مەترسی زۆربونی دیاردەی " تاوان " لە هەرێم
لوقمان مستەفا ساڵح
هەروەک دەبینین ودەبیستین لەم ماوەیەدا دیاردەی تاوانکاری لە هەرێمی کوردستان،بە شێوەیەکی ترسناک روو لە زیادبوون وهەڵکشانە،ناکرێت هەروابە سانایی و نادیدە سەیربکرێت وهۆکارەکانی شەن وکەونەکرێت وهیچ خوێندنەوەیەکی بۆنەکرێت.!!

ڕاستە "تاوان"،، دیارده‌یه‌كی کۆمەڵایەتیە له‌ هه‌مو كۆمه‌ڵگایه‌كدا بونی هەیەوروده‌دات،ئەگەرکەسانی هەرزەکارونەوجەوان ئەنجامی بدەن یاخود گەورەکان ، به‌لاَم رێژه‌كه‌ی‌‌و شێوازی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر ده‌گۆڕێت، هۆكاری‌ به‌رپرسیار له‌ هه‌ڵكشان‌و زیادبونی‌گیانی تاوانكاری‌‌و كوشتاردا له‌ هه‌مو كۆمه‌ڵگاكانی‌ دونیادا چەند هۆكارێکن : دابونه‌ریتی كۆمه‌لاَیه‌تی‌، خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، په‌روه‌رده‌ی‌ خێزانی‌، رۆڵی‌ ده‌سه‌لاَت له‌ سه‌روه‌ركردنی‌ یاسای‌ پێشكه‌وتوو جێبەجێکردنی چه‌سپاندنی‌ سزادا، باری‌ ئابوری‌ كه‌ گرنگترینیانه‌، تاوان په‌یوه‌ندی‌ به‌ پێشكه‌وتویی‌و دواكه‌وتویی كۆمه‌ڵگاوه‌ نییه‌، وڵاتە عەربیەکانی وەک عێراق ‌وسوریاو ووڵاتانی رۆژئاوا ئه‌مریكائەمانە نمونه‌ی‌ هه‌ره‌ دیاری‌ تاوانن‌و سه‌رقافڵه‌ن له‌ لیستی‌ تاوانكارییدا.

 لە هەرێمی کەردستانیشدا وەک هەروڵاتێکی تر بەدەر نیە لە کاری تاوانکاری رۆژانە لەشاروو شارۆچکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئەنجام دەدرێت ، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی پسپۆرانی بوارە جیاجیاکانی بواری یاسایی و کۆمەڵایەتی و دەرونی توشی جۆرێک لە سەرسام بون کردوە ئەوکارە قێزەون وتاوانە ترسناکانەن کە لەم دواییەدا کەسانی هەرزەکار (نەوجەوان )دەستیان داوەتێ ، پێویستی بەهەڵوەستە کردنە دەنا ئایندەی کۆمەڵگاکەمان لەبەردەم هەرەشەو مەترسیەکی گەورەدایە . نابێت وناکرێت دەزگا تایبەتمەندەکان لە ئاست ئەم هەموو تاوانانەدە،هیچ بەرنامەیەکیان نەبێت، هیچ رێکارێکی کرداری نەگرنەبەر بۆ کەم کردنەوەی ئەم رێژە زۆر و دوبارەبۆوەی تاوان کە لەلایەن نەوجەوانانەوە زیاتر دەکرێت. ئەوەی کە پێویستە پەلەی تێدا بکرێت هەموار کردنەوەی ئەو مادە یاسایی یانەیە بە جٶڕیک سزاکە توند بکرێت کە ببێتە (ردع ا لغیر) چونکە یاسای سزادانی عێراقی لە دادگاکاندا لە کاتی دادبینی کردنی تومەتباراندا کە تومەتەکەیان لەسەر جێگیر بو سزایان بەسەردادەدرێت بە یاسای سزادانی عێراقی بە پێی ماددەی (223) لە یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی عیراقی نازێکی زیاد لە پێویستی داوە بە کەسی تومەتبار لەکاتی دادبینیکردنیداو پاش بریاری دادگا ش کە دەبیتە تاوانبار، دەڵێت ئەو كەسەی (7 ) ساڵی تەواو نەكردووە ناتوانرێ داوای سزایی لە سەر بجوڵێنرێ .
 
واتا بە پێی ئەو ماددەیە ئەوەی لە خوار تەمەنی (7)ساڵی بێت بە بچوك دادەنرێ بۆیە بەرپرسیاریەتی تاوانی لەسەر نییە، بە پێچەوانەوە كاتێ (7) ساڵی تەواو دەكات ئەوا بەر پرسیارەیەتی تاوانی لەسەر دەبێت ، یاساکە بێ ئەوەی بەرپرسیارێتی بخاتەئەستۆی باوک ودایکەکە وەک ئەوەئ بەرپرسیارێتی پەروەردەییان لەسەر نەبێت .!؟. ئەمە لە باشوری عێراق جێبەجێ دەكرێ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەم تەمەنە( 9) ساڵە. هەر لە (9) ساڵیەوە بە نەوجەوان دادەنرێ هەتاكو (18) ساڵی تەواو دەكات. ئەمەش بە پێی یاسای دیاری كردنی تەمەنی بەر پرسیارێتی یاسایی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (14) ی ساڵی (2001) كە لە ماددە (2 )دا هاتووە.
 
هەروەها لە ماددە( 4) ی هەمان یاسا هاتووە كە كار بە هیچ مادەیەكی تر ناكرێت ئەگەر پێچەوانەی ماددە (7) بێت. یاسادانەرانی عێراقی دادگای پابەند کردوە بە کۆمەڵێک رێکاری یاسایی کە لە کاتی دادبینی کردنەکەدا پەیرەو دەکرێت کە (مراعات )کردنێکی زیاد لە پێویست بە بێ جیاوازی دەدرێت بە ونەوجەوانانەی کە دادگایی دەکرێن کاتێک کەتومەتبارەو پاشانیش کە بەبریاری دادگادەبێت بەتاوانبار چونکە زۆر جار تاوانەکانیان لەکاری تاوان گەورەکان زۆر قێزەونترو گەورەترە بۆنمونە : نەوجەوانێک هەستاوە بە کردنی کۆمەڵێک تاوانی دەست درێژی سێکسی بۆسەر هاورەگەزەکەی خۆی ، دزی کردن ، تاوانی کوشتن ، ئەم تاوانبارە هیچ جیاکاریەکی لەگەڵناکرێت لەگەڵ کەسێکیتردا لەروی رێکارە یاساییەکەوە هەمان (مراعات)دەکرێت وەک : یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی دادگایی كردنی نەوجەوانان دادگایی كردنە بە نهێنی واتا نابێ لە دادگایی كردنەكە كەسانی دەرەوە ئامادە بن، جگە لە مانەی خوارەوە نابێ كەسیتر ئامادە بێت: ئەندامانی دادگا و كارمەندەكان ،هەر كەسێك كە پەیوەندی بە داواكە هەبێت.
 
جا تۆمەتبار بێت یان داواكار بێت، لەگەڵ كەس و كارەكانیان ،ئەو كەسەی كە بەرگری لە نەوجەوانەكە دەكات جا پارێزەر بێت یان كەسێكی ترەوە بێت گەواهیدەرەكان(شایەدەكان)،ئەگەر پێویستی كرد دەكرێ توێژەری كۆمەڵایەتی یاخود پزیشك.نوێنەرانی هەر كۆمەڵەیەك و دامو دەزگایەك كە پەیوەندی هەیە بە كار و باری نەوجەوانان. بە پێی ماددەی (238) لە یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی هاتووە كە مەبەست لەو بریارەی بەسەر تۆمەتباری نەوجەواندا دەچەسپێ جیاوازە لەگەڵ ئەو بڕیارەی كە بە سەر تۆمەتباری گەورەدا دەچەسپێ، چونكەمەبەبەست لە بڕیاردان بەسەر تۆمەتباری نەوجەوان تەمبێ كردنە (تدابیر) نەك سزا ، تۆمەتباری نەوجەوان دوای دادگایی كردنی لە (فێرگەی چاكسازی) گل دەدرێتەوە تا حوكمەكەی تەواو دەبێت. كاتی نەوجەوان لەسەر تاوانێك حوكم دەكرێ ئەوا بۆی نابێتە پێشینەی یاسایی، بەڵكو ڕابردووی هەر بە پاكی دەمێنێتەوە ، لەکاتی دادبینی کردندا نابێت سەرۆک و ئەندامانی دادگ و ئەندامی داواکاری گشتی وپارێزەرەکان رۆبیان لەبەر بێت بۆ ئەوەی تۆمەتباری نەوجەوان هەست بە ترس و هیچ دڵە راوكییەک نەکات ، ئەمانە کۆمەڵێک رێکاری یاسایی بوون کەلە بەرژەوەندی تومەتباری نەوجەوان دەگیرێتەبەر، بە بێ گوێدانە هەستی کەسی تاوان لەسەر کراو یاخودکەسانی داواکار بەمافی کەسی ، پێویستە ئەوکەلێنە یاسایی چارەسەر بکرێت تا دات پەروەری بەتەواوەتی بەرجەستەبێت .
 
هەروەها زۆر جارلێبوردنی گشتی  كاریگەرییەكی نەرێنی هەبووەو دەبێت لەسەر زیادكردنی توندوتیژی و سڵ نەكردنەوەی مرۆڤ لەئەنجامدانی تاوان.

بە رای زۆرێک لە پسپۆرانی یاسایی لێبوردنی گشتی سەپاندنی هەیمەنەتە و خۆبینینی دەسەڵاتی سیاسییە لەسەرووی یاساوە و زیاتر لە دەسەڵاتە تۆتالیتاریەکاندا بوونی هەیە، هەروەکو چۆن لە کاتی ڕژێمی بەعسدا پێڕەوئەکرا.

 ئەگەر لێبوردن پێوست بێت ئەبێت بە یاسا ڕێکبخرێت لەسەر بنەمای گۆڕانکاری و چاکردنەوەی ڕەفتاری کەسی تومەتبار و گەڕانەوەی بۆ ژیانی ئاسای وەک ئەندامێکی بەسوودی کۆمەڵ، نەک بە میزاج و بۆ مەبەستی سیاسی، چونکە لەڕاستیدا ئەو جۆرە بڕیارانە کاردانەوەی نێگەتیڤی لێئەکەوێتەوە و ئومیدی دەربازبوون لە حوکمی یاسا ئەخاتە پێش ئەوانەی پەنا ئەبەنە کردەوەی توندوتیژی و تاوان و لاوازکردنی سیستەمی دادپەروەری لێئەکەوێتەوە.

هەروەها گرنگیدان بە سەپاندنی یاسا بەیەکسانی بەسەر هەموواندا بەبێ جیاوازی و بە دوورخستنەوەی دەستی لایەنە سیاسیەکان لە دەستێوەردان لە کاروبار و کێشە یاساییەکان و پاراستنی سەربەخۆیی دامودەزگا یاساییەکان بە مەبەستی زیاتر خزمەتگەیاندن بە هاوڵاتیان و گەڕانەوەی متمانە و ڕێزگرتنیان لە یاسا.

 چونکە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بەبوونی یاسا و سەروەری یاساوە بەندە. ئەو وڵاتانەی قۆناغێکی باشیان لە پێشکەوتندا بڕیوە، یاسایان تیا سەروەرە و هەوڵاتیانیان یەکسانن لەبەردەم یاسادا بەبێ جیاوازی ڕەگەز، ئاین، بۆچوونی سیاسی یان پلەوپایەوە.

بۆنەهێشتن و یاخود کەم کردنەوەی گیانی تاوانکاری پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێتەبەر : هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی نەوجەوانان ، جێبەجێ کردنی ئەوبریارو راسپاردانەی کە دادگا حوکمی پێدەرکردوە لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت ،جەخت کردنەوە لە یاسای قەدەغەکردنی چەک هەڵگرتنی ىی مۆڵەت، پیادەکردنی رۆشنبیری یاسایی لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا ،دانانی سیستەمێک بۆ سنوردار کردنی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بەتایبەت ئەنتەرنێت، قەدەغەکردنی ئەوزنجیرە درامایانەی کەتوندوتیژی تیایە ، رۆڵی راگەیاندن وەک میدیای بینراوو بیسراو ورۆژنامەکان چونکە ئەم ماکێنانە دەتوانن رٶڵێکی گەورە ببینن لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگابەگشتی و نەوجەوانان بەتایبەتی ، دابین کردنی کار بۆئەو نەوجەوانانەی بێکارن چونکە خراپ بونی باری ئابوری یەکێکە لە هۆکارەکانی زیاد بونی تاوان لە نێوکۆمەڵگادا.

بۆیە کارکردن لەسەر ئەم هەنگاوانە و چەندین هۆکاری تر کەپسپۆرانی بوارە جیاجیان پەی پێدەبەن بەدڵنیایەوە دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی دیاردەی تاوان کە لەئێستا لەلایەن زۆرێک لە نەوجەوانانەوە رولە هەڵکشانە .


AM:09:10:30/06/2016