میدیای كوردی و باجی گومركی
کوڤان سەروکانی
لەم رۆژانەدا، لە كاتی رۆماڵكردنی هەواڵی لابردنی خاڵە ‌سنورییەكانی‌ نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بەدیاریكراویش لە شاری كەركوك دەستەواژەیەكی نوێم‌ بەرگوێ كەوت كە بەشی زۆری میدیاكان بەكاریاندەهێنا ئەویش (پێناسەی گومرك) بوو.

سەرەتا پێموابوو تەنها لەو كەناڵەی من سەیری دەكەم وایە بەڵام دواتر لە ئینتەرنێت گەڕانم بۆ وشەكە كرد و ئەنجامەكەش جیێ‌ نائومێدی بوو چونكە زۆربەی میدیاكان بە بینراو ، بیستراو، و مەڵتی میدیاشەوە ( پێناسەی گومركی) لە شوێنی (التعریفە الجمركیە)ی عەرەبی بەركاردەهێنا ، لە كاتێكدا وشەكە (تعریفە) نەك ( تعریف) _ چونكە تەعریفە لە زانستی ئابورییدا؛ بۆ باج و (رسومات)ی لەسەر كاڵا هاوردە و هەناردەكانی ناوچە سنوری و مەرزە نێودەوڵەتیەكان بەكار دێت.

ئەوەی كە زۆر جیێ‌ سەرنجی بوو نەك تەنها میدیاكان بەڵكو خودی بەرێوەبەری گشتی گومركەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە لێدوانەكەییدا وشەی (پێناسەی گومركی) بە كاردەهێنا.

من نە پسپۆری ئابوریم و نە زمانەوانی، بەڵام بەهۆی چەند ساڵ كاركردن لە میدیا و بواری (ماركێتین) لە كایەی ئەكادیمیا ، پێموایە ئەو وشەیە تازە هاتووەتە نێو فەرهەنگی كوردی و درۆستكراوی میدیاكانە ، پێشتر هەر هەر دەستەواژەی (تاریفەی گومركی ) بەكاردەهات.

(پێناسەی گومرکی) كە تەرجەمەی حەرفی عەرەبی (التعریفە الجمركیە)یە ، هەڵەیەكی زەقە و وشەشی (تعریفە) بە مانای (رسومات) یاخۆد باج دێت نەك ‌پێناسە ‌ چونكە بە هەمان شێوە لە ئینگلیزی (Tariff) ، لە فارسی(تعرفە) و لە توركی (tarife)و لە زۆربەی زمانە ئەورۆپی و جیهانیەكان بەكاردێت .

هەڵبەت پاكردنەوەی زمانی كوردی لە وشەی بێگانە و بە كوردیكردنی چەمك و زاراوەكان كارێكی زۆر پێویستە و بەتایبەت بۆ بەزیندووهێتشنەوەی زمانی كوردی بەڵام دەبێت لە لایەن كەسانی پسپۆرەوە بێت نەك میدیاكار و بەرپرسەكان، دەشێ‌ بنچینەی وشەی (تاریفە) عەرەبی بێت چونكە لە رووی فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژیشەوە وایە. بەپێی‌ ئیتۆمولوژیای وشەكەش بێت ، ئینگلیزەكان لە ئیتالیەكان وەریانگرتووە ـ ئیتالیەكانیش لە عەرەب بەڵام ئێستا وشەكە لە سەر ئاستی نێودەولەتی لە كایەی ئابورییدا جیێ‌ خۆی كردووتە.

بە پێی‌ یەكێك لە لێكۆلینەوە میّژووییەكان دەربارەی شاری دهۆك _كە ناوچەیەكی ستراتیژی بازرگانی بوو __ لەسەر چۆنیەتی ناونانی شارەكە ، دەڵێت: وشەی دهۆك لە (دوو) + ( هۆك) پێكهاتووە. واتە بۆ هەر بارێكی (گەنم ، دانەوێڵە و هتد..)ی كاروانە و قافڵە بازرگانیەكان ، ( 2) هۆك (قاپ)__ كە 2.5 لیتر__بوو وەك باج و سەرانە وەرگیراوە. واتە هۆك وشە كوردییەكەیە بۆ باجی سەر كاڵاكان بەكارهاتووە ئەگەر هەر سوورین لەسەر بە كوردیكردنی وشەكە ، پێشنیازدەكەم لە جیاتی وشەی (پێناسەی گومركی) ( هۆكی گومرکی ) بەكار بهێنرێت كە وشەیەكی رەسەنی كوردییە .


AM:01:24:20/02/2019