کێ خەون دروست دەکاتەوە؟
د. ئەحمەدی مەلا
کۆمەڵگەی بێ خەون، کۆمەڵگەی تێکشکاوە لە ناوەوە، کۆمەڵگەی بێ خەون، هەنگاو دەنێ پێش ناکەوێ، دەژی بە بێ مەبەست. کەچی لە سەختترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێمە، هەرگیز خەون نەمرد، لە ناو رەحمی شکست و نسکۆکاکانەوە، شتێ دەڕسکا، خەونێ لەدایکدەبوو، مرۆڤ هەڵدەستایەوە. یەکێک لە نیشانەکانی "بێ خەونی" کاوێژکردنی خەونی کۆنە.


 


دوێنێ سەرنجی دەمەتەقێی هەندێ رۆژنامەنووسم دا، بوونی دەوڵەت و نەبوونیان تاوتوێ دەکرد. ئەم کاوێژکردنە جۆرە "موسەکین=هێمنکەرەوە"یەکی کاتییە، ختووکەی شکست دەدا، لە مەرگی راستەقینە دەمانپارێزێت، بەڵام هیچی پێ نییە. حیزبی کوردی کوژەری خەونی کوردییە، کوژەری خەونی تاکی ئێمەیە، ئەم بێ خەونییە کوشندەیە، چونکە تەنها پەیوەندیی بە باری داریی و موچەوە نییە، پەیوەندیی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداوە نییە، بەڵکو لە ناواخندا مرۆڤی لە بیناقاقاوە گرتووە و بەرامبەر بە دیواری نائومێدی جێیهێشتووە.


 


هەرگیز لە مێژووی هاوچەرخی ئێمە مرۆڤی ئێمەیان ئەوها جێنەهێشتووە، وەک ئەو سەگە بێ ساحێبەی لێهاتووە ناوبەناو بە نەخشەی موچە هێوری دەکەنەوە، نەخشەیەک ئیشی بەڕێوەبەرایەتییەکی پلە سێیە کەچی بووە بە نەخشەسازی ستراتێژیی دەسەڵاتی باڵای هەرێم. بە بڕوای من، ئەم ئەکتەرانەی کە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی یاریی دەکەن، هیچ کامیان لە ئاستی ئەوەدا نین بتوانن خەون دروست کەنەوە، ئومێدی راستەقینە بنیات بنێن، چمکە هەڵوەشاوەکانی بێ متمانەیی پێکەوە ببەستنەوە. رەنگە ئەم بێ ئومێدییە لە داهاتوودا هەرەکەت بداتە نەوەیەکی نوێ، خوێنی نوێ بڕژێنێتە نێو دەماری ئەم جەستە ماندووە، ئومێد لە قوڕی نائومێدییەوە دروست بکەن، خەون لە قوڕی نووستنەوە پەیدا بکەن...جوولەکان مانابەخش بن، هێژ دەمارەکانمان بهێنێتەوە جۆش..


 


شارپرێس 
AM:06:45:26/08/2019