درەختێك لە بەرد
ئازاد صوبحی

بێزار بووم هێندە ژیام 
ئەمەوێ یاری بەم قوڕە بكەم 
چی لەم قوڕە بكەم
كە ناومی لەسەر نووسراوە 
ئەمەوێ ناوی خۆم ورد و خاش بكەم 
ئەمەوێ ئیدی كوێراییم دابێ 
هیچ نەبینم
من لە شوێنێكم 
ئاهەنگ بۆ دەنگە پووچەكان دەگێڕێ

لە یەكەم خەڵوەتەوە 
ئەوانە
لە خۆباییانە باس لە بێدەنگیەكی قەرەباڵغ دەكەن
من ئەو قسە و باسە 
فەرامۆش ئەكەم
ئەگەڕێمەوە بۆ شتێكی دێرین
دێرین وەك دڵ
دێرین وەك سەرەتا
سەرەتا ،مانای ئازادی خودایە لە ئێمەدا

ناگەڕێمەوە بۆ نیشتیمان 
تازە من رۆیشتم 
تازە من لەناوچووم 
نیشتیمان ناوێكی لەخۆباییە
بۆ مانایەكی قەڵەو 
لە فەرهەنگی ئەوانەدایە باسی سەروەری دەكەن 
من بیر لە درەختێك دەكەمەوە 
لە منداڵیەوە لەگەڵی دەژیم
ئەوان نازانن تەنانەت نیشتیمانیش وێران بكەن 
هەموو شتێك دەكەن بە دیوار

من دیوارێكی روون بۆ خۆم ئەدۆزمەوە 
روونتر لە نیشتیمانێ
متمانەی بە ئاسمانەكانی خۆی نەماوە
سەرزەمینەكەی بووە بە مێژووی مردووەكان
زمانێك ئەدۆزمەوە سەر بە هیچ سروودێ نەبێ
خەون دەبینم ئێرە جێدەهیڵم
دەچمە سەر زەمینێكی تر
دەچمە نێو دڵی زەمین 
تاكو ببمە وەحشی
وەحشیەكی غەمبار ..وەحشیەكی دەگمەن

بێزار بووم هێندە ژیام
ئەمەوێ یاری بەم گەڵا كۆنانە بكەم
ئەمانە هاوڕی دێرینەكانمن 
پێكەوە ژیاوین پێكەوە مردووین 
هیندە دێرینن خەریكە ببن بە سێبەر
هەموو ساڵێ ئاهەنگی لەدایكبوونم بۆ ساز ئەكەن
ئەم دارستانە هەموویان هاوڕێمن 
لەوەتەی دنیا دنیایە ئێمە هاودەمین 
من جاران نەمامێكی گرینۆك بووم 
دواتر بووم بە درەختێكی شەرمن
ئێستا گەورە بووم منداڵێكی هەشت نۆ ساڵانم 
سەر و ریشم سپی سپی بووە

دارستان كە هەست بە مەترسی دەكات ئەلەرزێ 
كە ئەوان دەگرین من لە حەسرەتا 
دڵم سەوز سەوز ئەبێ‌ 
كە من دەگریم ئەوان لە خەفەتا دەگەشێنەوە 
بارانێ دەبارێ وردە گەڵاكان هەڵدەفڕێنێ 
بۆ نێو دەفتەرێك كە بیرم چوو یادگاریەكانمی
تێدا بنووسم ..
دەفتەرێكی بەتاڵی لە رابردوودا بەجێماو 
بارانێ كەس نازانێ لە كام ئاسمانەوە باریوە 
بارانێ تامی وەك فرمێسك وایە

دارستان نەبوو 
شانۆیەك بوو بۆ ئاهەنگی رەنگ 
چۆلەكەیەك باڵی لێ رواو هەڵفڕی 
درەختەكان دەستیان كرد بە گۆرانی وتن 
گەڵایەكی بچووك سەوز بوو 
لقەكان سروودی گوڵەباخیان بۆ وت 
بۆقێك بازی بەسەر كانیەكەدا هەڵدا 
هەر لە هەوادا 
بوو بە گوڵ و كەوتە نێو ئاوەكە 
هەموو لە خوا پاڕانەوە 
بە ئاوی پیرۆز ژیانیان پاك بكاتەوە

ئەو دارستانە لەسەر زەوی نەبوو 
شوێنێ بوو بێ باكوور و بێ باشوور 
بۆشاییەكی سەوزی بێ رۆژهەڵات و بێ رۆژئاوا
تەنیا ئاسمانێكی فراوان و دنیایەك باڵندەی سەیر سەیر 
ئەگەر بمویستایە روخساری خۆم ببینم 
سەیری گوڵێ یان درەختێ یان چۆلەكەیەكم دەكرد
ئێمە ئاوا خۆمان دەبینی 
دارستان ئاوێنەی لێ نیە تەنیا درەختی لێیە 
((سەیری ئاوێنە بكەی خۆت نابینیت ))

ئاسنگەر و ئەندازیارەكان 
چەند سەدەیەك لە پێش ئێمەوە بوون 
گەردی دڵیان بەردەكانی رەش رەش كردبوو 
وتیان ئێمە لە ئاییندەوە هاتووین 
ئەم جیهانە كۆنە ئێمە تازەی دەكەینەوە 
ئەم جیهانە كۆنە لە لاپەڕەی زەردی 
كتێبە كۆنەكاندا مردووە 
ئێمە ئەو كتێبە كۆنە ئەكەین بە شاری بەهەشت 
ئاسنگەرەكان وتیان بە ئاگر ئاسن ئەكەین بە ئاو 
ئێمە خاوەنی ئاگرین 
ئەندازیاران خەریتەی گەورە گەورەیان راخستبوو 
نوێژیان لەسەر دەكرد
وتیان ئێمە خەڵكی ئایندەین خەیاڵێكی زۆرمان هێناوە
پێویستمان بە بەرد و ئاگرە 
پرۆژەكەمان پێویستی بە بەرد و ئاگری پیرۆزە

لە گیرفانە نهێنیەكانی شەودا 
لە لۆچە دڕاوەكانی رۆژگاردا 
نەخشەیەكی رەشم دەرهێنا .. خەریتەیەك بوو 
لە نیوە شەودا رەسم كرابوو 
لەولای خەریتەكەوە بە چەند سەعاتێك 
نزیك لە خەون .. نزیك لە ژیان
منداڵان یاریان دەكرد و بە قەڵەمی پاستیل 
خەریتەكەیان بە وێنەی خۆیان رەنگاو رەنگ دەكرد 
پێدەكەنین و ئەیانوت چەند خۆشە زوو گەورە بین و
وەك پیاوە گەورەكان دەستكاری خەریتەی دنیا بكەین

گوڵی پەژموردە هەر سەیری ئاسمانی ئەكرد 
وەك ئەوەی بڵێ هەموو شتەكانی سەر زەوی پووچن 
شەوێكیان 
وتی با بچین بۆ ئاسمان 
وتم ئاخر ئێمە باڵمان نیە گوڵە گیان
وتی ئاسمان خۆشە كەسی لێ نیە 
هەر خوای لێیە .. خوا گوڵی خۆشدەوێ 
رۆیشتم لەگەڵ باراندا خۆم رووت و قووت كردەوە 
لەناو چیمەنە تەڕو ئاودارەكەدا تلم ئەدا 
چۆلەكەكان لەسەر پشتم خۆیان دەشت 
ئەوان بەدەورمدا باڵە فڕێیان بوو خۆیان تەڕ دەكرد 
قسەی گوڵەكەم لە خەیاڵ بوو .. خوا گوڵی خۆشدەوێ

گومانم هەیە لەوەی چەند مردوو
لە نێوان ئازادی و شێتیدا كەوتوون 
كام مەلەوان ئەتوانێ ئەو دوو ئاوە جیا بكاتەوە 
ئەبێ مەلەوانێكی وەحشی رووت و قووت بێت 
بۆ ئەوەی ئازاد بیت 
ئەبێ جلەكانت داكەنیت 
رووت و قووت وەك وەحشی نێو دارستان 
ئەبێ زمانت رزگار بكەی لە درۆ كەڵەكەبوەكانی مێژوو 
ئەبێ هەموو درۆكانت داكەنی 
ئاماژەو دەنگی سەیر و غەریب دەربڕیت

ئەبێ ببیت بە باران بۆ ئەوەی ئازاد بیت 
ئەگەر نا دەریا یەك قەترەت قبوڵ ناكات 
من بۆ ئازادی لەمسەری دەریاوە مەلەم كرد 
گەیشتمە ئەوسەری دەریا 
ئێستا وەك شێتم لێهاتووە .. هەندێ جار 
گوڵی پەژموردە بە خەیاڵ لە دەریا دەرمدەهێنێ
دەمباتەوە بۆ ئاسمان 
ئەڵێ خوا گوڵی خۆشدەوێ 
ئەڵێم پەژموردە گیان لەم شێتیەدا تەنیام مەكە 
ئەڵێ من ئەڕۆم بۆ ئاسمان
خوا حەزی لە گوڵی پەژموردەیە
ئازادی ئازادی .. شێتترین وشە 
وشەیەك لە بۆشاییەوە دێت و هاوار ئەكات 
لە مۆزەخانەكان وەك كەرەستەیەكی بەهادار 
پیشانی گەمژەكانی دەدەن 
لە ژیاندا هەمیشە كوژراوە ئازادی 
ئازادی گۆڕی نیە .. نابێتە شەهید 
خۆی كوژراوە كەچی مردووی تر دەبنە شەهیدی ئەو

هەموو تارماییەكان لەدەوری كۆ ئەبنەوە 
بۆ موبارەك كردنی مەرگ 
هەموو سێبەرەكان لەدەوری زیكر ئەكەن 
بۆ قایمكردنی ئازایەتیەكانیان لە بۆشاییەك
كە ناوی ئازادیە 
پیاوە دڵڕەقەكان رەسم لەگەڵ ئازادیدا دەگرن 
پیشانی ژنە داماوەكانیان ئەدەن

یاخی بوون و دانیشتن لە كەناری ئازادی مەحاڵە 
یاخی غەمبارانە سەیری دەریا ئەكات 
وەك منداڵ شتوومەكەكانی نێو ماڵ تێك دەدات 
یاخی خەونی ئەوەیە ژیان فێری ئازادی بكات 
بەڵام دوای شكست خەونی ترسناكی ئەبێ 
لە سەحرایەك بە تەنیا بیر لەوە ئەكاتەوە 
یان خۆی بكوژێ یان خەڵك 
یاخی هەورێكە نە بارانی هەیە نە كۆچ ئەكا

پەپوولەی لاڵ لە دوورەوە دەركەوت
بە باڵەكانی قسەی ئەكرد
باڵەكانی شەوقیكی كزیان دەپرژاند
گوڵی پەژموردەی خەیاڵاوی ئەیوت 
هەركاتێ باڵەكانی پەپوولەی لاڵ 
بریسكەیان بێت تووشی نەهامەتیەك ئەبین
پەپوولەی لاڵ بە باڵەكانی چەند وشەیەكی گوت 
چەند جارێك بریسكەی كرد و دیار نەما
كتوپڕ گەردەلوولێكی لمی سووری گەرم هەڵیكرد
ماوەیەك دنیا تاریك بوو 
وامزانی لە جەهەنەمین هێندە گەرم بوو 
كە روناكی كردەوە درەختەكان بوون بە بەرد
من بووم بە درەختێكی پیر 
درەختێ‌ لە بەرد
زۆر خەمی دڵم بوو .. دڵ لە سینگی درەختیكی بەردینی پیر
چی بەسەر دێت چی ئەكات؟
گریام .. گەڵا بەردینەكانم لە خەفەتا
وردە وردە هەڵدەوەرین 
چاوم كردەوە بینیم لەسەر چیمەنیكی سەوز
دڵێك بەگۆشت و خوێنێكی تازەوە 
گەرم گەرم لێدەدا..دڵم نەبوبوو بە بەرد
هاوارم كرد گوڵی پەژموردە بمبە لەگەڵ خۆت
من دڵم نەبوو بە بەرد
 
(هاوڵاتى)




AM:11:32:29/10/2014