د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
ـ چییە رۆڵە بۆ وا شپرزەی؟
×وەڵـڵاهی ئیحراج بووم قوربان.. زەلامێك هاتووە ئەیەوێ جەنابت ببینێ.
ـ كێیە؟ ئەیناسی؟
× ناسینی وا نا.. هەر دووسێ جارێ لە مەعرەزی علوجەكان دیومە.. وابزانم لەوێ عەسران دەڵاڵ و شتە.
ـ عەسران؟! كەواتە بەیانیان موەزەفە.
× موەزەفێكی وا نییە بەگم.. عەیب نەبێ بن دیوارە.
ـ بن دیوار بێ و لە مەعرەزی علوجەكان ئیش بكات، ئاخۆ چ موبارەكێ بێ؟!. ئیشی چییە بە من؟
× رووم نایە بیڵێم.
ـ دە كەواتە با نەیەت… بڵێ مەجالی نییە.
× ئاخر بەخوا عەیبە.. رووی لێ ناوم.
ـ خزمتە؟
× نەخێر.
ـ ئەی دراوسێتە؟
× نەوەڵـڵا.. ئەو ماڵی لە خانووە بێ تاپۆكانی لای هینەوەیە…..
ـ حای حای حای… بن دیوارو خانووی بێ تاپۆ و مەعرەزی علوج و… ناوی چییە؟
× جاران وابزانم ناوی نەسروڵـڵا بوو بەس ئێستا گۆڕیوێتی بە هاوڕاز.
ـ بە قورعان تۆ من شێت ئەكەی.. كابرا ناوی گۆڕیبێ و لە مەعرەزی علوج ئیش بكات و ماڵی لە خانووە بێ تاپۆكان بێ و بن دیوار بێ چ ئیشێكی بە من هەیە؟؟ بڕۆ بڵێ ناتبینێ.
× بەگم ئەوە زۆر قورسە. ناتوانم.
ـ بۆ؟ ئەترسی رۆژێ ئیشت تێی بكەوێ؟!!
× ئیشی چیم تێی بكەوێ!؟ .. نەوەڵـڵا .. بەس دوایی لە شوێنان حەیام ئەبات.
ـ بۆ؟ راگەیاندنكارە؟
× نا نەوەڵـڵا.. لە قانونی ئێواران بە قبوڵ خاص وەرگیرا بەس تەواوی نەكرد.
ـ تۆ سەیری ئەم بیتاقەیە بۆمان دەرچووە!!.
× بەگم پێنج دەقیقە بیبینەو تەواو.
ـ ئاخر نابێ بزانم چی ئەوێ؟
× ئەیەوێ بەرنامەیەك لێرە پێشكەش بكات.
ـ بەرنامە! دەربارەی چی؟
× سەروەریی یاسا قوربان.
دواڕۆژ