تازەكردنەوەی هزری ئاینی چیە؟
نەوال ئەلسەعداوی
نوسینی: نەوال ئەلسەعداوی
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدن 
وەرگێڕانی: دواڕۆژ 
تازەكردنەوەی هزری ئاینی بریتی نیە لە تازەكردنەوەی هزری ئیسلامی یان پشت بەستن بە سەرچاوە ڕەسەنەكانی هزر و یاسا ئیسلامیەكان و بەس، بەڵكو بریتیە لەوەی هەموو سەرچاوە هزرییەكانی مێژوو بێ گوێدانە شوێن و سەردەم بە هەند وەربگیرێن و سوودیان لێ ببینرێت بە مەبەستی تازەكردنەوەی هزری مرۆڤایەتی و عەقڵی مرۆڤ لە پێناو پێشكەوتنی مرۆڤدا بە ژن و پیاوەوە و بە یەكسانی، هەروەها پێشخستنی ژیانی گەلان بەرەو بەها مرۆڤایەتیە بەرزەكان كە بریتین لەدادپەروەری و ئازادی و یەكسانی و خۆشگوزەرانی و ئاشتی و كاری داهێنەرانەو بیركردنەوەی خوڵقێنەر.

ئەم بەهایانە جیاوازییە ئاینی و ڕەگەزی و جێندەری و نەتەوەیی و سیاسی و جۆرەكانی دیكەی جیاوازی تێ دەپەڕێنێت كە لە سەردەمی سەرهەڵدانی كۆیلایەتیەوە سەپێندراون بەسەر نەتەوەو گەلانی جیهاندا. ئەم جۆرە سیستمە سیاسیە بە هەرسێ رەهەندەكەیەوە: ئابوری و دین و ڕەگەز ماوەی پێنج هەزار ساڵ حوكمی جیهانی كرد و سیستمێكە ستەمكار بەرامبەر ژنان و چینە چەوساوەكان لەژێر ناوی تاجی پادشایەتی و پادشای خوداوەند ئاسا كە لە ئێستا و ڕابردوودا لە یەكتری جیانەكراونەتەوە. ئەم ڕژێمە پشت بەستووە بە جەنگە سەربازییەكان لە بنیادی تاڵانكردنی ئابوری و عەقڵی مرۆڤ بە پەروەردە و ڕاگەیاندن و كەلتوور سڕ دەكات كە هەموویان ملكەچی سیاسەتە حوكمڕاكەن. ئەم ڕژێمەی كە خۆی لەژێر بەرگی ئایندا شاردۆتەوە شكستی هێنا لە دابینكردنی ئاشتی و دادپەروەری بۆ زۆربەی هەرە زۆری میللەت، چ لە خۆرهەڵات چ لە خۆرئاوا. ڕژێمێكی نا مرۆڤایەتیە و تەنها خزمەتی لە %1 ی مرۆڤ دەكات كە خاوەنی تەكنەلۆجیای چەكە كۆكوژەكانە و بۆ خزمەتكردنی بازاری ئازادە. 

ئازادیش لای ئەوان تەنیا بریتیە لە ئازادی ئەو كەسانەی كە هەموو شتێكیان هەیە بۆ تڵانكردن و ڕووتاندنەوەی ئەوانەی كە هیچیان نیە. تەنانەت شەرەفی خەباتكردنیش دژی ستەمكاری تەنیا بۆ ئەوانەیە كە دەتوانن نووسەر و مێژوونوس و مەرەكەب دانەر و چاپخانە و دەزگای بلاوكردنەوە بكڕن و دەسەڵاتی خستنە بازاڕو ڕیكلامكردنیان هەبێت.
ئەمانە تەنانەت خاوەنی گیانی مرڤیشن، ئەمان خەڵكەكە حوكم دەدەن بەوەی كە نیشتیمان پەروەرە یاخود ناپاك، شایستەی ژیانە یان كوشتن، ئەویش بە پێی بەرژەوەندییەكانیان و هیچ یاسایەكی دادپەروەر لە سایەیی ڕژێمی دەسەڵاتی نادادەپەروەردا بوونی نیە. ئەو ڕاستیە سەلماوە كە لە مێژوودا هەرگیز هێزی سیاسی لە هێزی ئاینی جیانەكراوەتەوە. ئەمە لە سەردەمی خواوەند( یەهووەوە ) هەتاكو ترامپ سەرەڕای ئاشكرابوونی نهێنیە كەهەنووتیە داخراوەكەی نێوان ئاین و سیاسەت هێشتا هەر هزری ئاینی جیاوازە لە هزری سیاسی و دروشمی نوێكردنەوەی هزری دینی بەرز دەكرێتەوە بێ تازەكردنەوەی هزری گشتی.

پاش شكستهێنانی كەنیسە لە بەرامبەر دەستكەوتەكانی عەقڵ و زانستدا و دواتر سەرهەڵدانی ئیمپریالیزمی ئەوروپی بەردەوام بانگەوازكراوە بۆ تازەكردنەوەی هزری ئاینی و چەندین بزوتنەوەی سیاسی دەركەوتوون دژی هزری كاپۆلیك لەوانە ڕیفۆرمی ئاینی و بزوتنەوەی پڕۆتستانتەكان، پاشان بزوتنەوە شۆڕش گێڕەکانی تر كە فەلسەفەی جەولەكە و مەسیحی جیاكردەوە لە عەقڵی مرۆڤ. بەڵام هەرچەندە ئەوروپا وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیەكانی داگیر كرد كەچی هێندە سیاسیەكان هەوڵیان نەدا عەقڵی عەرەبی و ئیسلامی پێش بخەن تەنیا لەو چوارچێوەیەدا نەبێت كە خزمەتی بەرژوەندییە ئابورییەكانی خۆیان بكات. بۆ نموونە دەبینین ئیستعماری بڕیتانی هێڵی شەمەنەفەری دامەزراند بۆ گواستنەوەی لۆكەی میسڕ بۆ هەندەران كەچی سوور بوو لەسەر سڕ كردنی عەقڵی گەلە موسڵمانەكەی میسڕدا بۆئەوەی لە سێ كوچكەی نەزانی و هەژاری و نەخۆشیدا بمێنێتەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا دەبینین ئەو هێزانە بە دۆلار و بە دینار پشتیوانی لە ڕەوتە تیرۆرستیە ئاینیەكان دەكەن بۆئەوەی ڕژێمە دەسەڵاتدارەكان لەناوچەكە و لە جیهاندا بمێننەوە و شۆڕشە هزرییەكان لەبار بچن.

دوارۆژ

AM:02:15:27/05/2019