له‌م دواییانه‌دا و، پاش تێوه‌گلانی باشوری كوردستان له شه‌ڕی نه‌خوازراوی گروپه تێرۆریستییه‌كه‌ی (داعش) و، پاشان هه‌ڵسوكه‌وتی ناپیشه‌ییانه‌ی راگه‌یاندنی كوردی و زۆرینه‌ی به‌كارهێنه‌رانی سۆشیال میدیاش، سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه نوێیه، مشتومڕێكی تاڕاده‌یه‌ك نوێ سه‌باره‌ت به بابه‌تێكی نوێی تایبه‌ت به چۆنێتیی ره‌فتاركردنی میدیا له ده‌مه‌كانی جه‌نگدا، به‌رۆكی میدیای كوردی گرت و ناچاریكرد كارلێكی له‌گه‌ڵدا بكات و روبه‌ڕوی بێته‌وه، كه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌مانباته‌وه سه‌ر پرسه‌كانی (راگه‌یاندن و رۆڵ و كاریگه‌رێتییه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵدا) له‌لایه‌ك و (ئێتیكی پیشه و یاساکانی كاری راگه‌یاندن) له‌لایه‌كیتره‌وه.
به‌ر له هه‌رشتێك، راگه‌یاندن له دۆخه تایبه‌ت و هه‌ستیاره‌كاندا، پێویسته به‌رپرسانه‌تر هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ پرس و روداوه‌كاندا بكات و له‌وێشه‌وه، دۆخی جه‌نگ و ته‌نگژه سه‌ربازیه‌كانیش له‌و دۆخانه‌ن كه تیایدا دورنیه هه‌ڵه‌ی میدیاكارێك 'ئاسایشی نیشتمانی' دوچاری مه‌ترسی بكات و كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێبكه‌وێته‌وه.
بۆیه ره‌چاوكردنی (به‌رپرسیارێتی) وه‌ك بنه‌مایه‌كی گرنگی ئێتیكی كاری راگه‌یاندن، له‌وجۆره دۆخانه‌دا ده‌بێته پێویستییه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویستی پیشه‌كه و، ئه‌ركێکی گرنگی میدیاکار. به‌ڵام پرسیاره‌که لێره‌دایه: ئه‌مه چۆن دێته‌دی؟ به‌و مانایه‌ی، میدیاکاران چۆن ده‌توانن مامه‌ڵه‌یه‌کی پیشه‌ییانه له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه تایبه‌ت و جیاوازه‌دا بکه‌ن؟ ئایا (راستگۆیی) و (بابه‌تیبون) و (بێلایه‌نی) و (هاوسه‌نگی)و... تاد ده‌که‌ونه کوێی هاوکێشه‌که‌وه؟
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به بابه‌تی (راگه‌یاندن و جه‌نگ) و ئاستی راگه‌یاندنی کوردی له‌و بارودۆخه‌دا، هه‌وڵده‌ده‌م له ده‌رفه‌تێکی دیکه‌دا، به وردی له‌سه‌ری بوه‌ستم. لێره‌دا ته‌نها قسه له‌سه‌ر هه‌ردو ده‌سته‌واژه‌ی 'شه‌هید' و 'قوربانی' و چۆنێتیی به‌کارهێنانیان له میدیای کوردی‌دا ده‌که‌م.
راسته، ده‌سته‌واژه‌ی 'شه‌هید' له بنه‌ڕه‌تدا مۆرکێکی ئاینی هه‌یه و، به‌و که‌سه ده‌گوترێت که له‌پێناو خوا و گه‌یاندن و سه‌رخستنی په‌یامی ئاینه‌که‌دا به‌رامبه‌ر 'بێباوه‌ڕان' گیانی خۆی ده‌سپێرێ و، به گوزارشته دینییه‌که 'شه‌هاده‌ت' وه‌رده‌گرێت. یان به خوێنی خۆی شاهیدی ده‌دات و رێز و پایه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. به‌ڵام هاوکات ده‌زانین، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ته‌نها له‌م بۆته‌یه نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵکو به تێپه‌ڕینی کات مانای تریشی وه‌رگرتوه.
چه‌مکی 'شه‌هید' له فه‌رهه‌نگی گشتیی‌دا، به‌و که‌سانه‌ش ده‌گوترێت که له‌پێناو به‌رگریکردن له خاک و وڵات و نیشتمان، گیانی خۆیان ده‌به‌خشن. واته ده‌سته‌واژه‌که مۆرکێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییشی وه‌رگرتوه‌و، بوه‌ته به‌شێک له که‌لتوری شۆڕشگێری، به تایبه‌ت لای کورد و له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی کوردستاندا.
له‌به‌رئه‌وه، به بڕوای من نه‌ک هه‌ر حاڵه‌تێکی ئاساییه که راگه‌یاندنه‌کان بۆ گیانله‌ده‌ستدانی 'پێشمه‌رگه' له شه‌ڕی (داعش)دا ده‌سته‌واژه‌ی 'شه‌هید' به‌کاربهێنن، به‌ڵکو کارێکی زۆر ئێتیکی و ئاکاریشه چ له روی پیشه‌ییه‌وه، چ له مرۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه. چونکه کاتێک ئه‌و رێکخراوه تێرۆرستییه، له رێگه‌ی تاوانکاری و کرده‌وه دژه مرۆییه‌کانییان پێیانخسته خاکی کوردستان و کۆتای‌یان به ژیان و گیانی ده‌یان رۆڵه‌ی ئه‌م خاک و نیشتمانه هێنا، کچ و ژنی کوردیان ئه‌نفالکرد، پیر و گه‌نج و منداڵیان ده‌ربه‌ده‌رکرد، ئازاری جه‌سته‌یی و رۆحی و ده‌رونی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌یاندا، ئیتر ئێمه ده‌کرێ بێلایه‌ن بین له ئاست کرده‌وه‌کانیان و، ته‌نانه‌ت باسی 'بابه‌تیبون و بێلایه‌نی'یش بکه‌ین؟!
هاوسه‌نگی و بێلایه‌نی و بابه‌تیبون و.. ئه‌و حاڵه‌ته مرۆیی و ئێتیکییانه به‌رامبه‌ر که‌س و گروپێک ده‌شێ هه‌بن و به‌رکاربن، که لانیکه‌می مرۆڤبون و ئێتیکی مرۆییان تێدا هه‌بێت. که‌واته ئه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌که‌دا هه‌یه به نسبه‌ت میدیای کوردییه‌وه دو به‌ره‌ی یه‌کسان و به‌رانبه‌ری یه‌کتر نین، به‌ڵکو دو به‌ره‌ی تا ئه‌وپه‌ڕی جیاواز و نابه‌رانبه‌ر و نایه‌کسانن له بیرکردنه‌وه، تێڕوانین، عه‌قڵییه‌ت، ره‌فتارو په‌یامیاندا، که‌واته راگه‌یاندنی کوردی ده‌بێت له به‌ره‌ی دژه مرۆڤ و دژه جوانی و دژه ژیان بێت، یان به‌ره‌که‌ی تر؟ (سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی تاکو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش سه‌رنجی زۆرمان ده‌ربا‌ره‌ی سیاسه‌تی کوردی و سیستمی حکومڕانیی هه‌رێم و کاره‌کته‌ره سیاسییه‌کانیش هه‌بێت).
ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که ساده‌تر بکه‌ینه‌وه، کاتێک (داعش) به خۆی و شمشێره‌که‌یه‌وه دێته کوردستان، پێش کوشتنمان داوای ناسنامه له که‌سمان ناکات، لێمان ناپرسێت ئێمه چیین و چۆن بیرده‌که‌ینه‌وه، یان پرسیاری ئه‌و که‌ناڵه میدیاییه‌مان لێ‌ناکات که کاری تێداده‌که‌ین، یان ته‌ماشای ده‌که‌ین. داعش به یه‌ک چاو سه‌یری هه‌مومان ده‌کات، کرێکار، جوتیار، مامۆستا، خوێندکار، پزیشک، ئه‌ندازیار، دادوه‌ر، رۆشنبیر، میدیاکار... تاد!
هه‌روا، ئه‌گه‌ر پاساو بۆ به‌کارنه‌هێنانی وشه‌ی 'شه‌هید' و به‌کارهێنانی وشه‌ی 'قوربانی' باکگراونده ئاینییه‌که‌ی وشه‌ی 'شه‌هید' بێت له لایه‌ن میدیاوه، ئه‌ی خۆ ناتوانین نکوڵی له‌وه بکه‌ین که وشه‌ی 'قوربانی'یش خۆی خاوه‌ن ره‌گوریشه‌ی قوڵی ئاینی و، زاده‌ی جیهانبینیی ئاینییه و، ئیدی له‌وێوه هاتۆته نێو که‌لتور و سیاسه‌ته‌وه؟
وه‌کچۆن تێده‌گه‌ین، 'قوربانی' له روی ماناوه هه‌مان مانای 'شه‌هید' ناگه‌یه‌نێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، واته‌ی مردنێکه که ئه‌رزش و پایه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نیه. یان وشه‌که خۆی کتومت مانای 'له جیاتی مردن' به‌ده‌سته‌وه‌ده‌دات. که‌واته پاساو چییه راگه‌یاندنی کوردی ئه‌و پێشمه‌رگانه به 'قوربانی' ناوده‌بات که له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گروپێکی تێرۆرستییدا گیانیان ده‌سپێرن؟
جگه له‌مانه، له روی مرۆییه‌وه به که‌سێک ده‌گوترێت 'قوربانی' که ره‌نگه به هۆی هه‌ڵه‌یه‌ک، یان روداوێکی نه‌خوازراوه‌وه ژیانی له‌ده‌ستدابێ (یان بۆ هه‌ندێ بابه‌تی تر مه‌رج نیه گیانیشیان له ده‌ستدابێت، وه‌کو: که‌سێک برینداربوبێ، که‌سێک ئه‌ندامێکی جه‌سته‌ی له‌ده‌ستدابێ، یان ژنێک به هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی یان ئابوری یان سیاسی بوبێته 'سۆزانی'...). که‌واته به‌م پێناسه‌یه ده‌کرێ چه‌کدارێکی (داعش)یش، که گه‌نجێکی 'خه‌ڵه‌تێنراوی مێشکداشۆردراوی به دڕنده‌کراو' بوه و له شه‌ڕێکدا ده‌کوژرێت یان خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه، ده‌شێ ئه‌ویش 'قوربانی' بێت، قوربانیی ئه‌قڵیه‌ت و تێڕوانینێکی مه‌رگدۆست یان قوربانیی هه‌لومه‌رجێکی دیاریکراو...
ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، حاڵه‌ته‌که وه‌کو خۆی بخوێنینه‌وه، واقیعه‌که چۆنه ئاوا بیبینین، نه‌ک خۆمان له نێو ته‌متومانی وه‌همدا نقوم بکه‌ین و به‌رچاومان رون نه‌بێت و به‌رده‌می خۆمان نه‌بینین.
جه‌ختده‌که‌مه‌وه، من له‌و که‌سانه‌م داکۆکیکاری سه‌رسه‌سه‌ختی ره‌چاوکردنی 'راستگۆیی، بابه‌تیبون، هاوسه‌نگی، سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نیی پیشه‌یی'م له کاری راگه‌یاندندا، به‌ڵام هاوکات پێموایه ده‌بێ که‌یس و حاڵه‌ته‌کان به وردی تاوتوێ بکه‌ین ئینجا بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر په‌یامه‌کان بده‌ین، هه‌روا به شێوه‌یه‌کی په‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پێوه‌ره گرنگانه‌ی ئێتیکی پیشه‌ی راگه‌یاندن و سه‌رجه‌می پره‌نسیپه‌کانی تر نه‌که‌ین، به‌ڵکو پێویسته له‌گه‌ڵ فاکته‌ره‌کان و له‌ناو هه‌لومه‌رجه‌که‌ی خۆیدا بیانخوێنینه‌وه، نه‌ک به پێوه‌ری وڵاتانی دیکه، که ئه‌وانیش، نه‌ک ته‌نها حکومڕان و سیاسه‌تکارانیان، به‌ڵکو هه‌مویان، هاونیشتمانانیان، به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی 'تێرۆر' و تێکچونی 'ئاسایشی نیشتمانی' هه‌رگیز بێلایه‌ن نین و نابن.
له (KNNC) وه