له‌م ده‌یه‌ی دواییدا، یه‌كێك له‌و ده‌زگایانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان زۆرترین جار بووەته رۆژه‌ڤ و جێی مشت‌ومڕ و ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بووه. هه‌موو ئه‌م قسه‌وباس و مشتومڕانه‌ش له فۆرمی وتار، چاوپێكه‌وتن، شیعر، داشۆرین، كاریكاتێر، سیخورمه، گۆرانیی میللی و هتد، به‌شداربوونه له دروستكردن و بیناكردنی ئه‌م دەزگایه. چونكه له‌لایه‌ك بوونه‌ته هۆی دروستكردنی هۆشیاریی جڤاكی له هه‌مبه‌ر ده‌زگاکه و ئاگایی خه‌ڵكیان به‌لایدا ڕاكێشاوه، هه‌م به به‌رده‌وامی ده‌زگاكه‌یان له نێوجه‌رگه‌ی رۆژه‌ڤ و باسوخواسی رۆژانه‌دا هێشتووەتەوە. هه‌میش به شێوه‌یه‌كی په‌نهان و ناڕاسته‌وخۆ دانپێدانانێك بووه به‌م ده‌زگایه و گرنگی له دونیای ئێمه‌دا.
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌موو ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی له هه‌ولێر ده‌كران، له به‌رده‌م په‌رله‌ماندا ته‌واو ده‌بوون، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی مانا و مه‌غزایه‌كی قووڵی هه‌یه. هاتنی خه‌ڵك بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان، هانابردنه بۆ ئه‌م ده‌زگایه، دانپێدانا‌نه پێی، پاشان راسپاردنێتی كه له‌جێی ئه‌وان له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی بێته‌گۆ. مه‌به‌ستمه بڵێم، به‌پێچه‌وانه‌ی بیری عه‌وام، كۆی ئه‌و ره‌خنه، داشۆرین و قسه‌و‌باسانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئه‌م ده‌زگایه ده‌كرێن، دواجار ده‌بنه مایه‌ی به‌هێزكردن و به‌تینكردنی هه‌م له هۆشیاریی جڤاکدا، هه‌م له‌نێو كایه‌ی ده‌زگایی هه‌رێمدا.
زۆر چالاكی و هه‌نگاو هه‌ن كه ده‌شێت بنرێن و ڕۆڵیان له كاراكردنی ئه‌م ده‌زگایەدا هه‌بێت هه‌م له‌ڕووی ره‌مزی، هه‌م له‌ڕووی كرده‌نی. بۆیه له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، هه‌م وه‌ك هاووڵاتی، هه‌م وه‌ك لێكۆڵه‌ر و پسپۆڕی ده‌زگا سیاسییه‌كان، به باشی ده‌زانم چه‌ند پێشنیازێك بخه‌مه به‌رچاو:
یه‌كه‌م- بۆ نزیكکردنه‌وه‌ی ئه‌م دەزگایه له خه‌ڵك و بردنی بۆ هه‌ر شوێنێكی مه‌مله‌كه‌ت و دروستكردنی رایه‌ڵ له نێوان كۆمه‌ڵگا و دەزگاكه، به باشی ده‌زانم په‌رله‌مان زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌وه بكات كه هاووڵاتیان مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بێن وه‌ك بینه‌ر و گوێگر له دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا ئاماده‌بن. هه‌موو تاكێكی وڵات مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بزانێت ئێوه له‌سه‌ر چی گفتوگۆ ده‌كه‌ن؟ چۆن گفتوگۆ ده‌كه‌ن؟ چۆن باسی گرفت و كێشه‌كانی شار و مه‌مله‌كه‌ت ده‌كه‌ن؟ له هه‌موو وڵاتێ ئه‌م مافه هه‌یه و هاووڵاتی حه‌قی په‌یڕه‌وكردنی هه‌یه. بۆیه به‌باشی ده‌زانم، په‌رله‌مان له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی فۆرمێكی تایبه‌ت ته‌رخان بكات بۆ هه‌ر هاووڵاتیه‌ك كه خواستی ئاماده‌بوونی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌یه. كه‌سی به خواست پێشه‌كی فۆرمی تایبه‌ت پڕبكاته‌وه و رۆژ و كاتی گه‌شتنی دیاری بكرێت. به‌ڵام په‌رله‌مان شوێنی جوگرافیی میوانه‌كان ڕه‌چاو بكات و كرێی هاتوچۆ و خواردنیان له ئه‌ستۆ بگرێت.
دووه‌م- په‌رله‌مان ڕێوشوێنی تایبه‌تیش بگرێته‌به‌ر بۆ پێشوازیكردنی فێرخوازان و لێكۆڵه‌ران كه به مه‌به‌ستی توێژینه‌وه روو له په‌رله‌مان ده‌كه‌ن. له‌م رووه‌وه هه‌م ئاسانكاری هاتنیان و چوونه ژووره‌وه‌یان بۆ بكرێت، هه‌م كۆمه‌ڵێ پێودانگی دی بۆ ئاسانكاری كار و چالاكی لێكۆڵینه‌وه‌یان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، په‌رله‌مان ده‌توانێت به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی فۆرمێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌م توێژه ته‌رخان بكات.
سێیه‌م- زۆر گرنگه وه‌ك زۆر له په‌رله‌مانانی جیهان، په‌رله‌مانی كوردستانیش گرنگی به لێكۆڵینه‌وه بدات و له‌م بواره‌دا ببێته هانده‌ر. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، زۆر باش ده‌بێت گه‌ر په‌رله‌مان بتوانێت بۆرسێكی تایبه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه ته‌رخان بكات به ناوی (بۆرسی په‌رله‌مان بۆ لێكۆڵینه‌وه). ئه‌م بۆرسه بۆ خوێندكارانی دكتۆرا بێت و په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ و مانگانه مووچه‌یه‌كی شایسته بۆ كه‌سی براوه‌ی بۆرسه‌كه ته‌رخان بكات بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌لومه‌رجێكی گونجاو‌دا كار و لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجام بدات. ئه‌م بۆرسه ده‌شێت دوو، یان سێ ساڵ جارێك بێت و له ڕێگه‌ی پێشبڕكێیه‌كی زانستی و بێگه‌ردەوە ببه‌خشرێ.
چواره‌م- هه‌ر له بواری لێكۆڵینه‌وه و هاندانی پرۆسه‌ی زانستی، گرنگه په‌رله‌مان خاوه‌ن گۆڤارێكی زانستیی وه‌رزی بێت بۆ هاندان و په‌ره‌پێدانی لێكۆڵینه‌وه هه‌م له‌سه‌ر په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران، هه‌م له‌سه‌ر كایه‌ی سیاسی به گشتی، بۆ نموونه له‌سه‌ر حزبه سیاسییه‌كان، سیسته‌می هه‌ڵبژاردن، ده‌نگدانی هاووڵاتیان و هتد. بێگومان له حاڵی حازردا (گۆڤاری په‌رله‌مانتار) هه‌یه كه له‌لایه‌ن یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستانه‌وه ده‌رده‌چێت، به‌ڵام گۆڤاره‌كه زۆر دووره له چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ی لێكۆڵه‌ر.
پێنجه‌م- له‌وانه‌یه كاتی ئه‌وه هاتبێت كه په‌رله‌مان كۆتایی به نەریتی پاسه‌وان بهێنێ. له جیاتی پاسه‌وان و به مه‌به‌ستی باشتركردنی دۆخ و هه‌لومه‌رجی كاركردن و چالاككردنی په‌رله‌مانتاران، په‌رله‌مان بۆ هه‌ر ئه‌ندامێك سێ گه‌نجی بڕوانامه‌دار له سێ بواری جودا ته‌عین بكات و وه‌ك تیمێك بۆ راپه‌ڕاندنی كار و چالاكیه‌كانی یاوه‌ر و پشتیوانی بن. له زۆرینه‌ی وڵاتان، په‌رله‌مانتار، یاریده‌ده‌ریان هه‌یه كه رۆڵێكی گرنگ له هه‌ڵسوڕاندن و ڕاییكردنی كاره‌كانیدا ده‌بینن. ئه‌م یاریده‌ده‌رانه ده‌توانن ببنه هاوكاری په‌رله‌مانتار له ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت، بینینی خه‌ڵك و سەردانی مه‌یدانی، گه‌ڵاڵه‌كردنی پێشنیاری یاسایی، ئاماده‌كردنی په‌رله‌مانتار بۆ گفتوگۆی نێو هۆڵی په‌رله‌مان و هتد.
شه‌شه‌م- گرنگیدان و خستنه‌سه‌رپێی "دیپلۆماسیی په‌رله‌مان" به كارێكی هه‌ره بایه‌خدار و گرنگ ده‌زانم. پێویسته په‌رله‌مان خودان پلان و به‌رنامه‌ی خۆی بێت بۆ دونیای ده‌ره‌وه‌ی و له‌م رووەوە دینامیكێكی دیپلۆماسی تایبه‌ت به خۆی بخاته‌سه‌ر پێ. له‌م ساڵانه‌ی دوایی، له ئه‌وروپا دیپلۆماسی په‌رله‌مان زۆرجار بووەته جێی گفتوگۆ و باسی هه‌م میدیاكان و دونیای سیاسی، هه‌میش ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه و زانكۆكان.
حه‌وته‌م- زۆر به گرنگی ده‌زانم په‌رله‌مان به‌شێكی تایبه‌تی بۆ ئامار هه‌بێت. چالاكی ئه‌م به‌شه‌ش بریتی بێت لە به‌ژماره‌ییكردن (Quantitative) ی كۆی چالاكی و كاره‌كانی په‌رله‌مان. گرنگه بزانین مانگانه چه‌ند پرۆژه‌ی یاسایی له حكومه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مان دێت و چه‌ندیان په‌سه‌ند ده‌كرێن. له به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند پێشنیازی یاسایی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێن و چه‌ندیان ده‌خرێنه به‌رنامه‌ی كار و دواتر په‌رله‌مان په‌سه‌ندی ده‌كات. گرنگه به‌رچاوڕوونیه‌كمان هه‌بێت له‌سه‌ر ژماره‌ی راپۆرتی لیژنه‌كان، ژماره‌ی سەردانی مه‌یدانیی په‌رله‌مانتاران، ژماره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیان، ئاماده‌یی و نائاماده‌ییان، ژماره‌ی ئه‌و نامانه‌ی له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه بۆ په‌رله‌مان دێن و هتد.
هه‌شته‌م- له زۆرینه‌ی وڵاتاندا ئه‌ندام په‌رله‌مان خاوه‌ن نووسینگه‌ی تایبەتی خۆیه‌تی و خه‌ڵك له نووسینگه‌كه‌یدا ده‌بینێت. له هه‌رێمی كوردستان، له جیاتی نووسینگه‌ی تایبەتی په‌رله‌مانتار، په‌رله‌مان نووسینگه‌ی هه‌یه و له چه‌ند شار و شارۆچكه‌یەکدا دایناون. به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌م نووسینگانه كه‌من و نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو شار‌و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی کوردستان ناكه‌ن.
نۆیه‌م- زۆر گرنگه په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌ك، یان له‌نێو یه‌كێك له لیژنه‌كانیدا به‌شێكی تایبه‌ت بۆ (سكاڵا و گازنده) ی خه‌ڵك ته‌رخان بكات. خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی هانا بۆ په‌رله‌مان بێنێت له هه‌مبه‌ر ئه‌و ناحه‌قی و بێدادیه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌كرێت.
ده‌یه‌م- بڵاوكردنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی په‌رله‌مان هه‌م بۆ هاووڵاتیان و هه‌میش بۆ لێكۆڵه‌ران گرنگه. بێگومان پێشتر ئه‌م كاره كراوه، به‌ڵام زۆر به ساده‌یی بووه و له‌جێی خۆزگه‌ی لێكۆڵه‌راندا نه‌بووه. بۆیه ده‌شێت له‌م رووه‌وە به شێوه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لتر و دەزگاییانه‌تر ئه‌م كاره بكرێت.
رووداو