مانیفێستۆی شیعر: ئێمە تەماشاکەر نابین
د. چۆمان ھەردی

شاعیران بەبۆنەی ئارەزوو و پێویستی جیاوازەوە دەنووسن. بۆ کەسانێکی وەک من کە یەکتربڕی ئەدەب و عەدالەتمان بەلاوە گرنگە، بەیانکردنی حەقیقەت پاڵنەری سەرەکیی نووسینەکانمانە، ھۆکاری بەردەوامیی و کۆڵنەدانمانە. ژنێکی خەڵکی وڵاتی ڕواندا لە کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە ھونەر و جینۆساید ھەموو ئەم راستییانەی درکاند کاتێک وتی:”من لە مەرگ ناترسم، بەڵام لە نەگوتنی حەقیقەت دەترسم." ھەندێک کەس پێیانوایە کە تەنھا ”یەک حەقیقەت" بوونی نییە، بەڵکو ”چەندین حەقیقەت" ھەیە.ئەوان لەوانەیە بپرسن:"حەقیقەتی کێ دەنووسیتەوە؟" وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارە وەڵامێکی سادەیە:من حەقیقەتی ئەو کەسانە دەنووسمەوە کە ئازارەکانیان دەکەوێتە دەرەوەی وشیاریی گشتییەوە، ئەوانەی ھەردەم پەراوێزدەخرێن و بێدەنگدەکرێن، ئەوانەی ڕێگرییان لێدەکرێت بەشداریی لە دروستکردنی ئەو گوتار و بڕیارانەدا بکەن کە کاریگەرییان لەسەر ژیانیان ھەیە. 

وەک کەسێک کە سەر بە کۆمەڵگایەکی بێدەوڵەت و پیاوسالارە، کۆمەڵگایەک کە خاوەنی مێژوویەکە لە توندوتیژیی بەکۆمەڵ و پشتتێکردنی ئەو کەسانەی کە بە ھاوڕێ دەزانران، ھەوڵدەدەم چیرۆکی ئەو کەسانە بگێڕمەوە کە لەم حەقیقەتانەدا دەژین، بە تایبەتی ژنان. پاش توندوتیژیی سیاسیی و جینۆساید کۆمەڵگاکان لێوانلێون لە تاسەباریی، گیرۆدەی چیرۆکە پرشنگدارەکانی توندوتیژیین و بێبەشن لە رێگەچارە بۆ سارێژبوون.ئەم چیرۆکانە بەخێرایی زیاددەکەن و لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕۆژانە، میدیا و بەرھەمە ھونەرییە خاڵیی له‌ خه‌یاڵەکانەوە دوبارە بەرھەم دێنرێنەوە: ئەو تابلۆیانەی پڕن لە کەللەسەر و پۆستاڵی سەربازەکان، ئەو شانۆیانەی پڕن لە دەنگی فرۆکە و کەوتنی قوربانییەکان، ئەو شیعرانەی ناتوانن ریتۆریکی قسەی ڕۆژانە تێپەڕێنن. 

کۆمەڵگاکان دەرەقەتی ئەم کارەساتانە نایەن و دەیانەوێت لەم چیرۆکانە دەربازبن، بۆیە ھەوڵدەدەن دەرگا لەسەر ئەم دەنگە پڕئازارانە دابخەن. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، چیرۆکی دەربازبووان گرنگیی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەم چیرۆکانە بێڕێزییان بەرامبەر دەکرێت، گومانیان لێدەکرێت و تەنانەت دەشکرێن بە نوکتە. ئەو لێکترازان و لێکپچڕانانەی کە توندوتیژیی بەکۆمەڵ دروستیاندەکات زۆر قووڵن.جارێکی تر، تاکی دەربازبوو پاش تێپەڕینی کارەساتەکان بەقوربانیدەکرێته‌وه‌کاتێک لە کۆمەڵگاکەی خۆیدا له‌كکه‌دارده‌كرێت، بەجێدەھێڵرێت، گوێی لێ ناگیردرێت، باوەڕی پێناکرێت، تێگەیشتن نییە بۆی. ھەندێک دەربازبوو پێداگریی لەسەرئەوە دەکەن کە ئازارەکانی ئەوان ”لەرێگەی زمانەوە بەیان ناکرێن." ئەوان ھەستدەکەن کە وشە شکست دێنێت لە باسکردنی ئەزموونی ئەواندا، چیتر ناتوانێت دەربڕی ئازارەکانی ئەوان بێت و ھێزی ئەوەی نییە کە جارێکی تر بیانبەستێتەوە بە کۆمەڵگاکانیانەوە کە ئەوانی لێ بێگانەبوون.

لە کاتی وادا کە حەقیقەت تێکئاڵۆسکاوە، ناڕوونە، شاردراوەیە و وردە وردە لەیاددەکرێت، کاتێک گێڕانەوەی چیرۆکێک ئاڵۆزە، پڕ ئازارە و خۆی بەدەستەوه‌نادات، شیعر بەفریامان دەگات. شیعر دەبێتە شوێنێکی پڕئەمان بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە. شیعر پۆلێنكه‌ر و گێڕه‌‌ره‌وه‌ی فاکته‌كان نییە.فاکتەکان بۆ دادگا و مێژوونووسان گرنگن، بەڵام شیعر سەبارەت بە حەقیقەتە.رەنگە لە شیعرێکدا ھەندێک وردەکاریی و فاکت ھەبێت یان نەبێت:ئەوەی گرنگە مانای رووداوەکەیە. شیعری شایەدحاڵ (poetry of witness) دەتوانێت تێگەیشتنمان بۆ مرۆڤایەتی دەوڵەمەند بکات، حەقیقەتەکان بە سەرجەم ئاڵۆزییەکانیانەوە دەرببڕێت، شکستی ئەخلاقی نەریتیی لە کاتی کارەساتەکاندا به‌رجه‌سته‌بکات، پیشانیبدات چۆن توندوتیژیی مرۆڤەکان لێکدەترازێنێت و باری ئاساییی و ژیانی خێزانیی لەناودەبات و بەشێوەیەکی گشتیش باس لەو زۆنە خۆڵەمێشییە بکات کە ژیانی ڕۆژانە خۆی لێ لادەدات.

ئەمجۆرە شیعرە پێویستی بە خۆنوقمکردنە لە ئەزموون و چیرۆکەکانی ئەوانەدا کە ئازار دەچێژن، پێویستی بەوەیە کە لەگەڵ وردەکارییەکاندا بژین و تێبگەین لەوەی کە ناکۆکی و ناڕێکی بەشێکن لە ھەموو گێڕاونەوەیەک.دەبێت بە قووڵی لە بابەتەکەمان بکۆڵینەوە، بەھەموو ھێزمان گوێبگرین و ڕێگە بە خۆمان بدەین کە ھەست بە زەرەرمەندیی بکەین.


لە ساتەوەختێکی سەختی ژیانمدا، کاتێک کە لە ئەنجامی گوێگرتن لە ئازاری ئەوانی ترەوە دوچاری زەبری دەروونیی پلەدوو بووبووم، كه‌سێك پێی وتم:”پێویست ناکات ئەزموونی ئازار بکەیت بۆ ئەوەی لە ئازار تێبگەیت." ئەو پسپۆڕی شێلان بوو و وەک زانایەکی عەقڵانیی قسەی دەکرد. بێگومان ئەو ھەستی بە ئازارەکانی من نەدەکرد کە بەناو ماسولکە و ئۆرگانەکانمدا بڵاوبووبوونەوە، ریتمی ھۆرمۆنەکانمیان تێکدابوو و خزابوونە ناو نەستمەوە و لە کابووسەکانمدا سەریان دەردەھێنا. ئه‌و توانی یارمەتیمبدات سارێژببمه‌وه‌، چونکە لە ئازارەکانم تێدەگەیشت. 

ئەوەی ئەو پێی گوتم مەعقول بوو و یارمەتیدام وردە وردە ھەستمەوە سەرپێ، یارمەتیدام تەرکیز بخەمە سەر تەواوکردنی کتێبە ئەکادیمییەکەم لەسەر ئەم بابەتە. بەڵام ئێستا دەزانم کە شیعری شایەدحاڵی سەرکەوتوو لەو ئازارەوە سەرچاودەگرێت، لە ھەستکردن بە تووڕەیی و ترسەوە، لەو شوێنەوە کە سەرمان لێشێواوە و ھەست بە ژانێكی زۆر دەکەین. شیعر زانست نییە. ناتوانین به‌بێ ئەزموونکردنی ھەست حەقیقەتی ئازارەکان به‌رجه‌سته‌بكه‌ین.تێگەیشتن بەتەنھا ناتوانێت یارمەتیمان بدات بۆئه‌وه‌ی ئاوازی نائومێدبوون به‌خوێنه‌ر بگەیەنین، یارمەتیمان نادات ئەو پەیوەندییانە سەرلەنوێ دروستبکەینەوە کە بەبۆنەی بەقوربانیبوونەوە لێکترازاون.بۆیە دەبێت ئامادەییمان تێدابێت ئه‌زموونی ژان بكه‌ین، ئازار له‌گه‌ڵ ده‌ربازبوواندا به‌شبکەین و ھەستەکانمان سه‌روه‌ر بكه‌ین.بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە شیعرەکانمان ”عاتیفی" بن.

جیاوازیی ھەیە لەنێوان شیعری عاتیفی و شیعرێکدا کە عاتیفە کاریگەریی لەسەر داناوە. ئەو چیرۆکانەی ئێمە دەمانەوێت بیاگێڕینەوە خۆیان پڕن لە ھێز، لێوان لێون له‌ ئازار و ھەستی بەھێز. بۆیە پێویست ناکات بەبۆنەی زیادکردنی ھەستی خۆمانەوە توێژێکی تری ھەستیان بۆ زیادبکەین. پێویستە تووڕەیی و ئازاری خۆمان لای خۆمان گلبده‌ینه‌وه‌و رێگە بەم چیرۆکانە بدەین خۆیان قسەبکەن و ته‌عبیر له‌خۆیان بكه‌ن.گرنگە کە حەقیقەت دەربڕین بێئەوەی خوێنەر بڕەنجێنین و ھاواری بەسەردا بکەین، بێئەوەی خۆمان بە باڵاتر بزانین و ناچاری بکەین دەرگامان لەسەر داخات.ئێمە ھەوڵدەدەین تێگەیشتن بۆ ئەو شتانە دروستبکەین کە پێدەچێت جێی تێگەیشتن نەبن، ھەوڵدەدەین پەیوەندییە پچڕاوەکان دروستبکەینەوە و ھاوسۆزیی دروستبکەین.

کلیلی ئەمە لەوەدایە کە شیعرەکان زوو بڵاونەکەینەوە، بەڵکو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەگەڵیاندا بژین و لێیان ڕابمێنین.ڕەنگە چەندینجار و بۆ ماوەیەکی درێژ دەستکاریی و دوبارە دەستکاریی شیعرەکان بکەینەوە. دوای ھەر گۆڕانکارییه‌ك له‌شیعره‌كاندا پێویستە بۆ ماوەیەک بیانخەینە لاوە بۆئەوەی جارێکی تر بە گوێ و چاوی تازەوە بگەڕێینەوە بۆ لایان.ڕەنگە پێویستبکات بە دەنگی بەرز شیعرەکان بخوێنینەوە، تۆماریان بکەین و گوێ لە خۆمان بگرین کاتێک دەیانخوێنینەوە. پێویستە ھەموو وشەیەک بە جددی وەربگرین، وشیاربین بەرامبەر بە مانا نھێنی و ژێربەژێرەکانی.دەبێت شوێنگە و پێویستیی ھەریەکە لە وشەکان بخەینە ژێر پرسیارەوە.دەبێت وەفارداربین بەرامبەر بە حەقیقەت ببێئەوەی بە وردەکاریی زۆر خوێنەر ماندووبکەین. دەبێت تا ئەو جێیەی دەتوانین وەفاداربین بەرامبەر بە دەنگ و شێوازی گێڕانەوەی کەسەکان. 

دواجاریش گرنگە وشیار بین بەرامبەر بەوەی کە پێویست ناکات زۆر گرنگیی بە رەخنەی نەرێنی بدەین. ھەمیشە کەسانێک ھەن کە شیعرەکانی ئێمەیان بەدڵ نییە. ھەندێکیان پێیانوایە کە شیعر نابێت ئەم ئەرک و رۆڵە بگێڕێت. ھەندێکی تر شیعرەکان زۆر ئازاریان دەدات و نایانەوێت بیخوێننەوە. گروپێکی تریش ڕەنگە بڵێن ئەم شیعرانە خۆیان لە خۆیاندا شیعری باش نین، بەڵام لەبەر گرنگیی بابەتەکەیان باش دەردەکەون. ئەمە قسەیەکی ئازاردەرە، بەڵام وەڵامەکەی ئاسانە:زۆر شیعری خراپ ھەیە سەبارەت بە جەنگ، توندوتیژیی، ھەژاریی، پەرراوێزخستن.بابەت بەتەنھا ناتوانێت شیعرێک بکاتە شیعرێکی سەرکەوتوو.لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین بەم شێوەیە بابەت و فۆرم لە شیعردا لێک جیابکەینەوە. ئەگەر شیعرێک سەرکەوتوو بێت لەوەدا کە خەڵک ببزوێنێت، ئەگەر ئەو دەنگانە بگەیەنێت کە نوێنەرایەتیدەکات و ئەو پەیوەندییانە دروستبکاتەوە کە لێکپچڕاوان، ئەوا سەرجەمی شیعرەکە سەرکەوتووە، نەک ھەر بەشێک یان لایەنێکی.

دواجار وەک شاعیر و وەک ھاوڵاتییەک ئێمە ھەوڵدەدەین کە بەباشی ئەرکی خۆمان لەئاست کەسانی بەرامبەردا جێبه‌جێبكه‌ین.ئێمە بێدەنگ نابین. ھەردەم پەردە لەسەر ناعەدالەتییەکانی دۆخی باو ھەڵدەماڵین. تەحەددای زۆردارەکان دەکەین. گۆرانی دەڵێین. ھاوار دەکەین.شیعری باش دەنووسین. نامرین پێش ئەوەی حەقیقەت بەیاننه‌کەین.

لە گۆڤاری پۆێتری ریڤیو، لە بەریتانیا بڵاوبۆتەوە

ئاوێنه‌ 

AM:07:23:11/04/2019