لە كافكاوە بۆ شێركۆ بێكەس
ڤینۆس فایه‌ق
كافكای چیكی، یەكێك لە بەناوبانگترین نووسەرانی رۆمان و چیرۆكی كورت و بە زمانی ئەڵمانی دەینووسی، زۆربەی ژیانی لەناو شاری پراخ بەسەربردووە، ئەگەرچی هەمووی نەهامەتی‌و ئازار و نائارامی بووە، بەڵام ئەو بەردەوام پراغ لەناو مێشك و بەرهەمەكانیدا دەژیا، بەتایبەت ئەو ماوانەی كە لە بەرلین ژیانی كردووە و دواجاریش دەگەڕێتەوە پراخ و لەوێ كۆچی دوایی دەكات و لە یەكێ لە گۆڕستانەكانی ئەو شارەش نێژراوە. 

ماڵەكەی فرانز كافكا (1883 – 1924) دەكەوێتە ناوجەرگەی شاری پراغی پایتەختی چیكەوە، كراوەتە مۆزەخانەیەكی سەردەمیانە، ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار و ئاشقانی ئەدەب و بەتایبەت بەرهەمە ئەدەبیەكانی كافكا، سەردانی دەكەن و لێی دادەنیشن و وێنەی لێدەگرن، زۆربەی هەرە زۆری وێستگەكانی ژیان و بەسەرهات و بەرهەمە چاپكراو و چاپنەكراوەكانی كافكای تیا پارێزراوە و بە شێوازی جیاجیا، وێنە، دەستنووس، فیلم بە دەنگ بۆ گەشتیاران و هەوادارنی نمایش دەكرێن. گۆڕی ئەم پیاوە مەزنەش لە یەكێك لە گۆڕستانەكانی شاری پراغە، كە شوێنی ئاسایی و لۆژیكی خۆیەتی و زۆر كەسیش هەن هەر نازانن كەوتووەتە كوێوە، چونكە ئەوەی بۆ هەوادارانی گرنگە، بەرهەمەكان و رۆحی بەرهەمەكانیەتی نەك گۆڕەكەی، بەڵكو بە گۆڕەكەی كەس بێزار ناكەن، لە جێگەیەكدا كە شوێنی پیاسە و حەوانەوە بێت. 

دووساڵ بەر لە ئیستا، كە لە میانەی سەردانێكمدا بۆ یەكەمجار بۆ شاری پراغ دەبوو سەردانی ماڵەكەی كافكا بكەم، وا تێگەیشتبووم كە گۆڕەكەی هەر لە حەوشەی ماڵەكەیدا بێت، بەڵام وا نەبوو، بەڵكو ماڵەكەی كرابووە سەنتەرێك بۆ كۆبوونەوەی نووسەر و شاعیر و هەوادارانی ئەدەب و رۆمانخوێندنەوە و بەتایبەت بەرهەمەكانی كافكا، سەنتەرێك بۆ ئاشنابوون لە نزیكەوە بە ورد و درشتی ژیانی كافكا و دەستنووسەكانی، بەتایبەت ئەو پارچە كاغەزانەی كە چەند چیرۆك‌و دەقەكانی كە لە دواساتەكانی ژیانیدا لە حاڵەتەكانی بێ هیوایی و رەشبینیدا نووسیونی‌و نامەیەك بۆ هاوڕێی تەمەنی (ماكس برۆد) كە تكای لێدەكات هەمووی بسوتێنێت لە دوای مردنی، بەڵام خۆشبەختانە (برۆد) نایانسوتێنێت و ئیستا هەمووی بە دەستوخەتی كافكا خۆی لە ماڵەكەیدا كە مۆزەخانەیە، نمایشكراون و خەڵك دەتوانن بیانبینن و بیانخوێننەوە و وێنەشیان بگرن.

لە ماڵی كافكا چوومە دەرەوە، هەرگیز بیرمنەكردەوە سەردانی گۆڕەكەی بكەم، چونكە ئەوەی بۆ منێكی هەواداری بەرهەمەكانی ئەو پیاوە ئەو جێگەیە، تینوێتیم دەشكێنی كە هەموو ئەو وردو درشتانەی ژیانی تێدا دەبینمەوە، نەك كێلی گۆڕەكەی و ناوەكەی لەسەر كێلەكە... ئەوجا بیرم لەوە كردەوە، كە بۆچی ئێمەی كورد، هێندە رەشبین‌و نیگەتیفین تا ئەو رادەیەی گۆڕی ناودارترین شاعیر بۆ نموونە شیركۆ بێكەس لەناو پاركێكدا دانراوە كە تەنها و تەنها بووەتە رەمزێك بۆ فەنابوونی ئەو شاعیرە ناودارە و لەناوچوونی جەستە و ئاوابوونی تەمەنی داهێنان و بەرهەمهێنانی... لە كاتێكدا ئەو پاركە منداڵ و گەورە و بچووك بۆ حەوانەوە و كاتبەسەربردن سەردانی دەكەن، نەك بۆ ئەوەی بەردەوام لووتیان بە گۆڕێك بپژێ و لەگەڵ ماناكانی مردن و لەدەستدانی كەسەكان ئەو ساتانە لەو پاركەدا بەسەربەرن.

لە كاتێكدا كورد شیركۆ بێكەسی وەكو مرۆڤ و جەستە لەدەستداوە، بەڵام ماڵ و مێژوو و بەرهەم و داهێنانەكانی لەدەستنەداوە، ئەی نەدەكرا لەجیاتی ئەوەی گۆڕەكەی لە پاركی ئازادی وەكو رەمزێك بۆ نەمانی ئەو شاعیرە، ماڵەكەی بكرایەتە مۆزەخانەیەكی بەرهەم و خەیاڵەكانی شیركۆ بۆ هەوادارن و تەنانەت بۆ گەشتیارانیش، هەروەك چۆن لە مۆزەخانەكەی كافكا دەفتەرەكانی كافكا بە لاپەڕە سپیەكانیشیەوە نمایشكراون و زۆر كەلوپەلی تر كە رۆژانە بە كاری هێناون، ئەوەش لەگەڵ شێركۆ بێكەس و هەموو ئەو كەسایەتیانەی كە دەمرن و ئەم دونیایەمان بەجێ دەهێڵن بكەن؟ 

ئاخر كە سەردانی ماڵەكەی كافكا دەكەیت، بەردەوام بە هەستێكەوە بەناو ماڵەكەیدا پیاسە دەكەیت، كافكا قۆڵی لە قۆڵتایە و خۆیەتی قسەت بۆ دەكات و شتومەكەكانیت پیشاندەدات و دەستنوسەكانیت بۆ دەخوێنێتەوە و باسی ژیان و بەسەرهاتەكانی ژیانی خۆیت بۆ دەكات و وێنەكانی منداڵی و هەرزەكارییت پیشان دەدات. 

برادەرێكم لێی پرسیم: لەوەتەی شێركۆ بێكەس مردووە، چوویت سەردانی گۆڕەكەی بكەیت؟ گوتم: نەخێر، بەتەماش نیم بچم سەردانی بكەم. هاوڕێكەم زۆر سەیری لێهات، گوتم ئاخر شێركۆ بێكەس و هەموو شاعیر و نووسەرە بەناوبانگەكانی میللەتەكەم كە دەمرن، بۆ من بریتی نین لە جەستەیەك كە دوای ماوەیەك لە ژێر خاكدا هەڵدەوەشێن، بریتی نین لە كێلی گۆڕێك بچم لەبەریا بووەستم، دەی ئەگەر چووم و وەستام، دوایی؟ ئەوەی بۆ من مایەی مانەوە و ئەزەلیەتی ئەو شاعیر و نووسەرانەیە، بەرهەم و وێستگەكانی ژیانیان و وردەكاریی ژیانی رۆژانەیان و دەستنووسە بڵاونەكراوەكانیانە، كە دەبێت شوێنێك هەبێت تیایدا پارێزراو بن و پیشانی گەشتیاران و هەوادارانیان بدرێت. خەڵك سەردانیان بكەن و ببنە مایەی ئیلهام و داهێنان و هەروەها رووی گەشی مێژووی ئەدەبمان پیشانی گەشتیارانی وڵاتانی دیكە بدات. 

لانیكەم دەكرێ وەكو هەنگاوێكی سەردەمیانە مۆزەخانەیەكی ئەدەبی هەبێت، ژیان بكاتەوە بەبەری ئەو نووسەر، رۆماننووس و شاعیرانەی كە بە جەستە ئەم جیهانەیان بەجێ هێشتووە، و نووسین و بەرهەم و وردەكارییەكانی ژیانی رۆژانە و داهێنانە نەبینراو و نەبیستراو و چاپنەكراوەكانیانی تێدا پارێزراوبێت و خەڵك سەردانیان بكات و ببێتە شوێنێك بۆ ئارامی و گردبوونەوە و پێكگەیشتنی هەوادارانیان و پێشوازیكردن لە گەشتیاران و ئاشناكردنیان بە داهێنەرەكانمان لە مێژوودا.



شار پرێس 

AM:10:33:20/08/2019