دیسان مێرمنداڵێک خۆی کوشت!
ئاورنگ شێخ عەلی

بەداخەوە بۆ ئەو کۆمەڵگا بەھێزەی ئێمە کە ئاوای لێ ھات. ئێمە بەرگەی زەبر و زەنگی داگیرکەران و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقمان دەگرت، کچان و کوڕانمان سینگی خۆیان دەکردە قەڵغان بۆ بەرگری لە کوردستان، بێ نانی و بێ ئاوی و ئاوارەیی و دەربەدەری، رۆژ بە رۆژ بەھێزتری دەکردین، کەچی ئێستا کچان و کوڕانمان لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی بچووکترین کێشە، کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەھێنن.




بەڕاستی کارەساتە و شایەنی ھەڵوەستە لەسەرکردنە، ئاخر چەندین جار ھاوارمان کرد، با لە میدیاکانەوە بەرنامەی خێزانی و فێرکاریی گونجاو و بەرنامە بۆ داڕێژراو ھەبێت، لەجیاتی بڵاوکردنەوە و دۆبلاژکردنی زنجیرەدراما و فیلمێکی بیانی، کە دوور و نزیک پەیوەندیی بە کولتوورو دابونەریتی کۆمەڵگای کوردەوارییەوە نییە، بەڵام بێ سوود بوو. کاتی خۆی کە منداڵ بووین، بیرم دێت بەرنامەکان بە شێوەک بوون تاکیان دروست دەکرد، کەسایەتیی منداڵیان بەهردار و بەهێز دەکرد، منداڵ ھەر لە ماڵەوە بەھۆی بەرنامەیەکەوە فێری وێنەکێشان و زۆر ئارەزووی تر دەکرا، فیلمەکان رەنگدانەوەی بەھا جوان و بەرزەکانی کۆمەڵگە بوون. ئەی ئێستا چی دەگوزەرێ؟ چی روو دەدات؟ بۆچی خێزان و تاک ئاوای بەسەر بێ؟




با هیچ نەبێ لە ئێستاوە دەست پێ بکەین، پێویستە بەرنامەکان بە شێوەیەک بن، گیانی نیشتمانپەروەری و کوردایەتی و چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ژیان، لەگەڵ پاراستن و تۆخکردنەوەی بەھا بەرز و پیرۆزەکانی کۆمەڵگەکەمان فێری تاکی کوردی بکرێن، نەک ئەوەی کە ئێستا ھەیە. ھەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک کولتوور و دابونەرێتی باش و خراپی تێدایە، ئەورووپاش بە ھەمان شێوە، دە وەرن با شتە باشەکانیان لە رووی زانستی و پێشکەوتنی یاساکان و رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ لێ وەربگرین، بۆچی تەنیا پڕوپووچییەکان دێنن و زەقی دەکەنەوە و پەرەی پێ دەدەن؟ پێویستە چاودێری ھەبێت و ھەر کارێک یا ھۆکارێک پەیوەندیی بە کۆی گشتیی خەڵکەوە بوو، بەپێی پلان و لەژێر چاودێریی ورددا بەڕێوە بچێت، دەبێ توێژەران و کۆمەلناسان و یاساناسان و پسپۆڕانی ئەم بوارە، لە هۆکارەکان بکۆڵنەوە و رێگەچارەی بۆ دابنێن، پێویستە میدیاکان و چالاکوانانی شارەزای نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم پرسە بەهەند وەربگرن و قسەی جدیی لێ بکەن، دەبێ دامودەزگاکانی کۆمەڵگە بەگشتی لە بچووکەوە تا گەورە لەم رووەوە بەخۆیاندا بچنەوە و بەرنامەڕێژیی زانستییانەیان هەبێت بۆ کەمکردنەوە و رێگری لەم رووداوە خەمناکانە.


 


باسنیوز 
AM:04:31:12/11/2019