لە ستایشی دایکانی زەبووندا
شێرزاد حەسەن


سەردەستەیی و تەرخانکردنی هونەری دروستکردنی کۆی کاسە و کەوڵ و قاپ و قاچاغی بەردەست و پێویست وەک کارێکی پیرۆز و داهێنەرانە، کە بووبووە ئەرکێکی ژنانە و پیاوان خۆیان لە قەرەی نەدەدا، رێک وەک چۆن سک و زا و منداڵبوون تایبەت بوو بە توخمی مێیینە، لەڕاستیدا ئەوەی کە پتر سیحر و ئەفسوونی بەو کار و داهێنانە دەبەخشی، سەرسامیی کۆی کۆمیونتی و خێڵەکان بووە بەوەی، کە ئایا ئەوەیان چ پەرجوو و موعجیزەیەکە، کە لەو گڵ و خۆڵە، ئەو هەموو پێویستییانەی ژیانی رۆژانە دێنە بوون؟ پیاوان مەزەندەیان دەکرد، کە نهێنییەکی گەورە لەپشت ئەم هێز و توانایەدا هەیە، کە ژنان دەرەقەتی دێن و کەچی پیاوان تیایدا بەهرەمەند نین؟ هەر خودی ئەوەی، کە ئەو قاپ و دەوری و کاسە و دەفرانە هەڵگری گەنم جۆرەها دانەوێڵە بوون و پاشان لەناویدا خۆراکی خاو و سارد دەکوڵا و گەرم دەکران، وەک دۆخێکی سیحرئامێز خۆی دەنواند، کە لە شتگەلێکی خاو و سروشتی و کاڵ، خانمان بە دەستڕەنگینیی خۆیانەوە خوانێکی گەرم و رازاوەیان دەکردە خەڵاتی کۆی ئەندامانی خێڵ و خانەوادە، کە بۆ خۆی ئەو گۆڕانکارییە پڕ بوو لە شادی و ئەفسوون.


ئەگەر بگەڕێینەوە ئەو رۆژگارە، دەتوانین وا مەزەندە بکەین، کە ئەو وزە و توانایەی خانمان، کە وای دەکرد ژیانێکی تازە و گونجاو بۆ هەر کۆمیونتی فەراهەم بێت، کە دواجار دەبووە مایەی جێگیربوون و مانەوەی هەمووان، کە دەکرێت بڵێین زێدەڕۆیی نییە ئەگەر داهێنان و هونەری گۆزەگەری بایی ئەوەندە گرنگ بووبێت بۆ ئەو ژیانە هەرە سەرەتاییە، کە رەوایە بەراوردی بکەین لەگەڵ دۆزینەوەی نەوتی خاو و پرۆسەی پاڵاوتکردنی، کە لە قۆناغیکی درەنگتردا تێکنۆلۆژیا و پیشەسازی ساز و ئامادەی کردووە. ئێمە لەمڕۆکەدا ناچارین سوپاسگوزاری ئەو ژنە یان پیاوە بین، کە ئاگری دۆزییەوە، بەڵام لەم بەرواردکاییەی نێوان هونەری گۆزەگەری و دۆزینەوەی نەوتدا، ئێمە ناهەقیی دەکەین بە مرۆڤی چاخی بەردین، چونکە ژنان بەوپەڕی حەز و جوانی و عیشقەوە، گیانی بە گیانی دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەم پیشە و هونەری گۆزەگەرییە نەرم دەکرد، بگرە قوڕەکەی بە رۆحی دەستەجەمعی کۆی خەڵک و خێڵەکە شێلرابوو، کارێکی میکانیکی نەبووە، واتا لەمڕۆکەدا، کە بە یارمەتیی تێکنۆلۆژیا، کە ئاسانکارییەکی زۆر دەخاتە بەردەستی گۆزەگەرەکان، بەڵام خودی ئەو هەستە ئەفسوونئامێزە نابەخشێت.


لێرەدا ئەگەر هەڵوێستەیەک بکەین و سەیری خۆمان بکەین، کە سەدەی بیست و یەکە، هێشتا بە ملیۆنان لە هەردوو رەگەزەکە هەن، بڕوایان وایە جێگەی ژنان بە تەنیا ماڵە و بەس، سەدان پیشە هەن لەمڕۆکەدا، کە وا دابەش کراون لەسەر ئاستی زانکۆ و کۆلێژەکان، کە ژمارەیەکیان بە کەڵکی نێرینە دێت و ژمارەیەکیان بە کەڵکی مێیینە، کە ئەوەیان لەنێو هیچ جوگرافیایەکی خۆ-بەشارستان-زان باوی نەماوە. ئەگەر ژنان لە رۆژگاری (چاخی بەردین)دا سەردەستەیی خۆیان لە زۆر کار و پیشەدا نواندووە: گۆزگەری و دەرمانسازی و کەوی و ماڵیکردنی پەلەوەر و گیانداری کێوی، کۆمەک پێکردنی پیاوانی راوکەر و میوەچنی و هەم پەرەدان بە ژیانی کشاوەرزی، ئیدی بۆ دەبێت لە هەنووکەدا وا بزانین هەموو دونیای دەرەوە هی پیاوانە و ماڵیش تاکە شوێنێکی شیاوی ژنانە؟ هەڵبەتە لەناو ماڵێشدا جێگەی ژنان و کچان: ئاشپەزخانە/ مووبەق و ژووری خەوتنە. تاوەکوو ئێستا بە ملیۆنان پیاو ماون لەناو شانشینی نێرگەل و ئەم دەڤەرەی ئێمەدا، کە تەنیا لە ژووری خەوتندا ژنەکانیان بیر دەکەوێتەوە، چما ژنان پەقرەچ و تەنەکەی تێهاوێشتنی خۆڵ و خاشاک و شەهوەتی مێردەکانیانن، کە شەوانە بە زۆردارەکی ئەتک بکرێن، کە کەڵەگا و نێرەوزی گیاندارە کێوییەکان و دڕندەکانی ناو جەنگەڵ نایکەن، بگرە زۆر بە نەزاکەتەوە دەچنە گژ مێچکەکانیان، لەم بوارەدا، کە ناوی جووتبوونە، دڕندەکانی جەنگەڵ جوامێرترن لە ئێمە.


پەروەردەیەک لەناو ماڵەکان و مزگەوتەکان و مەکتەبەکان و هەر هەموو خانەکانی پەروەردەدا دەگوزەرێت، کە تیایدا کچە نەباڵقەکان و هەم کچە باڵق و سەر و عوزرشۆرەکان و تازە نەوبووک و ژنانی شووکردە وا فێر دەکرێن، کە ملکەچی باوک و برا و کوڕ و مێردەکانیان بن، ئەوەیان رێک (پێداگۆگیی ستەمدیدەکان)ی پەروەردەناس (پاولۆ فرێری)ی برازیلی-یە، بە واتا بە کۆیلەکردنی کچان و ژنان بووە بە نۆرماڵ و ژیانێکی ئاسایی. بەدرێژایی مێژووی سەرهەڵدانی سیستمی (پاتریارکی- باوکسالاری) لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبزەدەیی تاوەکوو ئێستاکێ برەوەی هەیە و بەردەوامە، کە لەناو هەندێک لە میللەتەکانی دونیادا ئەم پەروەردە نامرۆیی و نایەکسانییە هەوڵی بۆ دراوە کەم و کاڵ بووبێتەوە، بەتایبەتی لە (خۆرئاوا)، بەڵام هیچ بیرمەندێک ناناسم ئاسوودە بێت بە خانەوادە و سیستمی پەروەردە لە دونیای ئەودیو زەریاکانەوە، جیاوازیی ئێمە و ئەوان ئەوەیە، کە ئێمە ئاسوودەین و بڕوامان وایە، کە هەر هەموو خانەکانی پەروەردە: ماڵ و مەکتەب و مزگەوت و حزب بەدەرن لە کەموکوڕی و ژیانی لای خۆمان نموونەی باڵایە، کە هەموو دونیا مەرجە لاساییمان بکاتەوە.


ئەگەر وایە ئەم قەسابخانە و شێتخانەی وا لە (رەشهەڵاتی ناوەڕاست)دا هەر هەموو سەرزەمینی ئێمەیان کردووە بە زیندان و کوشتارگە و خەستەخانە و بیمارستان زادەی کام پەروەردەی ئاسمانی و سەرزەمینی و دونیا و دینییە؟ پەروەردەیەکمان هەیە، کە دواجار وا ساز و ئامادەمان دەکات، کە گیرۆدەی هەرچیی نەخۆشییە کوشندەکانی دەروونی و دەماری ببین، کە سایکۆلۆژیا ژماردوونی، بگرە دەردەداریی ئێمە بە جۆرێکە، کە دەروونناسەکانی هاوچەرخ بەدیارمانەوە دۆش داماون، چونکە لەدەرەوەی ئەو لیستە درێژەیە، کە لە لای (شانشینی دەروونناسەکان) تۆمار کراوە.


سەرەتای کارەساتەکە لەوێوە دەست پێدەکات، کە هەر لە سەرەتای قۆناغی پێڕەوگەیی منداڵەکانەوە، بابەتگەلی جیاواز دەخەینە بەردەستییان: بۆ کچەکان بووکەشووشە و بێشکە، بۆ کوڕیژگەکانیش ئوتومبێل و چەک و تەقەمەنیی پلاستیک. دیارە سەبارەت بەم جیاکارییەی، کە لە گەمەی منداڵەکانەوە لەسەر بنەمای جێندەریی پیادە دەکرێت، دەروونناسێکی وەک (ئێریک ئێرکسن:١٩٠٢- ١٩٩٨) نموونەگەلێکی زۆری هێناوەتەوە، کە ئەم ئەفسانەیە رەت دەکاتەوە، کە گوایە کچان و کوڕان خۆڕسكانە حەزیان بە بابەتگەل و شمەکی جیاوازی گەمە و یاری هەیە و هەر بە سەلیقەی نێرییەتی و مێینەیی خۆیانەوە هەڵی دەبژێرن، کە هەگیز وا نییە، چونکە زانست سەلماندوویەتی، هەستی دایکایەتی و باوکایەتی لە لای کچۆڵەکان و کوڕیژگەکاندا نییە، بەڵکوو ئەوە ئێمەی گەورەساڵ و ناحاڵی ئەو دیوارە کۆنکرێتی ئەستوور و بەرزە دروست دەکەین، ساڵانە گوێمان لەوەیە، کە سەرانی حزبە ئیسلامییەکان، بە میانڕەو و توندڕەوەکانەوە بانگەواز دەکەن، کە وا پاکترە لە باخچەی ساوایانەوە کیژەکان و کوڕیژگە چکۆلەکان لە یەکتری جیا بکرێنەوە.


پشکنین و توێکاریی ژنان لە باری جەستەیی و فسیۆلۆژییەوە لەسەر ئاستی نوژداری و دەروونییەوە، بەتایبەتی بەو رۆحە پاتریارکی و مەزهەبزەدەیی و نێرسالارییەوە، وای کرد بۆ ماوەی چەندین سەدە ژنان ناچار بکەن، کە بە پێویستییەکی رەوشتمەندی ژنانەی خۆی بزانێت، کە دایکایەتی بە تەنیا کار و ئەرکی ئەوانە و بەس، مەرجە ملکەچی ئەو یاسا و رێسایە بن، کە بڕوا بەوە بهێنن، کە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکان تەنیا ئەرکێکی پیرۆزی دایکەکانە و بەس، بە ئەندازەیەک، کە ئەگەر ئەشکەوت-نشین بووبن یان کەلاوە-نشین و کۆشک-نشین، ناچاریان کردوون، کە مەرجە زیندانی جێگە و پانتاییەکی بەرتەنگ و چکۆلە و داخراو بێت، کە دیارە لەمڕۆکەدا ئەفسانەی وا لە دونیای مۆدێرن و پێشکەوتوودا باوی نەماوە، چونکە دەکرێت باوکە و دایکە بە نۆرە ئەم کار و ئەرکەی بێچوو بەخێوکردن و پەروەردەکردنە، وەک دوو کەسی یەکسان بگرنە ئەستۆ.

-basnews
AM:11:17:04/07/2020