٨ی مارس، تەنها ڕۆژێک بۆ ئافرەتان
چیا ئیسماعیل

٨ی مارس مێژووی خەبات و تێکۆشانی ئافرەتمان بیردێنێتەوە دژی ستەم ونادادی ونایەکسانی، هەروەها خۆپیشاندان و ڕاپەڕین بۆ بەدەست هێنانی ماف و ئازادیە سەرەتاییەکانی ئافرەت وەک مرۆڤێک چونکە بەمرۆڤی پلە دوو سەیردەکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرا .

تەنانەت بەرامبەر بەوکارەی ئەیکرد نیوەی ئەوموچەیەی وەرئەگرت کە بۆهەمان کار بەپیاو ئەدرا  ، لێرەدا نامەوێ باس لەمێژوو هۆکاری دیاری کردنی ئەم ڕۆژە بکەم بەڕۆژی جیهانی ئافرەتان   ، بەڵکو ئەمەوێ تیشک بخەمە سەر گرنگی وڕۆڵی ئافرەت لەخێزان وکۆمەڵگادا .

ئافرەت بەسروشتی خۆی میهرەبان وفیداکارە ئەتوانین بڵێین بەردی بناغەی کۆمەڵگایە ،  لەلایەک دایک وپەروەرشیارە نەوەی داهاتوو بەرهەم دێنێ ، لەلایەکی تر هاوسەرو بەڕێوەبەری ماڵەو پێداویستی سەرجەم تاکەکانی خێزان جێبەجێ دەکات وباوەشی سۆزو میهرەبانیە بۆ هەموویان.

تەنها نۆمانگ ماندوو نابێ تامرۆڤێک دێنێتە دونیاوە، بەڵکو دواتریش خەمی بەخێو کردن و پەروەردەکردنی دەگرێتە ئەستۆ   تا مرۆڤێکی هاوسەنگ وتەندروست و خزمەتگوزار پێشکەشی کۆمەڵگا بکات.

لەم پێناوەدا ئامادەیە چەندین قوربانی بدات ،هەربۆیە بەدایک ئەوترێ قوتابخانە ، ئەگەر دایکێکی باش پەروەردە بکرێ ئەوا نەوەیەکی باش پەروەردە کراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەت تەنها بەئەرک وخزمەتی خێزانەکەی نەوەستاوە ، بەڵکو هەنگاوی گەورەتری ناوە تاوەکو بتوانی خزمەتی تاکەکانی کۆمەڵیش بکات .

ئەوەتا مامۆستایەو ڕۆڵەکانی ئەم گەلە پەروەردە ئەکات و زانست وزانیاریان پێشکەش دەکات ، پزیشکەو بێ جیاوازی چارەسەری نەخۆش دەکات  ، ئەندازیارەو ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی ووڵاتی گرتۆتە ئەستۆ ، پارێزەرەو مافی سەرجەم هاووڵاتیان دەپارێزێت بەهەردوو ڕەگەزەوە ، پەرلەمانتارەو داکۆکی لەمافی خەڵک دەکات وبەشدارە لەدەرچواندنی یاساکان ........تد.

سەرباری ئەمانەش ئافرەت توانیوێتی بەشداری کارا بکات لەبواری سیاسەت وبگاتە پۆستە باڵاکان لەحکومەت وحیزبەکانیشدا ئەگەرچی بەڕێژەیەکی کەمیش بێ لەگەڵ بونی ئەو هەموو ئاستەنگەی لەبەردەمیدا دروست کراوە ، هەرچەندە لەناو حیزبەکاندا ڕۆڵی فیعلی وکاریگەری پێنەدرابێ لەدروستکردنی بڕیاردا !!!!!

لێرەدا پرسیارێک دێتەکایەوە  ئایا تەنها ڕۆژێک بەسە بۆیادکردنەوەو دەتوانێت خزمەت بەدۆزی ئافرەت بکات و بەرەوپێشی بەرێت و لەئاست گەورەیی و قوربانیدانەکانیدا بێت ومافەکانی بۆ دەستەبەر بکات ؟

لەئێستادا و لەجیهانی مۆدێرندا  یەکێ لەپێوەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگا ئاستی هۆشیاری ئافرەتانەو بەشداری چالاکانەیانە لەسەرجەم بوارەکانی کارداو بەتایبەتیش پێگەو پۆستە باڵاکان و ناوەندەکانی بڕیار لەووڵاتدا .

بۆیە ئەبێ کۆمەڵگا درک بەوە بکات کە ئافرەتان نیوەی هێزی مرۆیی پێک دەهێنن ، وە هەر بە هەدەردانێک لەتواناو وزەی ئافرەت واتا بێبەشکردنی ووڵات لەگۆڕانکاری و بەرەوپێشچون وگەشەکردن بەهەموو جۆرەکانیەوە  مرۆیی، ئابوری ،سیاسی یاسایی.....تد .

هەورەها پێویستە حکومەت گرنگی بدات بەدۆزی ئافرەت و  پشتیوانی مادی ومەعنەوی بکات ، وەهەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت بەتایبەت بۆ ئەو ئافرەتانەی پژێوی پەیداکەری خێزانن وە داهاتێکی ئەوتۆیان نیە.

هەر وەک چۆن ئەرکی سەرشانی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانە لەهەرێمدا کار بکەن بۆ داڕشتنی یاسای نوێ وهەموار کردنەوەی ئەویاسایانەی تایبەتن بەماف و ئازادیە کەسیەکانی ئافرەت بەجۆرێک کە بگونجێ لەگەڵ بەرەوپێشچون وگۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگادا .

هەروەها گرنگە میدیاکان ڕۆڵیان هەبێت لەهۆشیار کردنەوەی خەڵک وە وێنایەکی جوانی ئافرەت بکات کەشایەنی شکۆو تواناکانی بێت ، نەک تەنها وەک مادەیەک بۆڕیکلام وبرەودان بەکارە بازرگانیەکان بەکاری بهێنێت.

بەڵکو پێویستە کاربکات بۆ دەرخستنی تواناکانی ئافرەتان و ڕێزو پێگەی ڕاستەقینەیان بخەنە ڕوو وەک تاکێکی کارا شانبەشانی پیاوان دەتوانن کاربکەن بۆسەرلەنوێ بونیات نانەوەی کۆمەڵگا .

هەرچەندە ئەو ستەم و نادادیەی بەرۆکی هەموو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەی گرتۆتەوە بەپیاوانیشەوە،

 نەبونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەموان پێوەی دەناڵێنن ، بەڵام ئافرەتان هەمیشە پشکی شێریان بەرکەوتوە لەو ستەمە ئەویش لەسایەی بیری پیاوسالاری و داب و نەریتە نەخوازراوەکانەوە

تەنانەت بەناوی ئاینیشەوە ستەم لەڕەگەزی مێ کراوە لەسایەی ئەم جۆرە بیروبۆچونەوە شیکردنەوەی دەقە ئاینیەکان لەبەرژەوەندی ڕەگەزەکەی تر بوە .

ئەمەش پێویستی ئەکات لەسەر زاناو بیرمەندە ئاینیەکان بەتایبەت ئاینی ئیسلامی پیرۆز

وەک چۆن لەم سەردەمەدا پێداچونەوە ئەکرێ بۆ هەندێ دەق وشیکردنەوەی نوێی بۆ دەکرێت ، بە هەمان شێوە پێویستە گرنگی بدرێ بە بایەخی ئیسلام بۆ ئافرەت و شیکردنەوەی دەقەکان لەژێر کاریگەری دابونەریت و بیری پیاو سالاری دەربهێنرێت.

بەهەمان شێوە ئەرکی ڕۆشنبیران و پێشکەوتن خوازانە کار بکەن لەسەر هۆشیار کردنەوەی تاکەکان و بایەخ بە دۆزی ڕەوای ئافرەت بدەن .

لەمانەش گرنگتر بایەخدانە بە پەروەردەو فێرکردن لەسەرجەم ئاستەکانی خوێندندا  چ لەقوتابخانەکان یاخود زانکۆو پەیمانگاکان .

وە ڕاهێنانیان لەسەر ڕێزگرتنی ئافرەت و دروستکردنی تێڕوانینێکی دروست بۆیان، کەئافرەتانیش هەمان پلەی مرۆڤایەتی پیاویان هەیەو هیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ ئەوان لەئەرک ومافدا.

ئەمانەش هەموویان کارکردنی جدی وهەنگاوی پراکتیکیان دەوێت چ لەلایەن دەوڵەت یاخود ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەتایبەت ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی ئافرەت ، هەروەها پسپۆڕانی بواری یاساو پەروەردەو سەرجەم بوارەکانی تر.

 وەهەوڵی ئەوە بدرێت ئاستی ڕۆشنبیری تاکی کوردی بەرز بکرێتەوە بۆ هێنانە کایەی کۆمەڵگایەکی تەندروست و بەختەوەر، نەک بەقەیران وکێشەی حکومڕانی و نەبونی مافە سەرەتاییەکانەوە سەرقاڵ بکرێن ، سەرەتاش ئەبێ لە ئەندامانی خێزانەوە دەستپێبکرێت ، دایکان وباوکان هۆشیار بکرێنەوە کەجیاوازی نەکەن لەمامەڵەو پەروەردە کردنی کوڕ و کچدا و هەمان مافیان پێبدەن لەناو خێزاندا.

لێرەوە دەڵێم تەنھا ڕۆژێک بەس نییە بۆ یادکردنەوە و پشتیوانیکردنی ئافرەتان، دواتر ڕۆژەکانی تری ساڵ فەرامۆش بکرێن و باس نەکرێن ، چونکە دۆزی ڕەوای ئافرەت دۆزی ھەموو کۆمەڵگەیە.

NRT

AM:02:51:09/03/2019