ژن لەبەردەم دەرگا داخراوەكانی حكومەت دا
سازە عەبدوڵا
ئێستا لە كوردستان چەند هەوڵێكی ژنان هەیە كە داوا دەكەن هەمان پشكی ژنان كە لە پەرلەماندا هەیە لە حكومەتیشدا هەبێت، ئەم بابەتە زۆرجار لای ژنان تەوەرێكی گەرمی گفتوگۆ بووە یان بۆتە داواكاریەكی چالاكوانە ژنەكان تا ناوەندەكانی دەسەڵاتی حزبە سیاسییەكان بەم سیستمە مامەڵە لەگەڵ ژناندا بكەن وەك چۆن لە پەرلەمان جێبەجێ كراوە لە ناوەندەكانی (حكومەت، حزب، مەكتەب سیاسی، جڤاتەكان، دەسەڵاتی  دادوەری، شارەوانییەكان) بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەرەڕای دڵخۆشیمان بەم هەنگاوانە بەڵام دەبێ پرسی بەشداری ژنان لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە سیستمی كۆتا بخرێتە ژێر پرسیاری وردەوە لەسەر كێشەو گومانەكانیش بوەستین، چونكە حكومەت وەك پەرلەمان نیە، بە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدەران دروست ببێت بەڵكو لەڕێگای دامەزراندنەوە (تەعین) دەبێت، كەواتە پرسیارەكە لێرەدایە كێن ئەوانەی ژن دادەمەزرێنن؟ لەپەرلەماندا ڕوونە كە ئەوەی ژن دەباتە پەرلەمان بریتییە لە:
1. حیزب 
2. سیستمی كۆتا 
3. دەنگدەران 
بەڵام لە حكومەت دوو هۆكار بزرە ئەوەی هەیە تەنها حیزبە، واتە ئیرادەی حیزب بەڕەهایی قسەی خۆی هەیە لای هەمووانیش ڕوونە ئیرادەی زۆرینەی حیزبەكان لەڕێگای مەحسوبیەت و مەنسوبیەت كار دەكات.

واتە ئاستەنگییەكان لەبەردەم ژناندا بۆ بەشداری لە حكومەت ئاستەنگی ڕاستەقینەن و قورسترە لە چوونی ژن بۆ پەرلەمان كە دەرفەتی سیستمی كۆتاو ڕازیكردنی دەنگدەرانی لەبەردەمدایە، ژنی ئازاد وەیا ژنی ماندوو بەتوانا و شایستە بۆ گەیشتن بەناوەندی بڕیار لەكوردستاندا دوو كۆسپی لەبەردەمدایە:
كۆسپی یەكەم: عەقڵی پیاوسالاری و كۆمەڵگاو عەقڵی حیزبی كوردی كە هەمیشە ژن پەراوێز دەخات و هاندەر نییە بەڵكو ڕێگرەو دان بەسیستمی كۆتا نانێ تائێستا ڕازی نییە ژن بە ڕێژەیەكی دیاریكراو لە حیزب و حكومەت و سەركردایەتی بەشدار ببێت..

كۆسپی دوهەم: مەحسوبیەت و مەنسوبیەت ئەمەش كۆسپێكی ترە، حیزب ئەگەر بڕیاریش بدات ژن دابمەزرێنێ ئەوا لە زۆربەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستانا بنەماڵەو تەكەتول و میزاج دەبێتە پێوەر ژنێك كە هەڵگری ئەو سیفەتانە نەبێت دەرفەتی نابێت .

لێرەدا زۆرینەی ژنی شایستە پەراوێز دەخرێن و تەنیا دەرگا بەڕوی كەمینەیەك دەكرێتەوە، بۆیە كۆمەڵێك دەموچاوی دوبارەو درێژخایەن قۆرخی هەمو ئەو دەرفەتانە دەكەن كە سیستمی كۆتاو فشاری ژنان ڕەخساندویەتی، واتا هەر دەستكەوتێك كە ژن پچڕیبێتی لە پیاوسالاری دەچێتە قوڕگی ژنانی سەر بە بنەماڵەو تەكەتولچێتی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت..  سەیر لەوەشدایە ئەم كەمینە ژنە كە دەموچاویان ناگۆڕێت وهەمیشە پۆستەكانیان پێ پڕ دەكرێنەوە دەبنە دەمڕاستی دۆزی ژنان و داوای مافی زیاتر بۆ ژنان دەكەن، وە هەر دەستكەوتێكیش بەدەست هات بۆ خۆیانی دەقۆزنەوە یان دەیبەن بۆ ژنێكی بنەماڵەكەیان! بۆیە جێی خۆیەتی گومان هەبێت، ئەمانە ناتوانن تواناكانی ژنان بدۆزنەوەو كەیسی ژن پێشبخەن، بەڵكو ژنان دەكەنە پەیژەیەك بۆسەرخستنی زیاتری خۆیان، واتا لێرەدا ژن بۆخۆی دەبێتە كۆسپێك لەبەردەم ژناندا ...

تێبینی.. بەندە سیڤیم پێشكەش نەكردووە بۆ دامەزراندن لەحكومەت، بەڵام بەپێویستم زانی لەم كاتەدا باسێكی حاڵی ژن بكەم لەبەردەم دەرگا داخراوەكانی حكومەت ..


زه‌مه‌ن

AM:02:15:14/02/2019