میدیای كوردی تامەزرۆی شەفافیەتە بەڵام نەك لەگەڵ داعش
م- زرار
ماوەیەكی درێژە لەم هەرێمە لەهەوڵی ئەوەداین، كەیەكتر بەروونی و شەفافیەتەوە ببینن و سروشتی راستەقینەی خۆمان بەبێ كەم و زیاد بخەینە بەرچاو. جا چ لەرووی گوفتارو رەفتارەوە یا لەرووی تواناكانی عەقڵ و جەستەییەوە، یا لەرووی هەبوونی و نەبوونییەوە بێت.
 
توخوا چۆن تێنووی شەفافییەت نابین؟! كاتێك ببینین یا ببیستین دەیان كەس لەشارەكان خەریكی سواڵكردنن، كەچی پاش ماوەیەك دەردەكەوێ كەسواڵكەرە خۆماڵییەكانمان نەك هەر هەژارو نەدار نەبوونە، بەڵكە لێكۆڵینەوە دەریخستووە چەندین موڵك و ماڵیان لەدەفتەر بەناو كراوە؟! جا بەهۆی هەبوونی قەیرانی شەفافییەت لەتەواوی جومگەكانی ژیانی گشتیدا، سەری زمان و بنی زمانمان، هەر دووبارەكردنەوەی دەستەواژەی نەبوونی شەفافییەتە..

خۆگەر داوا لەهەندێ بەرپرسانی بەرێز بكرێ، كەقەوارەی موڵك و سامانیان ئاشكرا بكەن، بەتایبەت ئەو بەڕێزانەی كەلاف و گەزاف بەشەفافییەت لێدەدەن، كەگوایە هیچ موڵك و سامانێكیان نییە، كەچی پاش ماوەیەك ئاشكرا دەبێت كەزۆربەیان هەرچی موڵك و سامانێكی قوڕس و قەبە هەیە خستۆتیانە سەر ناوی خزمە نزیكەكانیانەوە. لێرەدا میدیا چاوی زەق و ئەبڵەقتر دەبێ و زوومی كامیراكەی خێراتر دەكات بەو ئومێدەی كە گشت ئاسەوارێك وەك و سروشتی راستەقینەی خۆی نیشانبدات. ئاشكرایە لەلای ئێمە راستی و شەفافییەت زۆر لەیەكتری دەشارینەوە و هۆكارو ئەنجامیش (السبب واالنتیجە) لەیەكتر دوور دەخەینەوە، بۆیە قەوارەو پانتایی بەدحاڵیبوونی بەینمان بەردەوام لەفراوانبووندایە، هەڵبەتە غیابی شەفافییەت گەرووی میدیای كوردی گەلێ تاڵكردووە. باشە میدیا چۆن بەرچاوی تاریك نابێت؟ كەدەبینێ زۆربەی بەرپرسانی وڵات بەر لەوەی سواری فڕۆكە ببن و بەرەو هەندەران بەرێبكەون، (8-9) جار بەتوندی قاچەكانیان لەزەوی دەدەن و پێڵاوەكانیان پاك دادەوەشێنن، كە گوایە حەیفە هەرگیز نابێ زەڕەیەك خاكی وڵات بچێتە دەرەوە! كەچی هەموومان دەبینین نزیكترین هۆگری خاك جوتیارە ئەویش بەپێچەوانەوە لەناو ژیانی كولە مەرگیدا دەتلێتەوە و لەگیانەڵادایە!

ئاخۆ دەبێ هەر هۆی نەبوونی شەفافییەت نەبێ وایكردووە كەمیدیای كوردی چاو لەهیچ دیمەنێك و بابەتە گرتەیەك نەبوێرێ، تەنانەت لەرووماڵكردنی بەرەكانی شەڕ لەگەڵ (حەزرەتی داعش)دا؟! وەك رۆژانە دەبینین میدیای كوردی فوول زوومی كامیرای كردۆتەوە، تەنانەت لەسڕو تەلسیم و نهێنییەكانی سەربازیشدا چاو ناپرووكێنێ! خۆ ئەو تانك و تۆپانەی هێزی پێشمەرگە كەتەنانەت لوولەكانیشیان لەتوانای بینینی دووربینەكانی (داعش) دا نییە. چونكە لەپەنا سەنگەرو (ساتر) زۆر چاك داپۆشراون كەچی میدیا نەك هەر لەپێشەوە، بەڵكە لەپشتەوەی سەنگەرەكانیش بەوپەری شەفافییەتەوە نیشانیان دەدات! خۆ نەك هەر ئەوەندە! بەڵكو شوێنی چەسپاندنی تۆپخانەو تانكەكانیش لەگەڵ گردێك یا تەپۆلكەیەك نیشان دەدات كەبەئاسانی دەناسرێتەوە، جا بەهۆی گردەكە یا تەپۆلكەكە، یان هەر خاڵ و شوێنێكی ناسراو (نقگە دالە) زۆر بەئاسانی دەتوانرێت شوێنی سەنگەرو تۆپخانە داپۆشراوەكان نیشان بدرێت! هەڵبەتە بەوەش كارئاسانییەكی زۆر گرنگ (مەجانەن) بۆ دوژمن دەكرێت. بەمەش داعش زۆر بەئاسانی (مەدەیات)ی خۆی تۆمار دەكات و دەستی رەشی خۆی دەوەشێنێ. زۆرجار میدیاكانمان ئەو شوێنە شاراوانەی پەنا ساترو نەدیوەكانی نیشانی داعش داوە! تەنانەت بەتانی و لێف و سەرین و پێخەفە راخراوەكان لەتەك یەكتر كەوەك هێڵێكی بەیانی ئاماژەن بۆشوێنی نووستن و پشوودانی پێشمەرگەكان لەسەنگەرەكانی بەراییدا و لەگرتەیەك بەرجەستەكراون، جا نەك هەر ئەوەندەش! بەڵكە چاوی كامیرای زیاتر كردۆتەوە و بە نەشارەزایی ئەم شوێنە نەدیوەی لەگەڵ گردێك یا تاوەرێكی كارەبایی یا تاكە درەختێكی (سەرنج راكێش) بەیەكەوە لەیەك گرتەدا نیشان داوە، كە لەدوورەوە دەناسرێتەوە، خۆ گەر خوانەكا داعش دەرفەتی ئەوەی هەبێ، سەیری كەناڵە (tv)یەكە بكات بەهۆی دوورو نزیكی تەپوڵكەكە یا درەختەكەی تەنیشتیەوە یا هەر (نقگە دالە) ێكی دیكەوە، بەئاسانی دەستنیشانی شوێنەكە دەكات ئیتر بە (2-3) (كبیرەی موستەنەع) و (1-2) سەلاواتی موزەیەف زەبری خۆی دەوەشێنێ!

زەبری رووماڵكردن لەم شوینە ستراتیژیانە، دەبێ بە (سم و ملم) بێ نەك بەشەفافیەتێكی كوردانە، چ لەرووی قسەكردن یا لەرووی وێنەگرتن بێت...بۆیە پێویستە فەرماندە سەربازییەكان لەگەڵ میدیاكاران سەبارەت بەم وردەكارییانە، هەماهەنگێكی تەواویان هەبێت. تا نهێنییە سەربازییەكانمان، لەم كون و كەلەبەرە بچووكانەوە بۆ بەرچاوی دوژمن دزە نەكات!
 
 
(رێگاى کوردستان )

PM:02:57:07/11/2014