شاعیرگەلێکی زۆر ھەن خۆشیم بەچارەیان نایەت ..خوا خۆی دەزانێت بەبینینی سەرو فەسڵیان چەن قەڵس دەبم. بەخوێندنەوەی دەقە مردوەکانیان، چۆن سوڕی خوێنم تێکدەچێت و مەراقێکی قوڵ دامدەگرێت مەبەستم لەوانە پێڕی درۆزنە شاعیرەکانن، ئەوانەی تەنها ئەوکاتە شاعیرن که قەڵەم بەدەستەوە دەگرن و دەکەونە لاپەڕه رەشکردنەوە..
دوای ئەوە وەک بونەوەرێکی هارو برسی، شوێن چڵێسیەکانی ژیان دەکەون.دەبن بەڕاپۆرتنوس، دەبن بەڕاوچی، دەبن بەپۆلیس و بەبزنسمان و بەهاوڕێ و دۆستی کاربەدەستان و بەچاودێری سیاسی و بەواعیز، شاعیربون نەبێت.
من زۆرێک لەو درۆزنە شاعیر‌و شاعیرە لۆتیانە دەناسم. ئەوانەی باسی میهرو وەفاو خۆشەویستی دەکەن، کەچی خۆیان کوانوی بوغز‌و کانگای پۆخڵی و سەرمەشقی نامەردین. باسی منداڵی و پاکبونەوەو مێخەک و کوکوختی و بەرسیلەو پوشکە بەقنە دەکەن، بەڵام لەسیمای کەسیاندا نەک نورو رۆحانیەت، تروسکایی نا‌بینیت.
ئەم پێڕە لەنێو تێکستەکانیاندا شتێکن و لەدەرەوەڕا شتێکی دی. لەشیعرەکانیاندا جۆرێک دەپەیڤن و لەژیانی رۆژانەشدا شتێکی دی ئەزمون دەکەن. شاعیرە درۆزنەکان ئەوانەن، لەدەقەکانیاندا حاشا لەحزب و سیاسەت و هەلپەرستی دەکەن و لەواقیعیشدا، شەڕ بۆ ئەندام پەرلەمانی و وەزیری و پلەو پۆستی بەرزو باڵای حکومی دەکەن.
درۆزنە شاعیرەکان بەشیعرەکانیان بێت، قوتی رۆژانەیان لەگەڵ منداڵە برسیەکاندا بەش دەکەن و لەگەڵ بەشمەینەتاندا رۆژدەکەنەوە، وەلێ لەفیستیڤاڵ و لەبۆنە رەسمیەکاندا، هەر ئەوانەن دێن بەقات و بۆینباخ و پێڵاوی لەماعەوە، شیعر بۆ مرۆڤکوژەکان دەخوێننەوەو شیعر سوک و هەرزانفرۆش دەکەن. بۆ نەگبەتی وڵاتەکەی من پڕپڕە لەو شاعیرە دوو روانە. وڵاتەکەی من ھەر کوشتەی دەستی سیاسی گەلحۆو بەرپرسی گژۆژەو بازرگان، قاچاخچی چاوچنۆک و بێ‌ویژدان نیە، وڵاتەکەی من بەر لەوانە بیماری دەستی ئەوانەیە بەناوی شیعر‌و شاعیریەوە، هەقیقەتیان ریسواکردو پاکێتیان نایە ژێرپێ.
شاعیرە نامەردو درۆزنەکانی وڵاتی من کەدیوانەکانیان پڕپڕە لەباس و خواسی (ڕۆحی ژن و جوانی ژن و ئازادی ژن و سەنگینی ژن) رۆژانە وەک جلەکانی بەریان و وەک ئۆتۆمۆبێلەکانی ژێریان، ژن دەگۆڕن. پاشانیش بۆ خۆ نوێکردنەوەو فراوانکردنی زەین و دونیابینیان، سەنگەر دەگوازنەوە.
کە سیاسیەکان و مافیاکانی خوێن، تەماحی شەڕو ئارەزوی ئاگرخۆشکردنیان دەبێت، ئەوان دێن و بەچامەی درێژ‌و بەپۆستەرە شیعرەوە، زەمینەیان بۆ خۆشدەکەن و کوڕگەلی ئەم هەرێمە تەیار دەکەن بۆ جەنگێکی نوێ. ئەوانەی شاعیربون تەنها بەنوسینی قەسیدەوە گرێ دەدەن و شاعیریەتیان تا ئەو شوێنە بڕدەکات کە لەنوسینی دەقەکە دەبنەوە، دەبێت وەک خەڵک و خوای ئاسایی چاوەڕوانی هەموو شتێکیان لێبکرێت.
شاعیربون کەلەگەڵ تەواوکردنی نوسینەوەی قەسیدەدا کۆتایی هات و نەپه‌ڕییەوە بۆ ناو چرکە بەچرکەی ژیان و ساتەکانی تەمەن، هەمو شتێکی لێ چاوەڕێ بکە جوانی نەبێت.هەمو شتێکی پێ دەبێت راستگۆیی نەبێت، هەمو شتێکێی تێدا دەدۆزینەوە پاکێتی نەبێت.
-2-
بەداخەوە ناوەندی رۆشنبیری کوردی زۆرێک لەو شاعیرانەی تێدایەو ئەو مۆدێلەی تێدا زاڵە، بەڵام لەپەراوێزیشیدا هێشتا خەڵکانێک هەن تەسلیم بەو قەدەرە نەبون و لەخەمی پاراستنی ماکی راستەقینەی شیعر‌و شاعیربوندان.
ئازاد سوبحی یەکێک بوو لەو دەنگانە. ئەو زیاتر لەبیست ساڵە وەک شاعیرێکی پەراوێزنشین، بێدەنگانە سەرقاڵی کاری خۆی بوو نەماشێنێکی ئیعلامی گەورەی لەپشت بوو، نەهیچ دەستەو تاقمێکیش شاباشی کارەکانیان دەکرد.وزەو سەلیقەی شیعری خۆی، هەڵوێست و ئەخلاقی بەرزی شاعیرانەی لەئاست نوسین و ژیان و مرۆڤدا، ئەویان گەیاندە ئەو شوێنەی تەنهاو تەنها نوسەرە راستگۆکان دەیگەنێ.
ساڵی 1994 بۆ یەکەمجار بەشێک لەقەسیدەی (بونەوەرێک بەقەدەر لەزەتی گومان)م خوێندەوە، کەتەواوم کرد بەخۆمم وت (ئا من لەم هەناسە شیعرییە دەگەڕێم). سەروەختێکیش (باخچەکانی باوکم) بەو کوالێتی و بێ نازییەوە بڵاوکرایەوە، دڵنیابوم کەئێمە لەبەردەم ئەزمونێکی شیعریی تایبەتداین.ئەڵبەتە سیحر‌و جوانی (سوبحی) شاعیر تەنها هەر دەرگیری دەقە شیعریەکانی نەبوو، بەڵکو هاوکات پەیوەست بوو بەو ئەخلاقی شاعیرانەیەی لەژیانیشدا بەرجەستەی کردبوو.
(سوبحی) درێژکراوەی ئەو دەنگە شیعریانە بوو کەیەک دەموچاویان هەبوو، سەر بەو بنەماڵەیە بوو کەوەک یەک لەناو تێکست و لەواقعی ژیانی رۆژانەیاندا، چیان دەنوسی وەهاش رەفتاریان دەکرد. ئەو لەنمونەی (جان دەمۆو ماغوت و سوهراب و رامبۆ) بوو.
بەراورد بەهاوتەمەنەکانی خۆی کەمێکی کەمی نوسی، لەو کەمەش هەندێکی بڵاوکردەوە. مەسرەف نەکردنی زۆری وشەو خۆ بەدورگرتنی لەبڵاوکردنەوە، لەتەمبەڵی و دەستە پاچەییەوە نەبوو، ئەوەندەی پەیوەندی بەوەوە هەبوو لەم سەردەمە جەنجاڵ و بێ روحەدا کە (هیچ نەزم و عورف و پێودانگێکی) تێدا نەماوە هەندێ شکۆ بۆ وشەو بۆ شیعر بگێڕێتەوە، چونکە ئەو وەکی (عیزەت سرایلیچ)ی شاعیری گەورەی بۆسنە پێیوابوو (ئێمە رۆژگارێک دەگوزەرێنین کەتەواوی شتەکان، هەر لەچەقۆو تاگژوگیا پیس و ژەهراویبون)
له‌ناو ئه‌و پیسی و ژه‌هراویبونه‌دا، ئه‌و رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر په‌نای ده‌گرت و بۆ هه‌ر شوێنێک رێی بکردایه، هه‌ڵده‌خلیسکایه‌وه ناو ناخی خۆی. ده‌گه‌ڕایه‌وه ناو ماڵی ته‌نها و بێده‌نگی خۆی.
(سوبحی) رۆیشت و بۆ یه‌کجاره‌کی رۆژژمێری ژیانی پێچرایه‌وه، به‌ڵام له‌دوای خۆی بۆ نه‌وه‌کانی ئێستا‌و داهاتوو، هه‌ر به‌ته‌نها ڕێچکایه‌تی شیعریی تایبه‌تی جێنه‌هێشت و هه‌ر ته‌نها هونه‌ری شیعرنوسینیان فێرناکات، به‌ڵکو له‌سه‌روو ئه‌وانه‌وه ئه‌خلاقی شاعیرانه‌ی راسته‌قینه‌شیان نیشانده‌دات که‌عه‌یامێکه، له‌واقعی ئێمه‌دا له‌به‌ین چوه‌و له‌ناو دنیای رۆشنبیری ئێمه‌دا کاڵبۆته‌وه.
(سوبحی) ته‌نها هه‌ر شاعیرێکی هه‌ست ناسک و مرۆڤێکی جوان و میهره‌بان نه‌بوو، به‌ڵکو نوسه‌رێکی به‌سه‌لیقه‌و وه‌رگێڕێکی لێهاتووش بوو. وه‌ک چۆن به‌کوردی تێکست و نوسینی ئاست به‌رزی هه‌بوو به‌زمانی عه‌ره‌بیش به‌هه‌مان شێوه.
شه‌وێکیان وتی بابچین بۆ ئاسمان
وتم ئاخر ئێمه باڵمان نیه گوڵه گیان
وتی ئاسمان خۆشه که‌سی لێ نیه
هه‌ر خوای لێیه.. خوا گوڵی خۆش ئه‌وێ.
ئێستاکێ رۆحی تۆ رۆیشت بۆ ئاسمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مترسێنێ ئه‌وه‌یه دوای ڕۆیشتنت شاعیرگه‌لێکی درۆزن بێن و ره‌گوڕیشه‌ی خۆیان بگێڕنه‌وه سه‌ر دنیای شیعری تۆ‌و له‌سه‌ر میراتی شیعری تۆ خۆیان بژیه‌نن.
رۆحت شاد‌و ئارام بنوو ئه‌و ئارامیه‌ی له‌م دنیایه‌دا به‌نسیبت نه‌بوو بڕۆ خوات له‌گه‌ڵ…
(ھاوڵاتى)