ئۆردوگانیستە کوردەکان
بەختیار عەلی


لە چەند ساڵی رابوردوودا، ئەفسانەی ئۆردوگانیزم بۆتە یەکێکە لە ئەفسانە گەورەو ترسناک‌و بەربڵاوەکانی خۆرھەڵات. ئەم پیاوە ناسیونالیستییە پیاوکوژ‌و جەلادە، کە خۆی لە تورکیادا بەجۆرێکی نوێ‌و دیماگۆگی درێژە بە سیاسەتی ناسیونالیستیانەی تورکی دەدات، جۆرە فۆرمێکی نوێی کەمالیزم پیادەدەکات کە لەبری ئەوەی روو لە خۆرئاوا بێت،‌ رووی لە ئیسلامە، لە ناوەوە دەست لە ھیچ کوشتن‌و بڕییەک ناپارێزێت دەرھەق بە ئەتنییەت‌و نەتەوەکانی تر، بۆ دەرەوەش دەموچاوێکی ئاشتیخواز‌و مرۆڤدۆست‌و مافدۆست دەردەخات... خۆی لە ناوەوە قەسابخانەی وەک شیرناخ دروستدەکات، لەدەرەوەش روو لە بەشار ئەسەد دەکات‌و دەڵێت «میللەتی خۆت مەکوژە». پاڵەوانی ئەم نیفاقە سیاسییە گەورەیە لای ھەندێک بووە بە ھەڵگری مۆدێلێکی خەیاڵی «کە لە راستیدا بوونی نییە»‌و وەک فریادڕەسێکی گەورە، وەک مارتن لۆسەری خۆرھەڵات سەیردەکرێت. ئەم درۆیە لە ساڵانی رابوردوودا تەنیا ئۆردوگان‌و مەکینە گەورەکەی، کە مەکینەیەکی موخابەراتی‌و میدیایی گەورەیە، دروستیان نەکردوە، بەڵکو خزاوەتە ھەموو جێگایەک، ھەم لە جیھانی عەرەبدا خەڵکی فریو داوەو ھەم لای ئێمەش.


گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخی کورد لە ئێستادا بارودۆخی سەردەمی کەنعان ئیڤرین نییە، بەڵام ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بە دەستکەوتی ئۆردوگان بزانێت، نەوەک ھەڵەیە، بەڵکو تێنەگەیشتنە لە کۆی ئەو پرۆسە گەورەیەی گۆڕانکاری کە لە دونیادا ھەیە، کە لەسەروو ھەموویانەوە گۆڕانکاریی سیستمی میدیا‌و پەیوەندییە کە وادەکەن چیتر جێگایەک بۆ گەمژەیی شۆڤێنزمی تورکی نەبێت‌و گووتارە تەقلیدییەکانی کەمالییەت بە فۆرمە دێرینەکەی نەتوانێت بژی، ھەڵبەت لە پاڵ دەیەھا ھۆکاری گەورەو کاریگەری دیکە کە کاری من نییە لێرەدا بەسەریانبکەمەوە.


ئەوەی لای من ھەمیشە جێگای سەرەنج بووە، لەدایکبوونی نەوەیەکە لە ئۆردوگانیستی کورد کە بەجۆرێک قسە لە مۆدێلی تورکی دەکەن، وەک رێگا چارەیەک بۆ قەیرانەکانی خۆرھەڵات، وەک موعجیزەیەکی ئایدیۆلۆژی‌و ئابووری‌و سیاسی. ئەم سەرسامییە بە ئۆردوگانیزم بەر لە ھەر کەس پارتی‌و یەکێتی رەواجیان دایە... ھیچ کەسێک نییە رۆڵی ئەم دوو حیزبە لە جوانکردنی روخساری ئەمجۆرە لە کەمالیزمی نوێ فەرامۆشبکات. ئەو سەرمایەی بازرگانەکانی کورد‌و تورکی پێکەوە دەبەستەوە، بووە ھاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژیش کە سیاسییەکانی کورد‌و تورکی پێکەوە گرێدەدا... بەجۆرێک ھەموو ئەو راستییە لە بیرکرا کە ئۆردوگانیزم ھیچ نییە جگە لە فۆرمێکی نوێی کەمالیزم لە سەردەمێکی تر‌و لە ساتێکی تری قەیراندا، وە ھێشتا عەقڵی شۆڤێنی تورکی لەبری پێویستی بەستایش‌و پیاھەڵدان بێت، پێویستی بە سەرزەنشت‌و بەرابەر وەستان ھەیە. ئەوە بوو تەواوی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا لەسەر فەرامۆشکردن‌و بیرنەکردنەوەو ھەوڵنەدان بۆ تێگەیشتنی جەوھەری ئۆردوگانیزم داڕێژرا.


ھەڵبەت سیاسییە کوردییەکان کە لە قوتابخانەی فیکری ناسیونالیستی کوردیدا گەورەبووبن‌و ئەم قوتابخانەیە جگە لە مۆراڵی بچوکی‌و لاوازیی ھیچی دیکەی تێدا نەچاندبوون، نەخۆشییەکانیان بەرجەستەبوونی ھەموو نەخۆشییە تەمەندارەکانی عەقڵییەتی ناسیونالیستی بوو کە یان کۆیلە دروستدەکات یان ئاغا، لە ھاوکێشە ئیقلیمییەکەدا نوێنەری بەری کۆیلەو ھەڵگری مۆراڵی کۆیلە بوون. وەک ھەمیشە ئاسایی بوو، سڵاوی جەلاد بە مەرحەمەتێکی خودایی بزانن‌و زەردەخەنەی ئۆردوگان بەسەرەتای سەردەمێکی نوێ لەقەڵەمبدەن‌و ئەوەی شۆڤینیزمی تورکی بە جینۆساید بۆی نەکراوە، لە بە تورکاندنی عەقڵییەت‌و شێوازی ژیان‌و زەوقماندا، وەک کاڵایەکی گرانبەھا‌و بە پارە لێیبکڕنەوە.


دیارە پارتی‌و یەکێتی تەنیا پێشەنگانی ئەم سەرسامییە بە ئۆردوگانیزم نەبوون، راستە ئەوان ئابووریی کوردستانیان بە جۆرێکی نابەرابەر‌و بێ ھیچ سیاسەتێکی پەرێزدار‌و رۆشن بەستەوە بە بازاڕی تورکیاوە،‌ راستە راگەیاندنی ئەم دوو حیزبە نەوەک ھەر ستایشی ئۆردوگانیزمیان دەکرد‌و لە دەموچاوە فاشییستییەکەی بێدەنگبوون، بەڵکو ھەر عەقڵییەت‌و زەوقیشیان کۆپی مۆدێلی راگەیاندنی تورکی بوو،‌ راستە سوودێکی گەورەیان لە وانەکانی میتی کەمالی وەرگرت لە ترساندن‌و تۆقاندن‌و ھەڕەشەکردن‌و لە ناوبردنی نەیاراندا.. بەڵام ئەوان تەنیا ھاوڕێ‌و بانگەشەکاری ئوردوگانیزم لە کوردستاندا نەبوون.




بەرەی دووەم لە ئۆردوگانیستە کوردەکان، ئەو شەپۆلە دینیانەن کە دەیانەوێت لەسەر حیسابی ھەر شتێک بێت بڵێن دەسەڵاتی دینی لە عەلمانی باشترە. ئەمانە بەراوردکردنی نێوان کەنعان ئیڤرین‌و ئۆردوگان دەگۆڕن بۆ بەراوردکردنی مۆدێلی عەلمانی‌و مۆدێلی دینی، کە نەوەک بەراوردێکی شیاو نییە، بەڵکو نوکتەیەکی فیکری‌و زانستی‌و ئەخلاقیشە. ئەو بەراوردەشیان بۆئەوەیە، بەو دەرەنجامەوە بێنەدەرێ کە حکومەتی دینی لە حکومەتی عەلمانی دادپەروەرتر‌و بە رەحمترە. ئەم ھەڵە فیکرییە، ھەڵەی تێنەگەیشتن لە ئۆردوگانیزم وەک جۆرێک لە کەمالیزمی بۆیەکراو بەدین، لە شۆڤێنیزمی حیجابدار، بەرەو ئەوەی بردن ئۆردوگانیزم وەک مۆدێلێک بۆ پارتە دینییەکان سەیربکەن کە گوایە دەتوانن لەگەڵ رۆحی دیموکراسییەتی خۆرئاواییدا خۆیان بگونجێنن، بێئەوەی ساتێک ئەوەیان لە بیربێت کە ئۆردوگانیزم بە جەوھەر تەعبیر نییە لە مۆدێلی دینی حوکم، دامەزراندنی شەریعە نییە، بەڵکو تەعبیرە لە فۆرمێکی نوێی عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکی لە ساتێکدا دەیەوێت لە قەیرانە گەورەکانی ناوخۆ‌و دەرەوەی دەرچێت، کاتێک دەیەوێت رۆحی کولتووری کەمالی بپارێزت‌و جەوھەرە شۆڤێنییەکەی ھەڵگرێتەوە، بێئەوەی لە ناوەوەڕا لە رابوردووی دێرینی داببڕێت. ئەوە لە ساتێکدا ئاشکرایە کە روکەشە عەلمانییەکەی کەمالیزم نەیتوانی نەتەوەکانی تر لە تورکیا بتوێنێتەوە، ئۆردوگانیزم کە روکەشە دینییەکەی کەمالیزمە، بۆ ھەمان مەبەست، لە رێگای بەکارھێنانی گووتاری دینییەوە، وەک گووتارێکی ئەسیمیلەکەر‌و توێنەوەو یەکخەر، ھەوڵی ئەو کارە دەدات. 


ھەڵبەت کە تورکیا دەبێت بگۆڕێت، بەڵام ئۆردوگانیزم تەعبیر نییە لە گۆڕان لە رۆحی ناسیونالیزمی تورکیدا، بەڵکو تەعبیرە لە رێگریی ئەو رۆحە لە گۆڕان، لە خۆگونجاندنی لەگەڵ ھەلومەرجی نوێدا، بێدەستکاریکردنی قووڵی گووتارەکان‌و تێزەکان. ئۆردوگانیزم ھەر خودی ئەم ناسیونالیزمەیە، لە دەموچاوە ھەرە دیماگۆگییەکەیدا، لە چڵەپۆپەی ئەو ناکۆکییە ئەخلاقی‌و فیکرییەدا کە لەسەری راوەستاوە.


بەبڕوای من ھەڵەیەکی مێژوویی‌و ئەخلاقی گەورەیە ئەحزابی دینی کوردی، شەرعییەتی خۆیان لە مۆدێلی ئۆردوگانییەوە وەربگرن، بەڵکو ھەر سەرەتایەکی دروست بۆ دروستکردنی حیزبێکی ئاینی کراوە، کە دوور بێت لە رۆحی رەتکردنەوەو توندوتیژی، دەبێت لە رەخنە لە ئۆردوگانیزمەوە دەست پێبکات، چونکە ئۆردوگانیزم تا ئێستا‌و تاسەر ئێسقانیش بە رۆحی رەتکردنەوەو توندوتیژی بار‌و بارگاوییە.


بەرەی سێھەم کە لە کوردستاندا بانگەشەی ئۆردوگانیزم دەکەن، ئەو رۆشنبیر‌و رۆژنامەنوس‌و ھونەرمەند‌و خوێندەوارانەن کە بەخەیاڵی خۆیان لە ئۆردوگانییەتدا شێوازێکی دینی‌و ناسیونالیستی مامناوەند دەبیننەوە. بێئەوەی لەو راستییە سادەیە تێبگەن کە ئەوە ئۆردوگانییەت نییە دونیای گۆڕیوە، بەڵکو دونیا‌و ھاوکێشە تازەکان‌و شێوازە نوێکانی ژیانە کە عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکیان بە ھەندێ پاشەکشە ناچارکردوە. ئەوەی کە ئەم رۆشنبیرانە نایبینن ئەوەیە ئۆردوگانیزم، دەشێت لە داھاتوودا رۆحێکی داخراوتر‌و تەسکتر ببەخشێتە عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکی، بەوەی بە بارگەی فاناتیکیانەی مەزھەب موتوربەیدەکات. ئۆردوگانییەت کە تائێستا بچوکترین ھەنگاوی نەناوە پەروەردەیەکی تازە ببەخشێتە مرۆڤی تورک لە ئەفسانە ئەتاتورکییەکان رزگاریبکات، بەردەوام لەسەر پاکڕاگرتنی یادەوری تورکیای دێرین، گۆڕستانی میللەتان، سەرزەمینی جینۆسایدە گەورەکان ئیشدەکات، ھێشتا منداڵی تورک فێردەکرێت ئەوەی لەسەر زەمینی تورکیا دەژی، تورکە. ھێشتا منداڵی تورک پێی ناگووترێت لە تورکیادا خەڵکانی تر‌و زمانی تر ھەیە رێزیان لێ بگرە... بە بڕوای من شەرمە بۆ رۆشنبیرانێک لە ژێر ھەر بیانوو بەھانەیەکدا بێت، سەر بە ھەر نەتەوەیەکی خۆرھەڵات بن... ئەو جەوھەرە نەبینن کە ئۆردوگانیزم ھەیەتی‌و ئەوەی مێژوو گۆڕیوێتی بە کاری ناسیونالیستێکی وەک ئۆردوگانی بزانن.


لە چەند ساڵی رابوردوودا، ئەفسانەی ئۆردوگانیزم بۆتە یەکێکە لە ئەفسانە گەورەو ترسناک‌و بەربڵاوەکانی خۆرھەڵات. ئەم پیاوە ناسیونالیستییە پیاوکوژ‌و جەلادە، کە خۆی لە تورکیادا بەجۆرێکی نوێ‌و دیماگۆگی درێژە بە سیاسەتی ناسیونالیستیانەی تورکی دەدات، جۆرە فۆرمێکی نوێی کەمالیزم پیادەدەکات کە لەبری ئەوەی روو لە خۆرئاوا بێت،‌ رووی لە ئیسلامە، لە ناوەوە دەست لە ھیچ کوشتن‌و بڕییەک ناپارێزێت دەرھەق بە ئەتنییەت‌و نەتەوەکانی تر، بۆ دەرەوەش دەموچاوێکی ئاشتیخواز‌و مرۆڤدۆست‌و مافدۆست دەردەخات... خۆی لە ناوەوە قەسابخانەی وەک شیرناخ دروستدەکات، لەدەرەوەش روو لە بەشار ئەسەد دەکات‌و دەڵێت «میللەتی خۆت مەکوژە». پاڵەوانی ئەم نیفاقە سیاسییە گەورەیە لای ھەندێک بووە بە ھەڵگری مۆدێلێکی خەیاڵی «کە لە راستیدا بوونی نییە»‌و وەک فریادڕەسێکی گەورە، وەک مارتن لۆسەری خۆرھەڵات سەیردەکرێت. ئەم درۆیە لە ساڵانی رابوردوودا تەنیا ئۆردوگان‌و مەکینە گەورەکەی، کە مەکینەیەکی موخابەراتی‌و میدیایی گەورەیە، دروستیان نەکردوە، بەڵکو خزاوەتە ھەموو جێگایەک، ھەم لە جیھانی عەرەبدا خەڵکی فریو داوەو ھەم لای ئێمەش.


گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخی کورد لە ئێستادا بارودۆخی سەردەمی کەنعان ئیڤرین نییە، بەڵام ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بە دەستکەوتی ئۆردوگان بزانێت، نەوەک ھەڵەیە، بەڵکو تێنەگەیشتنە لە کۆی ئەو پرۆسە گەورەیەی گۆڕانکاری کە لە دونیادا ھەیە، کە لەسەروو ھەموویانەوە گۆڕانکاریی سیستمی میدیا‌و پەیوەندییە کە وادەکەن چیتر جێگایەک بۆ گەمژەیی شۆڤێنزمی تورکی نەبێت‌و گووتارە تەقلیدییەکانی کەمالییەت بە فۆرمە دێرینەکەی نەتوانێت بژی، ھەڵبەت لە پاڵ دەیەھا ھۆکاری گەورەو کاریگەری دیکە کە کاری من نییە لێرەدا بەسەریانبکەمەوە.




ئەوەی لای من ھەمیشە جێگای سەرەنج بووە، لەدایکبوونی نەوەیەکە لە ئۆردوگانیستی کورد کە بەجۆرێک قسە لە مۆدێلی تورکی دەکەن، وەک رێگا چارەیەک بۆ قەیرانەکانی خۆرھەڵات، وەک موعجیزەیەکی ئایدیۆلۆژی‌و ئابووری‌و سیاسی. ئەم سەرسامییە بە ئۆردوگانیزم بەر لە ھەر کەس پارتی‌و یەکێتی رەواجیان دایە... ھیچ کەسێک نییە رۆڵی ئەم دوو حیزبە لە جوانکردنی روخساری ئەمجۆرە لە کەمالیزمی نوێ فەرامۆشبکات. ئەو سەرمایەی بازرگانەکانی کورد‌و تورکی پێکەوە دەبەستەوە، بووە ھاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژیش کە سیاسییەکانی کورد‌و تورکی پێکەوە گرێدەدا... بەجۆرێک ھەموو ئەو راستییە لە بیرکرا کە ئۆردوگانیزم ھیچ نییە جگە لە فۆرمێکی نوێی کەمالیزم لە سەردەمێکی تر‌و لە ساتێکی تری قەیراندا، وە ھێشتا عەقڵی شۆڤێنی تورکی لەبری پێویستی بەستایش‌و پیاھەڵدان بێت، پێویستی بە سەرزەنشت‌و بەرابەر وەستان ھەیە. ئەوە بوو تەواوی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا لەسەر فەرامۆشکردن‌و بیرنەکردنەوەو ھەوڵنەدان بۆ تێگەیشتنی جەوھەری ئۆردوگانیزم داڕێژرا.


ھەڵبەت سیاسییە کوردییەکان کە لە قوتابخانەی فیکری ناسیونالیستی کوردیدا گەورەبووبن‌و ئەم قوتابخانەیە جگە لە مۆراڵی بچوکی‌و لاوازیی ھیچی دیکەی تێدا نەچاندبوون، نەخۆشییەکانیان بەرجەستەبوونی ھەموو نەخۆشییە تەمەندارەکانی عەقڵییەتی ناسیونالیستی بوو کە یان کۆیلە دروستدەکات یان ئاغا، لە ھاوکێشە ئیقلیمییەکەدا نوێنەری بەری کۆیلەو ھەڵگری مۆراڵی کۆیلە بوون. وەک ھەمیشە ئاسایی بوو، سڵاوی جەلاد بە مەرحەمەتێکی خودایی بزانن‌و زەردەخەنەی ئۆردوگان بەسەرەتای سەردەمێکی نوێ لەقەڵەمبدەن‌و ئەوەی شۆڤینیزمی تورکی بە جینۆساید بۆی نەکراوە، لە بە تورکاندنی عەقڵییەت‌و شێوازی ژیان‌و زەوقماندا، وەک کاڵایەکی گرانبەھا‌و بە پارە لێیبکڕنەوە.


دیارە پارتی‌و یەکێتی تەنیا پێشەنگانی ئەم سەرسامییە بە ئۆردوگانیزم نەبوون، راستە ئەوان ئابووریی کوردستانیان بە جۆرێکی نابەرابەر‌و بێ ھیچ سیاسەتێکی پەرێزدار‌و رۆشن بەستەوە بە بازاڕی تورکیاوە،‌ راستە راگەیاندنی ئەم دوو حیزبە نەوەک ھەر ستایشی ئۆردوگانیزمیان دەکرد‌و لە دەموچاوە فاشییستییەکەی بێدەنگبوون، بەڵکو ھەر عەقڵییەت‌و زەوقیشیان کۆپی مۆدێلی راگەیاندنی تورکی بوو،‌ راستە سوودێکی گەورەیان لە وانەکانی میتی کەمالی وەرگرت لە ترساندن‌و تۆقاندن‌و ھەڕەشەکردن‌و لە ناوبردنی نەیاراندا.. بەڵام ئەوان تەنیا ھاوڕێ‌و بانگەشەکاری ئوردوگانیزم لە کوردستاندا نەبوون.




بەرەی دووەم لە ئۆردوگانیستە کوردەکان، ئەو شەپۆلە دینیانەن کە دەیانەوێت لەسەر حیسابی ھەر شتێک بێت بڵێن دەسەڵاتی دینی لە عەلمانی باشترە.


 ئەمانە بەراوردکردنی نێوان کەنعان ئیڤرین‌و ئۆردوگان دەگۆڕن بۆ بەراوردکردنی مۆدێلی عەلمانی‌و مۆدێلی دینی، کە نەوەک بەراوردێکی شیاو نییە، بەڵکو نوکتەیەکی فیکری‌و زانستی‌و ئەخلاقیشە. ئەو بەراوردەشیان بۆئەوەیە، بەو دەرەنجامەوە بێنەدەرێ کە حکومەتی دینی لە حکومەتی عەلمانی دادپەروەرتر‌و بە رەحمترە. ئەم ھەڵە فیکرییە، ھەڵەی تێنەگەیشتن لە ئۆردوگانیزم وەک جۆرێک لە کەمالیزمی بۆیەکراو بەدین، لە شۆڤێنیزمی حیجابدار، بەرەو ئەوەی بردن ئۆردوگانیزم وەک مۆدێلێک بۆ پارتە دینییەکان سەیربکەن کە گوایە دەتوانن لەگەڵ رۆحی دیموکراسییەتی خۆرئاواییدا خۆیان بگونجێنن، بێئەوەی ساتێک ئەوەیان لە بیربێت کە ئۆردوگانیزم بە جەوھەر تەعبیر نییە لە مۆدێلی دینی حوکم، دامەزراندنی شەریعە نییە، بەڵکو تەعبیرە لە فۆرمێکی نوێی عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکی لە ساتێکدا دەیەوێت لە قەیرانە گەورەکانی ناوخۆ‌و دەرەوەی دەرچێت، کاتێک دەیەوێت رۆحی کولتووری کەمالی بپارێزت‌و جەوھەرە شۆڤێنییەکەی ھەڵگرێتەوە، بێئەوەی لە ناوەوەڕا لە رابوردووی دێرینی داببڕێت. ئەوە لە ساتێکدا ئاشکرایە کە روکەشە عەلمانییەکەی کەمالیزم نەیتوانی نەتەوەکانی تر لە تورکیا بتوێنێتەوە، ئۆردوگانیزم کە روکەشە دینییەکەی کەمالیزمە، بۆ ھەمان مەبەست، لە رێگای بەکارھێنانی گووتاری دینییەوە، وەک گووتارێکی ئەسیمیلەکەر‌و توێنەوەو یەکخەر، ھەوڵی ئەو کارە دەدات. ھەڵبەت کە تورکیا دەبێت بگۆڕێت، بەڵام ئۆردوگانیزم تەعبیر نییە لە گۆڕان لە رۆحی ناسیونالیزمی تورکیدا، بەڵکو تەعبیرە لە رێگریی ئەو رۆحە لە گۆڕان، لە خۆگونجاندنی لەگەڵ ھەلومەرجی نوێدا، بێدەستکاریکردنی قووڵی گووتارەکان‌و تێزەکان. ئۆردوگانیزم ھەر خودی ئەم ناسیونالیزمەیە، لە دەموچاوە ھەرە دیماگۆگییەکەیدا، لە چڵەپۆپەی ئەو ناکۆکییە ئەخلاقی‌و فیکرییەدا کە لەسەری راوەستاوە.


بەبڕوای من ھەڵەیەکی مێژوویی‌و ئەخلاقی گەورەیە ئەحزابی دینی کوردی، شەرعییەتی خۆیان لە مۆدێلی ئۆردوگانییەوە وەربگرن، بەڵکو ھەر سەرەتایەکی دروست بۆ دروستکردنی حیزبێکی ئاینی کراوە، کە دوور بێت لە رۆحی رەتکردنەوەو توندوتیژی، دەبێت لە رەخنە لە ئۆردوگانیزمەوە دەست پێبکات، چونکە ئۆردوگانیزم تا ئێستا‌و تاسەر ئێسقانیش بە رۆحی رەتکردنەوەو توندوتیژی بار‌و بارگاوییە.


بەرەی سێھەم کە لە کوردستاندا بانگەشەی ئۆردوگانیزم دەکەن، ئەو رۆشنبیر‌و رۆژنامەنوس‌و ھونەرمەند‌و خوێندەوارانەن کە بەخەیاڵی خۆیان لە ئۆردوگانییەتدا شێوازێکی دینی‌و ناسیونالیستی مامناوەند دەبیننەوە. بێئەوەی لەو راستییە سادەیە تێبگەن کە ئەوە ئۆردوگانییەت نییە دونیای گۆڕیوە، بەڵکو دونیا‌و ھاوکێشە تازەکان‌و شێوازە نوێکانی ژیانە کە عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکیان بە ھەندێ پاشەکشە ناچارکردوە.


 ئەوەی کە ئەم رۆشنبیرانە نایبینن ئەوەیە ئۆردوگانیزم، دەشێت لە داھاتوودا رۆحێکی داخراوتر‌و تەسکتر ببەخشێتە عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکی، بەوەی بە بارگەی فاناتیکیانەی مەزھەب موتوربەیدەکات. ئۆردوگانییەت کە تائێستا بچوکترین ھەنگاوی نەناوە پەروەردەیەکی تازە ببەخشێتە مرۆڤی تورک لە ئەفسانە ئەتاتورکییەکان رزگاریبکات، بەردەوام لەسەر پاکڕاگرتنی یادەوری تورکیای دێرین، گۆڕستانی میللەتان، سەرزەمینی جینۆسایدە گەورەکان ئیشدەکات، ھێشتا منداڵی تورک فێردەکرێت ئەوەی لەسەر زەمینی تورکیا دەژی، تورکە. ھێشتا منداڵی تورک پێی ناگووترێت لە تورکیادا خەڵکانی تر‌و زمانی تر ھەیە رێزیان لێ بگرە... بە بڕوای من شەرمە بۆ رۆشنبیرانێک لە ژێر ھەر بیانوو بەھانەیەکدا بێت، سەر بە ھەر نەتەوەیەکی خۆرھەڵات بن... ئەو جەوھەرە نەبینن کە ئۆردوگانیزم ھەیەتی‌و ئەوەی مێژوو گۆڕیوێتی بە کاری ناسیونالیستێکی وەک ئۆردوگانی بزانن.




NRT
AM:03:27:12/10/2019