دەردی کۆرۆنا و بازاڕی چەواشەکاری
لیزا فەلەکەددین کاکەیی

ئەم کۆرۆنایە زۆربەی زۆری خەڵکی بێکار کردووە. جا ئینسان بە تەبیعەتی خۆی کە بێکار بوو بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە بەدوای ئەلتەرنەتیفی دیکەدا دەگەرێت.

بەداخەو هەندێک پەرلەمانتاری ئەم هەرێمە گیرۆدەی ئەو دۆخەن، لەگەڵ رێزم بۆ زۆربەی ئەندامان بەڵام ئێستا بازاڕ بازاڕی چەواشەکارییە بۆ ئەو ئەندامانەی لەپێناو دوو دەستخۆشی و زیاد کردنی لایک و فۆلۆوەر بەبێ گوێدان بەو بارە دەروونییەی کە ئێستا هاوڵاتی تێدایە تەواوی هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ چەواشەکاری و دروستکردنی دڵەراوکێ. هەر لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەدواداچوون دەکەن و وڵام و وڵامکاری دەکەن ئاخر لەکام یاسا و رێسادا بووە فەیسبووک ببێتە نێوەندێک بۆ کاری پەرلەمانی؟

ئەم کۆرۆنایە بەڵایەکە و ئینسانییەتی خستۆتە باری خۆپارێزی و زۆربەی وڵاتانی زلهێزی تەواو گەمارۆ داوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر هیچ نەبێت لایەکی ئەرێنیشی هەیە کە گیانی هاوکاری و خێرخوازی زیاد کردووە، سەردەمێکی زۆر بوو جیهان تێنوی ویژدان و روحی بەخشەندەیی ببوو.

تۆ سەیری هێزە سیاسییەکانی وڵاتان بکە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە یەک دەنگ و رەنگ تەواوی هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ و بە پێشکەشکردنی جۆرەها پرۆژەی خێرخوازی و بەرنامە و پرۆگرامی تایبەت بە رۆشنبیری تەندروستی پاڵپشتی حکوومەتەکەیانن.

کەچی لای خۆشمان هەیە لە حکومەتیشە و هەشە لەژێر سێبەری ئۆپۆزسیۆن بوونەوە تەنها بۆ خۆ دەرخستن و بوونە بە سوپەرمەنی کورد رۆژانە لە هەوڵی چەواشەکارییە و چاوی بە هەوڵ و دەسکەوتەکانی حکوومەت هەڵنایەت.

بابەتی قووتی فەرمانبەر و مامۆستایان کردووە بە کارت و هەرکە بێکار بوو و هیچی بە دەستەوە نەبوو بەکاری دەهێنێ و یاری بە هەستی مووچەخۆر ئەکات.

ئەرێ تۆزێک ویژدان خەڵک ماندووە چیدیکە قوتی خەڵک مەکەن بە بابەتی خۆ دەرخستنتان و ئەگەر بێکاری تەنگی پێ هڵچنیون بیرێک لە دۆخی دوای کۆرۆنا بکەنەوە و هاوکاربن بۆ ئەوەی پرۆژە و پێشنیار بۆ ئەو کات ئامادە بکەین کە حکومەت چۆن بتوانێت هاوکاری خەڵکی زەرەرمەندی ئەم دۆخە بێت و بەتایبەت قوتابیان کە لە زانست دابڕاون.

سەردەم سەردەمی ئینسانییەتە، مۆدێلی ئێوە دەمێکە بەسەر چووە..


AM:05:58:06/04/2020