە ئەگەری ئەخیرو ناچاریی، ئەبێ تاك بخەینەوە بیركردنەوە، بۆ ئەوەش سەرەتا ئەبێ بڕێك هێوری بكەینەوەو لە شەپۆلەكانی وەرگرینەوە.

١٤- جا لە پێناو ئەو هێوربوونەوەیە (نا بۆ ئیخبار بەڵێ بۆ تۆم و جیری) ! 

ئاخر تۆ لەكاتی سەیركردنی ئەفلامكارتۆندا، ڕقت لە هیچ نیە، بەڵام لەكاتی موتابەعەی هەواڵ و چەلەحانێ و هاشوهوشدا.. تەنانەت ڕقت لە خۆشتە چجای ئەوانیتر.

شار پرێس 

AM:01:48:05/02/2019