هاوسەنگیی بازاڕ و مووچە
به‌هره‌ حه‌مه‌ڕه‌ش


ئەو تەنگژەیەی، کە ئێستا هەرێمی کوردستان تێیدایە، کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک كێشەی پێشترە، کە بەبێ چارەسەری سڕ کراون. یان وەک کورد دەڵێت، بەردیان لەسەر دانراوە، جگە لە ئاڵۆزیی سیاسیی نێوخۆیی و هەبوونی هەڕەشەی دەرەکیی بەردەوام، دەستوەردان و تەماحیی تێکدەری وڵاتانی ئیقلیمی، بۆ تێکدانی دۆخی سیاسی و ئابووری، کەمتەرخەمی و گەندەڵی و بێ پلانیی ساڵانێکی دورودرێژی حوکمڕانییە، کە بەشێکیان بە ئاگا و بەشێکی بە ناشارەزایی تێی کەوتوون.

ئەو وڵاتانەی، کە تەنیا لەسەر سامانی سروشتی دەژین، دەبێ ئامادەی گەڕانەوە بۆ دواوەیان تێدا هەبێت، چونکە پشت بە یەک سەرچاوەی داهات دەبەستن، کە بەستراوە بە نرخی بازاڕە جیهانییەکان، لە هەندێ دۆخدا کەم و زیاد دەسەڵاتی بەسەردا ناشکێت، بەڵام ئەگەر گرنگی بە کەرتەکانی تری داهاتی وەک گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و دامەزراندنی کارگە بدرێت، ئەوا ئێستا دەبووە پاشخانێک، کە دەیتوانی قورسایی باری ئەمڕۆ کەمتر بکات.

ئەگەرچی بۆ چارەسەرێکی بەپەلەی هەنووکەیی، باسکردنی رابردوو یارمەتیی ئێستا نادات، لەبەرئەوە خستنەڕووی پڕۆژە، بەرنامە و پلان سوودی زیاترە، کە بتوانرێت لای کەمی دۆخی خەڵك باشتر بکات.

ئەم مانگە بەپێی بڕیاری حکوومەت (سەرجەم لایەنە سیاسییە بەشدارەكان) مووچە بە دەستکاری و کەمکردنەوە دابەش دەکرێت، ئەگەرچی دەستکاریکردنی مووچە کاری نەخوازراوە و نەدەبوایە بکرێت، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی و بڕینی پارە لە بەغداوە، وا دەخوازێت، بەڵام دەبێت حکوومەت بیر لەوە بکاتەوە، کە ئایا لەبەرامبەر کەمکردنەوەی مووچە و کەمیی داهاتی کاسبکاران، چی بۆ ئاسانکردنی ژیانیان رەچاو دەکرێت؟

ئایا فەرمانبەرێک، کە داهاتی شەش سەد هەزار دینار بووە، ئێستا کەم دەکرێتەوە، چەندی بداتە کرێی خانوو و چەندی بکاتە خەرجی؟ ئەمە بە دانانی پلانی نرخی شتومەک و یەکەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەکرێت. پێویستە حکوومەت پەلە لە هەنگاوی لەم جۆرە بکات.

دەزانم لە كوردستان سیستەمی بازاڕی ئازاد پەیڕەو دەكرێ، بەڵام گرنگە لە قەیرانی سەختدا حكوومەت دەست لە نرخەكانی بازاڕ وەربدات، بەتایبەتی لە نرخی شمەكە پێویستەكاندا. پێویستە لیژنەیەکی دەستپاک و خاوەن هزر و ئینتیمای نەتەوەیی، بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و نرخی شتومەک دابمەزرێنرێت، لەپاڵ کەمکردنەوە و چاودێریی کەمکردنەوەی نرخی یەکەی نیشتەجێبوون، نرخ بۆ خواردەمەنی و پێداویستییەکانی رۆژانە دابنرێت، تا هاوسەنگییەک لەنێوان داهات و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک هەبێت و بتوانرێت ئەم دۆخە بە کەمترین زیان دەرباز بکرێت.

کارێکی تری حکوومەت، یانیش حزبەکان ئەوە بێت، شان بە شانی حکوومەت، ئەو کەسانەی لە سایەی حزبایەتی و خێر و بێری ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بوون، لەگەڵ حکوومەت شان بدەنە بەر ئەم قورساییە، بۆ نموونە، بە لای کەمەوە پڕۆژەیەکی وەکوو بەشە خۆراکی مانگانە، هەر بەپێی ئەم فۆرمانە بە زیادکردنی هەندێ بڕی خۆراک و پێداویستی بەسەر خەڵكدا دابەش بکرێت، هەروەها هۆکارەکانی گواستنەوە چ لە رێگای دابینکردنی ئۆتۆمبێلی گشتی بێ بەرامبەر، یانیش بەرامبەر پارەیەکی کەم بۆ هاتوچۆ و گواستنەوەی هاووڵاتییان دابین بکرێت.

ئەمە بۆ هاتوچۆی فەرمانبەرانیش راستە. ئەگەر زانرا ئەم دۆخە درێژەی دەبێت، هەیکەلی حکوومەت بچووک بکەنەوە، بەڕێوەبردن لەم کاتەدا پێویستی بەم هەموو وەزیر و دەزگایە نییە. لە دۆخی ئاوارتەدا کە رەوشی تەندروستی خراپتر بێت، با مووچەی پلە باڵاکان بوەستێنرێت، بەتایبەتیش ئەوانەی، کە ساڵانێکی دورودرێژە مانگانەی باشی کار یان خانەنشینی وەردەگرن. ئەم بڕیارانە ئاسان نیین، بەڵام پێویستە بە جورئەتەوە خەڵک لەم قەیرانە رزگار بکرێت و بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێک خەڵک زویریش بکرێن ئاساییە.

وێڕای گوشاری رەوشی تەندروستی و دارایی، هێرش و بۆردومانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، بێزاریی هاووڵاتییانی زیاتر کردووە، سۆشیال میدیا جگە لە نەزانیی پەیج و لاپەڕە کوردییەکان، کۆمەڵێکی زۆر پەیج هەن بە فەرمان و ئاراستەی دەزگا موخابەرایتییەکانی دەوروبەر بەڕێوە دەچن، رەحم بە خەڵک ناکەن و بە چەکی پڕوپاگەندەوە دەروونی خەڵک تێک دەدەن.

لەبەرئەوە دەبێت، دەسەڵاتی کوردی هەر ئێستا بیر لە کۆمەڵێک پڕۆژەی هەنووکەیی و ستراتیژی بکاتەوە، چونکە رەوشی جیۆپۆلەتیکی کوردستان زۆر لەبارە بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە قەیرانانە.

چۆن لە شۆڕش و جوولانەوەی پێشمەرگایەتیدا، کورد بە هەژاری و کەمدەرامەتیی دەستی پێکرد، بەڵام ورەی پێشمەرگە لە چەکی دوژمنان بۆ بەرگریکردن قورستر بوو، دەبێت بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری، خەڵک بخەنەوە ئەم دۆخە لە بەرگری و چیتر (بەرپرس)ی هەڵتۆقیوی دەوڵەمەند و بێ ئینتیما دروست نەکەن.

هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان، لەجیاتی گلەیی و بینەری تەمبەڵ بن، بابێن بیر لە رێگاچارە بکەنەوە. ئەو بەرس و کەسانەش، کە پێیان وایە بەرگری لە حکوومەت و کوردستان دەکەن، بەرگریکردن لە دۆخی قسەکردنەوە بۆ کردار بگۆڕن و ببنە قارەمانی رزگارکردن.

پێشتر ئەگەر کورد پێویستی بە قارەمانی جەنگ هەبوو، ئێستا پێویستی بە کەسانێکە، کە بتوانن دەسەڵاتی ماددی و مەعنەوی بخەنە گەڕ و ببنە قارەمانی تێپەڕکردنی ئەم دۆخە.

-basnews
AM:04:31:30/06/2020