‌تاوانی فێڵکردن
لوقمان مستەفا ساڵح

وەك ئاشکرایە بەردەوام بوون لەسەر هەر خەسڵەتێكی ئەرێنی یان نەرێنی لە نێو كۆمەڵگەدا دەبێ بەكەلتور،ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ بەپێی تێپەڕبوونی كات كەلتورەكە برەوی پێ دەدرێ و كەسانێكیش دەبنە هەڵگری ئەم كەلتورەو دەیگوازنەوە بۆ نەوەی داهاتوو، فێڵ و کاری ساختەکاریی لە ژیانی ڕۆژانەدا،ھیچ پەیوەندیی بە ئاستی وشیاری تاک و کۆمەڵ، بڕوانامە، شار، یان شوێنی کارکردن نییە، بەڵکوکەسی فێڵاوی بەشێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو بو بەدەستهێنانی سودێکی تایبەت و ئەنجامێکی کاتی و پڕلە گیانی خۆپەرستییداو وەبێ گوێدانە ئەنجامە نەرێنیەکەی ومەترسیەکانی هەڵدەسێ بە فرتو فێڵ و قۆڵبڕینی کەسانیتر لە پێناو بەرژەوەندی کەسیدا،نموونەی ئەم تاکانە لە نێوکۆمەڵگادا لەهەر پلەو پایەیەکی کۆمەڵایەتیدابن بەم کارەیان لەکۆمەڵگادا چاوەڕێی کاری باشەیان لێناکرێت. چاوەڕێی پێشکەوتن و داھێنانیان لێناکرێت،تەنها لە بوارەکەی خۆیاندا نەبێت، بێگومان لەکۆتایی دا باجەکەشی بەزیادەوە دەدەن.

لە ئێستادا فێڵکردن زۆر باوە هەر لە ئاستی تاکەوە بگرە تادەگاتە ئاستە باڵاکانی دەسەڵات و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیەکاندا، کە دەکرێ بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین و بەنموونەوە باسیان لێوەبکەین:-
+لەسەر ئاستی تاک... یاخود کەسێ یا چەند کەسێ هەڵدەستن بە هەڵخەڵەتاندنی کەسانی بەتەمەن یا کەم ئەندام  یا کەم دەرامەت یا بیرکۆڵ، وەعدی کارێکێان پێ دەدەن بۆ ئەم مەبەستە پارە و موڵک و ماڵیان دەست بەسەرادەگرن و بۆ خۆیان بەکاری دێنن.

+لەسەر ئاستی دەسەڵات...بۆ نمونە..کەسانێک کە بەر پرسیاریەتیەک وەردەگرن لە دام و دەزگا حکومیەکاندا،بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کەسی،هەڵدەسێت بە کڕینەوەی ئەشیاو مومتەلەکاتی زیادەو بەکار نەهاتوو یاخود خراپ بووی دائیرەکەی بەناوێکی خوازراوەوە یاخود بەناوی یەکێک لەفەرمانبەرە دەست و پێوەندەکانی خۆیەوە،بەنرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ هەڵی دەگرێتەوە.
+لەسەرئاستی کۆمپانیا بیانی و نێوخۆییەکان...نمونەی کۆمپانیاکانی گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکانی تایبەت بەفەرمانبەری کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئاژانسە ئەمەرکیەکاندا،لەکاتی گرێبەستەکاندا،فێڵ وکاری ساختە ئەنجامدەدەن،بۆنمونە مادە خۆراکیەکان دەگۆڕن، بە کوالیتی خراپ و هەرزان . لەرابردوویشدا چەندین کۆمپانیای وەهمی نێوخۆیی هەبوون بە ناوە  ئۆتۆمۆبیل بە قیست دەدەن بە هاوڵاتیان پارەیەکی زۆریان لەهاو ڵاتیان وەرگرت پاشانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون،هەندێکیان دۆسێکانیان تائێستاش لە دادگاکاندان.

+لەسەر ئاستی بازرگانی...نموونەی لاسایی كردنەوەی هێما و لۆگۆ بازرگانیەكان، خەڵكانێك دەیانەوێت نیشانە و هێمای كاڵا ئەصڵیەكە بەساختەكراوی لەسەر شمەك و كاڵاكەی خۆیان دابنێن بۆ ئەوەی وەكو ئەصڵیەكە بێتە پێش چاو و دەركەوێت.ئەمە دروست نیە ، لەبەر ئەوەی فێڵ وتەڵەكەیە وخواردن وبردنی ماڵی یەكترە بەناڕەوا ، چونكە كڕیار ئەو كاڵا وشمەكە دەكڕێت لەبەر ئەوەی بەهۆی بینینی ئەو نیشانە هێمایەوە لەسەری بە ئەصلی تێدەگات ئەگینا نایكڕێ ، وە ئەمەش بە درۆ و فێڵ وغەش و کاری  ساختەهەژماردەكرێ، وە ئەوەشی بەم كارە بزانێت ئەوا نابێ ئەو كاڵایە بكڕێت لەبەر ئەوەی هاوكاری فرۆشیارەكەی تێدایە لەكاری ساختەدا. 

+سزای یاسایی...بۆ ئەم جۆرە فرت و فێڵانە یاسا سزای بۆ دیاری کردوون:
تاوانی ( فێڵکردن ) و سزاکەی لە چوارچێوەی یاسای سزادانی عێراقی ژماره ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ ی هەموارکراو بەم شێوەیەیە
لە مادەکانی ( ٤٥٦ , ٤٥٧ , ٤٥٨ , ٤٥٩ ) لە یاسای سزادانی عێراقی باسی تاوانی فێڵکردن ( قۆڵبڕین ) کراوە. لێرەدا زیاترتیشک دەخەینە سەر مادەی (٤٥٦) لە (ی.س.ع) .
مادەی ٤٥٦ 
بڕگەی یەکەم ( ٤٥٦ / ١ ) :
سزادەدرێت بە بەندکردن ( الحبس ) هەرکەسێک هەستێت بە ڕادەستکردنی سامانێکی گواستراوە لە خاوەنداری کەسێکەوە بۆ خۆی یان کەسێکی تر یان بۆ ژێردەستی خۆی یان کەسێکی تر بگوێزێتەوە لە یەکێک لەم ڕێگایانەی خوارەوە :
أ/ بەکارهێنانی ڕێگاکانی فێڵبازی .

ب/ بەکارهێنانی ناوی درۆ یان وەسفی ناڕاست یان باسکردنی شتێکی درۆ لە سەر ڕوداوێکی دیاریکراو کە ببێتە هۆی فریودانی تاوان لێکراو و پاڵپێوەنانی لەسەر ڕادەستکردنی سامانەکە .

بڕگەی دووەم ( ٤٥٦ / ٢ ) :
بەهەمان شێوە سزادەدرێت هەرکەسێک بە یەکێک لە ڕێگاکانی پێشوو وای لە کەسێک کردبێت کە بەڵگەنامەی بوونی قەرز یان دەستکاری کردنی سامانێک یان پاکانە یاخود هەر بەڵگەنامەیەکی تر کە بکرێت بۆ سەلماندنی مافەکانی خاوەندارێتی یان هەر مافێکی تری ڕاستەوخۆ ڕادەستکردبێت یان گواستبێتەوە، یان بەهەر ڕێگایەکی پێشوو وای لە یەکێک کردبێت کە بەڵگەنامەیەکی لەوجۆرە واژۆبکات یان هەڵی بوەشێنێتەوە یان لەناوی ببات یان هەمواری بکات .

 +لە ئەنجام دا... لەدەست دەرهێنانی سامانی کەسێک بۆ خۆت یان بۆ کەسێکی تر بە بەکارهێنانی ڕێگاکانی فێڵبازی، لەگەڵ ئەوەی تاوانە و سزای یاسایی لەسەرە لەهەمان کاتیشدا بەهۆی ئەوەی کە کردارێکی قێزەونە کۆمەڵگا بەچاوێکی سوکەوە لە کەسی فێڵاوی دەڕوانێ،بۆیە مامەڵەی ڕاست و دروست تاکە ڕێگایە بۆ خۆ دەربازکردن لە سزای فێڵکردن، نەوەک بە فێڵ و قۆڵبڕین مافی کەسێکی تر پێشێلبکەی.
تێبینی : حوکمی سزای بەندکردن ( الحبس ) لە نێوان ( ٣ ) مانگ بۆ ( ٥ ) ساڵ بەندکردنە لە گرتوخانە .



وێستگه‌ نیوز 

AM:05:06:03/08/2019