بە گیرفانی بەتاڵەوە ئومێدی گەورە
سەردار قادر

ئومێد بۆ تاک و گروپ و بزاوت گرنگە، ئومێد بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگاری و هیوای هەنگاونان بۆ چارەسەر گرنگە.

لە دوا هەڵبژاردندا بزوتنەوەی گۆڕان کورسیەکانی کەمی کرد، هەر فاکتەرێک بێت، دەرئەنجام بووینە خاوەنی ١٢ کورسی.
لەو ساتەوەختەوە بە تێگەیشتن لە بارودۆخەکە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمپانیای وشە دوای هەڵبژاردن لەجیاتی کەنارگرتن و بێ هیوایی جارێکی تر پرۆسەی هەڵسانەوە، جارێکی تر خۆسازدان، جارێکی تر گوتاری پڕ مەسئولیەت بەرامبەر خەڵک و بەرامبەر پرۆسەی سیاسیی.

زۆربوون ئەوانەی ئەیانوت ئەبێت گۆڕان بەرەو لەتبوون تەنانەت هەڵوەشان بڕوات.
سەیرکەن چی ئەگوزەرێ..

خۆئامادەکردن بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی، پرۆسەی دانوستان بۆ پێکهاتنی حکومەت، شەڕی گۆڕان بۆ کارنامەو پاکێجەکانی چاکسازی، نزیکی زیاتری گۆڕان و شەقام لە خەمی گشتی هاوڵاتیان خەمی کۆی بزوتنەوەکەیە.
بەردەوامی لە بەها بەرزەکانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کۆمپانیای وشەش خۆی و دامەزراوە میدیاییەکانی بە گیرفانی بەتاڵەوە سایتی (سبەی) رووەو گەشانەوەو خوێنەری زیاتر، (KNN) بە کۆی کارمەندەکانی بەبێ مووچە بەردەوام شەوو رۆژ لەکاردان بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری، لەولایشەوە لە رەنجوری رۆژنامەگەریدا (زەمەن) بە توانای فراوانەوە بووەتە میوانی خوێنەران.

هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زامنکردنی مافی هاوڵاتیان بۆ گەیاندنی خەمی شەقامی کوردی، ئومێد لای گۆڕان و وشە ئەو مەنزڵگایەیە، کە هەمیشە هەنگاوەکان بەردەوام ئەبێت.

ئەم دوا قسەیە بۆ پێدانی ئومێدێکی بەتاڵ نیە ئەمە باوەڕبوونە، باوەڕبوونە بە جەوهەری گۆڕان، باوەڕبوونە بە ئۆرگانەکان و هەڵسوڕاو و دەنگدەرەکانی، باوەڕبوونە بە کۆی هاوڕێکان ئەوانەی لێرەن یان ئەوانەی لێرە نین.

هەمووان خاوەنی پڕۆژەی گۆڕانین و هەمووشمان یەکتری تەواو دەکەین. سایتەکەمان و تەلەفزیۆنەکەمان و رۆژنامەکەشمان کراوەیە بۆ کۆی دەنگەکان، قەڵەمەکان بە یارو نەیارەوە.

بەردەوامی ئەم رێبازە، گیرفانی بەتاڵ بچوکترە لەو ئومێدەی هەموومانی کۆکردووەتەوە.


زه‌مه‌ن


AM:02:17:14/02/2019