رۆژنامەنووس روو لەكوێ بكات
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر


ماوەیەكە لێرەو لەوێ‌ رۆژنامەنوسان لەسەر كاری رۆژنامەنوسی دەچنە بەردەم دادگا، كەچی بەشێك لەدادوەران بەقانونی سزادانی عیراقیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن و خێرا دەستگیریان دەكەن! چاوپۆشی لەوەدەكەن كە قانونێكی دیكە هەیە تایبەتە بەكاری رۆژنامەگەریی و هەموو وردەكارییەكی تایبەت بەئەرك و مافی رۆژنامەنوس دەستنیشانكردووەو لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە.


 قانونی رۆژنامەگەریی ژمارە 35 ساڵی 2007 دەستكەوتێكی گرنگ و بەنرخ بوو كاتێك لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیاری لێدرا. لەلایەك گرتنی رۆژنامەنوسی لەلایەن دادگاوە نەهێشت، لەلایەكی دیكە بەشێوەیەك لەشێوەكان مەبەست لێی لەچوارچێوەدانی ئەو دۆخە ناڕۆشنەی كاری رۆژنامەگەری بوو كە لەكوردستان هەبوو، بەتایبەت قانونێك نەبوو ئەرك و مافی رۆژنامەنوس بەو وردەكارییەوە دەستنیشان بكات.


 دەكرێت سەرنجی خۆمان لەسەر پرسی دادگاییكردنی رۆژنامەنوسان بەقانونی سزادانی عیراقی بەمشێوەیە بخەینە روو: یەكەم: قانونی سزادانی عیراقیی، قانونێكی گشتییە، بەڵام قانونی رۆژنامەگەریی قانونێكی تایبەتەو بەپێی ئەو بنەمایەی كە دەڵێت (الخاص یقید العام) نابێت قانونی (سزادانی عیراقی) جێبەجێبكرێت بەڵكو ئێمە خاوەنی قانونێكی تایبەتین ئەویش (قانونی رۆژنامەگەری ژمارە 35 ساڵی 2007) ناكرێت جگە لەوە هیچ دەقێكی دیكە جێبەجێبكرێت. 


دووەم: لەماددەی دوازدەمی قانونی رۆژنامەگەریی ژمارە 35 ساڵی 2007 دا هاتووە كە (كار بەهیچ دەقێك ناكرێ كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم ناكۆك بێت). سێیەم: بەپێی مەبدەئی (اللاحق ینسخ السابق) ئەوا نابێت بەهیچ شێوەیەك جگە لەقانونی رۆژنامەگەریی، هیچ قانونێكی دیكە لە كەیسی رۆژنامەنوسیدا جێبەجێبكرێت، چونكە ئەو قانونە دواتر دەرچووە دەبێ‌ ئەو جێبەجێبكرێت.


بەشێك لە بەرپرسێتی جێبەجێنەكردنی قانونی رۆژنامەگەریی و هەر قانونێكی دیكە، دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانی كوردستان، چونكە هەم خۆیان قانونەكەیان دەركردووە، هەمیش یەكێك لەئەرك و وەزیفە سەرەكییەكانی پەرلەمان چاودێریكردنی جێبەجێكردنی قانونە. لەپاڵ جێبەجێنەكردنی قانونی رۆژنامەگەریی كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە، دەبینین سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانیش كە (ماوەی قانونیی بەسەرچووە وشەرعییەتی كۆنگرەی نەماوە) بەمیزاج قسە لەسەر پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان دەكات! ئەگەر ئەو رۆژنامەنوسەی پەلامار دراوە یان دەستگیر كراوە (حزبیی و لەخۆیان) نزیك بێت، ئەوا بەیاننامەو ئیدانەكردنی لایەنی پەیوەندیدار دەكرێت، ئەگەر بەپێچەوانەوە بوو، ئەوا خۆیان لێ‌ بێدەنگ دەكەن، مەگەر دواتر لە راپۆرتی ساڵانەیان باسی بكەن. هەرچۆنێك بێت لەمرۆژانە سەندیكای رۆژنامەنوسان كۆنفرانسێكی بچوككراوەیان رێكخست بۆئەوەی كۆنگرە بكرێت و لانیكەم سەندیكا لەم دۆخەی ئێستا دەربازی ببێت كە دووركەوتۆتەوە لەنوێنەرایەتی كردنی رۆژنامەنوسان و پێكهاتەی ئەنجومەنەكەیشی یەك رەنگی گرتوەو بەتەواوی لاسەنگ بووە.




كوردستانی‌ نوێ‌ 
AM:04:07:18/11/2019