ڕۆژنامەنوس ..سەربازە ونەکەی ڕۆژانی کۆرۆنا
نەزاكەت حسێن
ئەگەرچی بەھۆی بۆشایی یاسایی و بارودۆخی سیاسی و ھەندێک پرسی تری تایبەت بە سیستمی حوکمڕانی و سیستم و ژینگەی میدیایی لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا، رۆژنامەنوس قوربانییەکی زۆر دەدات، لەھەرێمی کوردستانیشدا بەھەمان شێوە  بە پیشە نەناساندی کاری رۆژنامەنوسی و دیاری نەکردنی کرێی ئیش کردن و مافەکانی بەیاسا، زۆروبۆری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و قۆرخکاری ژینگەی میدیایی لەلایەن میدیای حیزبی و جێبەجێ نەکردنی یاساکانی تایبەت بە رۆژنامەنگەری و مافی رۆژنامەنوسان لە ھەڕێمی کوردستان و ناسەربەخۆیی دادگاکان، بەمەزاج مامەڵەکردنی بەڕێوەبەران و خاوەنەکانی دەزگا ڕاگەیاندنەکان  و گرفتی  ئاستی پرۆفیشناڵی و ھۆشیاری رۆژنامەنوس و لایەنەکانی بەرامبەر بە یاساکانی و ئیتیکی کاری رۆژنامەنوسی وایانکردووە ژینگەیەکی تا ڕادەیەک ناتەندروستی بۆ کاری رۆژنامەگەری خولقاندووە، کە بوەتە ھۆی دروستکردنی جیاکاری و پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان.
ئەمە لەحاڵەتە ئاساییەکان، لەحاڵەتە نائاسایەکان و قەیرانەکاندا، ئەم بەرکەوتنەی رۆژنامەنوس و لایەنە ئەمنییەکان زۆرتر دەبێت، وەک وتم بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کەم بەئاگایی ھەردوولا بە ئەرک و مافی یاسایی کاریی رۆژنامەگەری.
وەک ھەمووجار وتومانە، رۆژنامەنوس قوربانییە، بەڵام فریشتەش نییە و ئەویش ھەندێکجار ھەڵە و سنورشکاندن دەکات.
ئەوەی مەبەستمە لەم کورتە وتارەدا بیخەمەڕوو، لەرۆژانێکی سەختی وەک ئەمرۆدا کە شەڕی ژیان و مەرگە، ھەمووان چونەتەوە ماڵەکانیان و شەقامەکان چۆڵ کراون لەترسی پەتای کۆرۆنا، ئەوەی ھەیە ھێزە ئەمنییەکان و رۆژنامەنوسانن بەدەرەوە ،پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیش لە نەخۆسخانەکاندا ھەوڵی بەرچاودەگێڕن ،ئەڵبەتە چ کارمەندانی تەندروستی چ ھێزە ئەمنییەکان تاڕادەیەک کرێی ئیشکردن و کەلوپەلی سەلامەتی و پێویستیان بۆ دابین کراوە، رۆژنامەنوس کە وەک ھێزە ئەمنییەکان لەدەرەوەن، جگە لەوەی زۆربەیان بە کرێیەکی کەم و یان بەچەند مانگ جارێک موچەیەکی ڕەمزییان ھەیە ، ئەڵبەتە ھەندێکیان ھەموویان نا، لەلایەکی ترەوە  بە پێوەری سەلامەتی تەندروستی دەزگا جیھانییەکان  ھیچ کام لە جلوبەرگەکان و کەلوپەلەکانیان تەندروست نییە و مەترسی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا و ھەڕەشەکانی تری بەردەمیان کەم ناکاتەوە.
بەڵام ئەوەی تێبینی کرا و من ھەفتەیەک پێش ئێستا لە ئەکاونتی خۆم لەفەیسبوک ڕەخنەم گرت، کە بەرپرسان و ھەموو ئەو شوێنانەی سوپاس و پێزانین دەردەبڕن بە وشەیەکیش ناوی رۆژنامەنوس ناھێنرێت و وەک کائینێکی ناو ئەم ھەڵمەتی روبەڕوبوونەوەیە باس ناکرێت و ناخوێندرێتەوە، لەکاتێکدا ئێمە ھەموومان لەماڵەوەین تەنھا ئەوانن زانیارییەکان دەگوێزنەوە بۆمان و بەھۆی ئەوانەوە دەزانین چی ڕوودەدات لە شەقام و ناوشار و جیھان.
لەگەڵ ئەم گلەیەش دەمانەوێت رۆژنامەنوس بە رۆحی ھەمیشەیی خۆبەخشانەی خۆی پابەندی ڕێنوماییەکان بێت و ھاوکار بێت لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و  کارمەندانی تەندروستی، کاری رۆژنامەنوسی و دەرفەتەکەی پێیدراوە بۆ کارە کەسییەکانی بەکارنەھینێت تاکو بە ھەموولایەک ھەرێمی کوردستان لەم دوژمنی مرۆڤایەتی و پەتا کوشندەیە ڕزگاربکەین.

AM:06:41:30/03/2020