ژینگەدۆستی فێربونە نەک کامڵبون
ئەحمەد جیهانپور
هەتا چەند مانگێک پێش ئێستاش هیچ بیرێکم لە کاریگەریی جلوبەرگەکانم نەکردووەتە لەسەر ژینگە؛ ڕەنگە هەندێک جار خۆم گێڕابێتەوە لە جل کڕین، جلی دەستی دوم کڕیبێت، یاخود جلەکانم دابێتە کەسێکی دی، بەڵام لەبەر هۆکاری تر بوە نەک بیرکردنەوە لە ژینگە، هۆکارەکەش ئەوەبوە کە زانیاریم لەسەر ئەو کاریگەرییە گەورە نەبوە کە جلوبەرگ لەسەر ژینگە هەیەتی.

تا ئەوە بوو جارێک لە پۆلەکەماندا لاپەڕەی ڕۆژنامەیەکم دی نووسرابو "ئەو پێنج شتە گرنگەی پێویستە بۆ پاراستنی ژینگە ئەنجامی بدەیت"، کاریگەری هەمو ئەوانی دیم دەزانی، جلوبەرگ نەبێت، هەر یەکەمجارم بو بیبینم ئەوەندە بەگرنگ دابنرێت و لەڕیزی پێنج یەکەم شتەکەدا بێت.

بەهەرحاڵ دواتر خۆم ڕۆشتم زیاتر لەسەرم خوێندەوە و گەشتمە قەناعەت کە ڕاستە، لە دوای ئەو کاتەوە تا ئێستا تەنها تیشێرتێک و سێ جووت گۆرەویم کڕیوە، کە لە یەکێکیان پەشیمانم و ئەوەی سێیەمیش هی بامبوە وام کڕیوە ماوەیەکی زۆر پێویستم بە کڕینەوەی نەبێت.

ناڵێم ئیتر جل ناکڕم و ئەو قسە زلانە، بەڵام لە هەر هەنگاوێکی ئایندەمدا بشمەوێت ناتوانم بیر لە کاریگەریی جل کڕینەکەم نەکەمەوە لەسەر ژینگە، جا هەر هێندەی کڕینەکەی کەم بکەمەوە و هەوڵبدەم بە جۆرێک خزمەتی جلەکانم بکەم کە وزە زۆر سەرف نەبێت و زوو خراپ نەبن بۆ ئەوەی پێویستم بە جلی تازە بێت، کارێکی کەم نییە.

بیرۆکەیەکیشم هەیە بۆ ئەو جلانەی کە ماوەتەوە، چونکە جل فڕێنادەم و هێشتاش جلی ٢٠٠٩م ماوە، مەگەر ئەوەی یەکێکی دی بۆ خۆی بردبن. هەرچەندە ئێستا دەزانم خودئاگا و ناخودئاگا ئەمەم وەک بیانوویەک بۆ کڕینی جلی نوێ بەکارهێناوە.

دەزانم بابەتەکە لەسەر زۆر کەس قورسە، چونکە تازەیە بۆمان. بازرگانییەکی زەبەلاح و نابەرپرس بەردەوام نەقیزەمان ئەدا جلی زیاتر و زیاتر بکڕین و خۆشمان زۆر بوونمان بە خۆمانەوە نەدیوە. چارەسەرەکەی ئەوەیە سێرچێک بکەی، کەمێکی لەسەر بخوێنیتەوە، پاشان مۆڵەت بە خۆت بدەیت، بەرە بەرە شتێک دەگۆڕێت. ئەوەش کە تێبگەین شیکبوون ئەوەیە یەک جلی کوالێتیدار بکەیتە بەرت، نەک دە دانەت هەبێت و هەمووی وەک عەلاگەی بۆند بێت، ئەمە عەیب و ناشرینە پێش ژینگەدۆستییەکەش، چونکە هەر لە دورەوە ئەبریقێتەوە.

جا ژینگەدۆستی پرۆسەی فێربونە، پێویست ناکات کامڵ بیت ئەنجا بڕیار بدەیت یان ژینگەدۆست بیت. هەر خۆت فێربکەیت، مەراقت هەبێت و پرسیار بکەیت، شتێک دەگۆڕێت. ئەو یەک شتەش زۆر گرنگە، هەم بۆ ژینگە هەم بۆ هەنگاوە گەورەکانی تریش.


خه‌ندان 

AM:03:17:17/07/2019