هەر خەفەتم هەڵمژی
هیوا جەمال

وەكو زۆربەی رۆژەكان كە بەیانیان زوو دەچمە پاركی سامی عەبدولرەحمان بۆ پیادەڕەوی، ئەمڕۆ چوومە پاركی ئازادی لە سلێمانی، جگە لە بینینی سرووشتی جوان و هەڵمژینی هەوای خاوێن، بەدیاریكراویی پێنج بۆ 10 خولەك هەناسەی قوڵ هەڵدەمژم و، هێواش هێواش هەناسە دەدەمەوە، (وەك زانایان دەڵێن زۆر بەسوودە) هەروەها هەمووكات پێمخۆشە هەندێ دیمەنی جوان بە هاوێنكۆی موبایلەكەم بگرم.

جگەلەوەی پاركەكە هیچ جێگەیەكی تایبەتی لێ نییە بۆ غاردان و پیادەڕەوی تەرخانكرابێت ( شوێنی راخراوی تارتان)، بەناچاری دەبێت بەسەر قیر و كۆنكرێتدا بڕۆیت، هەروەها ئەو ئامێرانەش كە دانراون بۆ وەرزشكردن هەم شوێنیان باش نییە هەم ژێریان قیرە.

بەو بەشەیدا دەستم بە رێکردن كە بەرامبەر مزگەوتی كانی ئاسكانە، راستەوخۆ تووشی دڵتەنگی بووم، هەندێ زیاتر رۆشتم، بەو رێڕەوەدا رۆشتم، كە بەرامبەر خوێندنگەی شیرینە، دیسان زیاتر خەفەتم خوارد، ئەو پاركەی ساڵی 1994 لەلایەن خاتوو كافیە سلێمان، وەزیری شارەوانی ئەو سەردەمە بەردی بناخەی دانرا، بۆچی دەبێت هێندە پیس و پڕ خاشاك بێت! پاركێك كە دەبێت دۆستی ژینگە بێت، پڕ بوو لە نایلۆن و قووتووی ساردی و تەنانەت دایبی.

هەر سوربووم لەسەر ئەوەی هەندێ وێنەی جوان و پڕ سەوزایی بگرم و بینێرم بۆ پۆرتاڵی رووداو، بەرەو باخچەی 20 گەنجەشەهیدەکە چووم، (ساڵی  1985حكومەتی بەعس رەشبگیرییەكی ئەنجامدا و دەیان كەسی دەستگیركرد، 20 گەنج رەتیانكردەوە بچنە سەربازی و هەر لەو شوێنەدا لەسێدارەدران) سەرەتا وا مبیردەكردەوە بەهۆی بێئاویی ئەو چیمەنە زۆرە وشكبووبێت، لە باخچەكەدا باخەوانێكم بینی بە سۆندە چیمەنەكەی ئاو دەدا، سڵاوم لێكرد، چەند هەنگاوێك دووربووم،  لێمپرسی ئەوە بۆ ئەو باخە ئاوا وشكبووە؟ باخەوانەكە گوتی: ئەم ئاوە پیسە بۆ خواردنەوە نابێت، هەندێ دەنگم بەرزتر كردەوە و پرسیمەوە، دەڵێم: بۆچی چیمەنەكە هەر وشكە و ئاویشی دەدەیت؟ دیسان گوتی: ئەگەر دەموچاوت دەشۆیت وەرە بیشۆرە،  دیاربوو باخەوانەكە گوێی گرانبوو، ناچار زیاتر لێی نزیكبوومەوە و پرسیارەكانم تێگەیاند، باخەوانەكە گوتی: ئەم باخە لەهەموو باخەكان زیاتر ئاوی هەیە، بەڵام خاكەكەی بەكەڵك نەماوە، ماوەی 15 ساڵە هەمان خاكە، دەبێت ئەو گڵەسوورە بگۆڕدرێت و گڵی رەشی بۆ بێنن.

بەو بەیانییە زووە هەر سوربووم لەسەر ئەوەی وێنەكانی خۆم بگرم، بەرەی دەستە راستم و بەرامبەر ئەو گەڕەكەی پێیان دەگوت فیرعەونەكان رۆیشتم و بیرمكەوتەوە كاتی خۆی رەوانشاد مام جەلال سەكۆیەكی كردەوە و ناوینا سەكۆی ئازاد، ئەوكات گوتی: لێرەوە دەتوانن بە ئازادی قسە بكەن و رەخنە بگرن، هەركەسیش رەخنە لە من بگرێت گەردەنی ئازاد بێت، هەندێ لەدوورەوە سەیرمكرد لەبەر چاوم سەكۆكە بچووك ببووەوە، لەدڵی خۆمدا گوتم: تۆبڵێی دەستكاری كرابێت؟ كە چوومە سەر سەكۆكە، بینیم وەكو شوێنەواری لێهاتووە، دەڵێی چەندین ساڵە جێهێڵراوە و كەس پێیدا نەچووە، هەر بەراستی خەفەتم خوارد، چۆن دەبێت تەنانە شوێنێك كە بۆ رەخنەگرتن و ناڕەزایی دەربڕین دانراوە لە شاری رۆشنبیری وەك شوێنەواربێت و ئەوەندە بێ ئاوەدانی بێت؟ سەكۆیەك كە چەند مەترێك لە گڵكۆی شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس دوورە، باشم لەبیرە كە شێركۆ بێكەس لەو سەكۆیەدا گوتاری دەدا.

لە چەند شوێنێكی پاركەكەدا لەگەڵ هەندێ رێنمایی، ژمارەی تەلەفۆن نووسراوە بۆ پێشنیاز و تێبینی، تەلەفۆنم بۆ كرد وەڵامیان نەدایەوە، دواتر تەلەفۆنم بۆ كاك كامەران كرد كە بەڕێوەبەری باخچەكانە، داخرابوو، پاشان بۆ سەرۆك شارەوانی، كاك توانا، ئەویش وەڵامی نەدا، لەپاش ئەویش تەلەفۆنم بۆ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی كرد، لەگەڵ لێدانی زەنگی تەلەفۆنەكە وەڵامیدایەوە و، بەگەرمی  سڵاوی سەندەوە، كە باسمكر گوتی: خۆشم چووم و گریانم بۆی دەهات، پارەی ئیمێرجنسی لای من هەیە، بۆم خەرج كردوون، بەڵام شارەوانی و ئاو و كارەبا، بەباشی ئیشی خۆیان ناكەن، وەزارەتی شارەوانی تەندەرەكان بەڕێناكات، دواتر گوتی: بۆ وردەكاری زیاتر، لەگەڵ كاك خەسرەو كەمال، قسە بكەم، تەلەفۆنم بۆ ئەویشكرد، وەڵامی نەدایەوە.

كاك توانا كەمال، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، تەلەفۆنی بۆ كردمەوە، گوتی كە ئاگادارن و موعاناتی شارەوانییەكان زۆرە، هەروەها گوتی كارەكان زۆر بەخاوی دەڕۆن، بۆ نموونە، داوای سێ ملیۆن دینارمان كردووە بۆ مزەخەی ئاو، ماوەی 45 رۆژ لە وەزارەتی شارەوانی ماوەتەوە، ئینجا رەزامەندی دراوە، ماوەی 50 رۆژە لە وەزارەتی داراییە و هێشتا خەرجنەكراوە.

ئەمڕۆ بیرمچوو هەناسەی خاوێنی قووڵ هەڵمژم، هەر خەفەتم هەڵمژی.
هیوادارم ئاوڕێكی لێبدرێتەوە
 
رووداو 

AM:05:50:17/06/2019