سووتاندنی ماڵی وەفایی، داپۆشینی كڵاوڕۆژنەیەكی مەعریفیی
د .سازان زاهیر

سووتاندنی ناوەندێكی ڕۆشنبیریی، بەواتای داپۆشینی كڵاوڕۆژنەیەكی مەعریفیی‌و كەلتووریی‌و لەوەش زیاتر، بەكەمزانین‌و بایەخنەدان بەلایەنی ئەدەبیات بە چەمكە فراوانەكەیەوە. لە سەدەی بیست‌ویەك‌و سەردەمی جیهانگیریی‌و تەكنەلۆژیادا، چی بەرهەمهێنەری ڕووداوێكی لەو جۆرەیە؟!! غیابی ئەقڵ، زاڵبوونی نەست، گرێی دەروونیی، بیری تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر نەپاراستنی مافی لەچاپدان، یاخود یاخیبوون لە واقیعی كۆمەڵگا لەپێناوی خاڵیكردنەوەی ڕق‌و توندوتیژیی....هتددا. لەڕاستیدا، ئەوەی مرۆڤ بە جیهان‌و دەوروبەرەوە دەبەستێتەوە، بەر لە هەر شتێك، بوونی ئاوەزێكی تەندروستە، بەو مانایەی، مرۆڤی ئاسایی لەڕێی بوونی مەعریفەو ژیریی‌و ئاگاییەوە ژیان ئەزمووندەكات، بەوەش تەواوی پەیوەندییەكانی لەڕێی ئەقڵێكی كامڵەوە ڕیكدەخات، پێچەوانەكەشی، ئەگەری دەستخستنی ئەنجامێكی چاوەڕواننەكراوی دەبێت، بۆ نموونە هەر كات هۆشمەندیی باڵا بەرەو هەڵدێر چوو، ئەو كات ئاوەزی تاك نالۆجیكییانە حوكمدەكات‌و خود دەكاتە كۆیلەی بڕیارە ناڕاستەكانی، لێكەوتەكەشی، لادانە لە ڕەوتە نەریتییەكەی ژیان‌و تێكشكاندنی ئەو پێوەرانەی، لەپێناوی پاراستنی دابونەریت‌و ژینگە كۆمەڵایەتییەكەیدا، مرۆڤ ناچاری پابەندبوون دەكەن. 



ئەگەر یاخیبوونی مرۆڤ، یاخود بەدەستهێنانەوەی ماف لە سووتاندنی ناوەندێكی ڕۆشنبیریی‌و ئەدەبیدا خۆی ببینێتەوە، ئەوا ئەستەمە زیانە فكرییەكان بەئاسانیی قەرەبووبكرێتەوە

ئەگەر یاخیبوونی مرۆڤ، یاخود بەدەستهێنانەوەی ماف لە سووتاندنی ناوەندێكی ڕۆشنبیریی‌و ئەدەبیدا خۆی ببینێتەوە، ئەوا ئەستەمە زیانە فكرییەكان بەئاسانیی قەرەبووبكرێتەوە، چونكە هەر ناوەندێكی ڕۆشنبیریی، بەتەنها موڵكی خاوەنەكەی نییە، بەڵكو شوێنی كۆكردنەوەو گفتوگۆی سەدان نووسەرو ئەدیب‌و خوێنەری لێهاتوو و كارامەن، بۆیە سووتاندنی جەستەی كتێبەكان، واتە سووتاندنی ڕۆحی سەدان نووسەر، شكاندنی ئەو قەڵەمانەی، بە ئەزموون‌و تاقیكردنەوە بۆچوونە كەسیی‌و زانستییەكانیان دەگەیەنن، لەبەرئەوە خۆدانەدەست بیركردنەوە نەرێنییەكان‌و جڵەوبەردانی ئەقڵ، دووكەوتنەوەیە لە بەها ڕەوشتییەكان، پەیوەندیی ئەمەش بە تێگەیشتن‌و كامڵبوون‌و ئەزموون‌و دونیادیدەیی مرۆڤەوە تەواو ڕێژەییە، بەتایبەت، كە هیج كام لەمانە، نەیانتوانی كاریگەریی ئەرێنییان هەبێت‌و ڕێگریی لە نەهێشتنی خاڵە لاوازەكان بكەن.



نابێت لەژێر هیچ ناوێكدا ڕەوایەتیی بەم كارە بدرێت‌و ڕەنجی چەندین ساڵ‌و خەرمانی كۆكراوەو ئەزموونی كەڵەكەبووی ڕۆشنبیریی‌و ئەدەبیی‌و زانستیی بكرێنە سوتووی بڕیارێكی كەسیی ناپەسەند

كورت‌و پوخت، نابێت لەژێر هیچ ناوێكدا ڕەوایەتیی بەم كارە بدرێت‌و ڕەنجی چەندین ساڵ‌و خەرمانی كۆكراوەو ئەزموونی كەڵەكەبووی ڕۆشنبیریی‌و ئەدەبیی‌و زانستیی بكرێنە سوتووی بڕیارێكی كەسیی ناپەسەند، بەڵكو پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەتایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیریی‌و لیژنەی ڕۆشنبیریی لە پەرلەمانی كوردستان، لە چوارچێوەی كاری خۆیاندا سنوور بۆ بەزاندنی هێڵە سوورەكان دابنێن‌و كاربكەن بۆئەوەی، مافی هاوڵاتی پارێزراو بێت‌و یاسا لە چارەسەركردنی كێشەكاندا سەروەرو باڵادەست بێت.         

لڤین 


AM:03:41:22/07/2019