هەڵە لە خۆمانەوەیە نەك لەمیدیای یەكێتی !!
لەتیف نێروەیی
لەوڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان  ئەگەر سەركردەیێكی باڵای سیاسی ئاشنانەبووبێت بەزانست وجیهانی میدیایی بەبێ دوودڵی هەست بە جۆرێك لەلەنگی دەكات، لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كەمنین لەو سەرۆك و سەركردە وبەرپرسە باڵاجیهانیانەی كە بەشانازییەوە كاری میدیایی و پێشكەشكاریان كردووە و لەو زانستەدا تواناكانی خۆیان دۆزییەوە . بەڵام لە وڵاتی خۆمان بە پێچەوانەوە ئەوانەی وەكو پیشەو ئەركی حزبایەتی  كاری میدیاییان كردبێت ئەگەر وەكو مەلای دوانزە عیلمیش بێت وخاوەنی چەندین بروانامەی باڵا بێت زۆر بەئاسانی دەبێتە نێچیرونیشانەی توانجی هەندێ بەرپرس وسەركردەی سیاسی و وادەزانن ئەوانەی كە كاری میدیایی دەكەن خزمەتكاری خۆیانن و نابێ لەبریارو رێنمایی وداواكاری ئەوان دەربچن !. ئەم بیركردنە ناتەندروستە ئەگەر لە ساڵانی نەوەتەكان و لەسەردەمی میدیای حزبی و كەمی سەرچاوەی میدیای و نەبوونی سۆشیال میدیا تارادەیێك ئاسایی بوبێت  . ئەوا لەم سەردەمەدا كە تەكنەلۆژیای پەیوەندیكردن لە لوتكەدایە و هەموو سنورە ئاسمانی وزەمینی و دەریاییان بەزاندووە  بوەتە نەریت وكێشەیێكی بەردەوام بۆ میدیاو میدیاكارانی حزبی . سەرباری ئەو دۆخە ناخوازراوەی كە خۆدی بەرپرسەكان دروستیان كردووە هەرخۆشیان رەخنە لە میدیای حزبەكەی خۆیان دەگرن و بە كەمتەرخەم لەقەڵەم دەدەن !. بەبێ ئەوەی بزانن ئەركی میدیای حزبێكی رەسەن و دەسەڵاتداری وەكو یەكێتی  بەرپرسیارانەترو جیاوازترە لە میدیایێك كە ناچێتە ژێرباری هیچ بەرپرسیارەتیێكەوە . بەبێ ئەوەی بزانن پەیامی میدیای حزبی رەنگدانەوەو گوزارشتكردنە لە پەیام و سیاسەتی فەرمی حزبەكەیان .بەبێ ئەوەی ئاستی توانای تەكنیكی و دارایی میدیای حزبەكەی خۆیان رەچاوبكەن و بەراوردی بكەن لەگەڵ میدیای حزبە ركابەرەكان و میدیای بەناو ئەهلی . بەبێ ئەوەی بزانن میدیای حزبی بەراودناكرێت لەگەڵ مێدیای ناحزبی .بەبێ ئەوەی  ئەو هەڤالانە ئەو راستیە بزانن كەئێستا باشترین بژاردەی بێژەرو پێشكەشكارو پەیامنێرو تەكنیككارو میدیاكاری زۆربەی كەناڵەكانی هەرێمی كوردستان دەرچوی قوتابخانەكەی میدیای یەكێتییەكەیانن ، بەشێكی دیكەش بونەتە سەركردەی سیاسی و پەرلەمانتاری حزبەكانی دیكە. ئەو هەڤاڵە بەرپرسە بیرلە هەڵسەنگاندن وبەدواداچون لە هۆكاری وازهێنان یان ناچاركردنیان تاوازیان لە میدیای یەكێتیان هێناوە ناكەن و ناڵێن ئێمە كەمتەرخەم بووین بەرامبەر بەوازهێنانیان ؟
. بۆیە پێویستە ئەم مژارە لە كۆنفرانسی مەكتەبی راگەیاندن ببێتە بابەتێكی سەرەكی و بەشێوەیێكی میتودی هۆكارو بەربەست و چارەسەرەكان بخرێنە روو . لەو كۆنفراسەدا وەڵامی ئەو پسیارەش بدرێتەوە ئایا بەدەر لە میدیای حزبی پێویستیمان بە میدیای سێبەر هەیە یان نە ؟. ئایا تەنها بەمیدیای حزبی دەتوانین ركابەری میدیای دیكە بكەین كە ناویان لە خۆیان ناوە میدیای (ئەهلی، سەربەخۆ، بێلایەن )؟.
ئایا رەخنە لە میدیاو میدیاكارانی خۆمان بگرین یان رەخنە لە هەواڵە تەشریفاتی و تەقلیدیەكانی بەرپرسانی خۆمان بگرین كە بەزۆر بەسەر میدیادا دەسەپێنین؟!.
ئایا رەخنە لە میدیای خۆمان بگرین یان بەراشكاوانە بڵێین هەڤاڵان ئەو سەردەمە بەسەرچۆ  (10)برۆسكەی پیرۆزبایی یان (10)بروسكەی سەرەخۆشی و پرسەنامەكانی بەرپرسەكان بەسەر یەكەوە لە هەواڵەكانی میدیای خۆماندا بڵاوبكرێتەوە و بشمانەوێ میدیای ئێمە زۆرترین بینەرو خوێنەرو بیستەری  هەبێت ؟!. ئەگەر خوانەخواستە بەهۆی نەبوونی كاتەوە بروسكەیێك بڵاونەكرایەوە ئەوا كەناڵەكە بەبەرێوەبەرەوە تا خواری خوارەوە تۆشی گوشارو رەخنەو لۆمە دەبنەوە .هەندێ جاریش ئیرادەیێك بەسەر كەناڵەكاندا دەسەپێنین كە میدیاكاران تەنها رولی روبۆت دەبینن .
ئەم نمونانە پێمان دەڵێن بەڵێ رەوشی میدیای ئێمە لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. بەڵام ناكرێ هەموو رەخنەكان ئاراستەی خۆدی میدیاو میدیاكارانی خۆمان بكەین چونكە وەك چۆن ئەوان هۆكاری سەرەكی كێشەكان نین  ، بەهەمان شێوە چارەسەری بنەرەتیش لای ئەوان نییە . بۆیە لەم دۆخە دژوارو مەترسیدارەدا باواز لەو رەخنانە بێنین وئەو بابەتە بۆ كۆنفرانسی مەكتەبی راگەیاندن بەجێ بێلین  و هەموومان بەشدارو هاوكاری سەرخستنی ئەو كۆنفرانسە بین و جێبەجێكردنی بریارو راسپاردەكانی  كۆنفرانسەكەش بە ئەركی سەرشانی خۆمان بزانین . ئەنجۆمەنی سەركردایەتیش بەتایبەتی كۆمسیۆنە پیوەندیدارەكان بەوردی چاودێری جێبەجیكردنی بریارەكانی كۆنفرانسەكەبێت .تا ئەو كاتە نابێ ئەركی میدیاكارانی خۆمان قورستر بكەین . لە جیاتی رەخنەیان لێ بگرین پێویستە شانازیان پێوە بكەین كە میدیاكارانی یەكێتی پێشمەرگە ئاساو خۆبەخشانە بە شێوەیێكی راستگۆیانەو بەرپرسیارانەو بێلایەنانە و دورلە دەستكەوت وبەرژەوەندی حزبی و ناوچەگەرێتی و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و ئارامی وڵاتەكەمان شەونخۆنی دەكەن و پەیامی حزبەكەمان و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئیدارارە خۆجێییەكان و رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بە جەماوەر دەگەیێنن . پێویستە لە جیاتی رەخنەگرتن  پێیان بلێین ئێوە لەجیاتی هەموومان ئەركێكی پیرۆزتان خستوتە سەر شانی خۆتان و لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان ژیانی خۆتان دەخەنە مەترسیەوە لەكاتێكدا هەموومان لە پشوداین و لەناو خێزانی خۆمانداین. لە جیاتی رەخنەگرتن پێیان بڵێین شانازیتان پێوە دەكەین و یەكێتی لەم ساتە وەختە هەستیارو مەترسیدارەدا قەرزداری ئێوەیە هەڤاڵانی میدیاكار.

AM:06:40:05/04/2020