بەكاربردنی زمان كردەیەكی ئەخلاقییە!
نووری بێخاڵی


جیاوازیێكی زۆر لە نێوان ڕەخنە و ڕقدا هەیە، ئەم جیاوازییەش زۆر بە ڕوونی لە زمانی گوزارشتكردن لە هەردووكیاندا دەردەكەوێت. واتە تۆ بە زمانی ئاخاوتن و نووسینی كەسێكدا دەزانیت، ئاخۆ كابرا ڕەخنەی گرتووە، یان ڕقی هەڵڕشتووە و خۆی خاڵی كردووەتەوە.

بەداخەوە، بەشێكی هەرە زۆری ئەوەی ئەمڕۆ (ئیدی لە بواری سیاسی، یان كۆمەڵایەتی و تەنانەت ڕۆشنبیریشدا بێت) كە وەك ڕەخنە لە فەزای گشتی و بەتایبەتتر لە فەزای مەجازیدا (سۆشیال میدیا!) ساغ دەكرێتەوە، ڕق هەڵڕشتن و خاڵیكردنەوەی كینەیە.

ئەوەی ڕەخنە دەگرێت، بە شێنەیی قسە دەكات، زمانێكی شارستانی بەكار دەبات، بەڵگە دەخاتەڕوو، ڕەش و سپی تێكەڵ ناكات. تەنانەت لەنێوان ڕەش و سپیشدا ڕەنگی خۆڵەمێشیی دەبینێت، دواجار چارەسەر و ئەلتەرناتیڤیش پێشكەش دەكات.

لە بەرامبەردا كەسی ڕق هەڵگرتوو و كینەدار، هەناسەسوار و تووڕەیە، غەڵبەغەڵب و هەراوهۆریا دەنێتەوە، پەنا بۆ زمانی زبر و جنێو دەبات، كارتەكان تێكەڵ دەكات و دەیكاتە تەپوتۆز، نەخۆشیی ڕەنگوێری هەیە و تەنیا ڕەنگێك دەبینێت. ئینجا چونكە ئامانجی چاككردن و ڕاستكردنەوە نییە، لە خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤ و ڕێگاچارەشدا كڵۆڵ و هەژارە.

نەك هەر ئاساییە، بگرە مافی هەر كەسێكە ڕەخنە لە سەركردە و حزب (جا هەر كێ و كامەیان بێت)، یان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، یاخود لە بەرهەمێكی ئەدەبی و كارێكی هونەری، تەنانەت ڕەخنە لە ئایین و فۆڕمی ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتووری كۆمەڵگاش بگرێت، بەڵام ئەوەی لەو هاوكێشەیەدا نەك هەرگیز ئاسایی نییە، بەڵكوو شەرم و شوورەییشە، پەنابردنە بۆ زمانی زبر و جنێودان، ناوزڕاندن و لەكەداركردن، سووكایەتی و بێڕیزیی پێكردن.

ڕاستییەكەی كوردبوون چیتر بەرگەی ئەم هەموو برینەی ئێستای جێ خەنجەری زمانی زبر و سووكایەتیی بە یەكتریكردنی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناگرێت. بۆیە بەرگرتن بەم شاڵاوی ڕق و زمانی زبر و جنێوبازاڕییەی سۆشیال میدیا، پێویست دەكات هەر كەسەو لای خۆی، نەك هەر نەچێتە ناو چەلەحانێ و چەقەبازیی، بەڵكوو وەك بەرپرسیارێتییەكی ویژدانی و ئەخلاقی، هەرچی كەس و پەیجی زمان زبر و زمان شڕ و جنێوبازە، لای خۆی بیسڕێتەوە و بلۆك و ڕێپۆرتی بكات.

بیرمان نەچێت، هەموومان بەدەست برینی بێدادی و گەندەڵی زۆر لەوە ماندووترین، بەرگەی برینی ئەم شەڕە دەروونییەی ناوزڕاندن و لەكەداركردن و دەستخستنە وردەكاریی ژیان و ئازادیی كەسی و خێزانیی یەكتریش بگرین.

ڕاستیێك كە دەبێ هەموومان دەركی پێ بكەین ئەوەیە، شەڕ لە زمانەوە دەست پێدەكات، نەك لوولەی چەك. بۆیە كەسی شەڕانگێز و بازرگانیی شەڕ، بۆ ئەوەی بازاڕی خۆی گەرم بكات، تەنیا وەگەڕخستنی زمان و ئامرازەكانی لەكەداركردن و لەشكری جنێوفرۆش شك دەبات. هەر ئەمەشە وای كردووە و دەكات، بەردەوام ناكۆكییە سیاسی و ململانێ كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت بەدحاڵیبوونە ڕۆشنبیرییەكانیشمان، بۆ ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخەكە، شێواندنی پتری بازاڕەكە، شێلووكردنی گۆمەكە و پشێویی نانەوە بقۆزێتەوە.

دڵنیا بن جیاوازی و ململانێكانمان هەر چیێك بن (سروشتی ژیان وایە، هەرگیز بەبێ جیاوازی و ململانێ نەبووە و نابێت)، بەڵام چونكێ شێوازی شارستانی و ئامرازی شیاوی گفتوگۆی هەمەچەشن هەن، شەرم و شوورەیێكی گەورەیە، پەنا بۆ جنێو و بێڕێزیكردن بە یەكتری ببەین.

وەڵامی جنێو، جنێو نییە. وەك چۆن بەرسڤی بێڕێزی و سووكایەتیكردن، زمانی زبر و بازاڕیی نییە. بۆیە ئەو جنێوبازاڕییەی ئەمڕۆی سۆشیال میدیاش، كە بووەتە نەخۆشیێكی دەروونی و پەتایەكی درمی كۆمەڵایەتی، بەوە چارەسەر ناكرێت، بە هەمان چەكی جنێودان و بێڕێزی و سووكایەتیی پێكردن، بكەوینە پێشبڕكێی یەكتر. 

بەپێچەوانەوە، ڕەنگە زۆرترین جار فەرامۆشكردن و بێدەنگیی لە بەرامبەر جنێودەردا (كە ئێستا زۆرینە بە بۆنە بەبێ بۆنە، تەنانەت لەسەر ستاتووسی پرسەیەك، وێنەیەكی ئاسایی، نوكتەیەك، لە تێچندا پەنا بۆ جنێو دەبات!) باشترین چارەسەرە بێت. لەوانەیشە ئەگەر زۆر پێویست بە وەڵامی جنێودان و ناوزڕاندن بكات، ئەوا باشترین وەڵام ئەوە بێت، ڕێك پێچەوانەی ئەو، پەنا بۆ زمانی خاوێن و وشە و دەستەواژەی ڕێزدارانە ببەیت، تا بە جنێودەر بڵێیت: ئەوە مەعدەنی من و ئەمەش پەروەردەی تۆ!

ناكرێ هەر كەسێك جنێوی پێت دا، تۆش جنێوی پێ بدەیتەوە. دەی لە دۆخی ئاوادا هیچ جیاوازیێك لەنێوانتاندا نامێنێت و ئەو كاتە تۆش دەچیتە، نا، دادەبەزیتە هەمان ئاستی نزمی جنێودەرەكە و دەیسەلمێنیت (دۆ)ش برای (كەشكە). بۆیە كاری هەموومانە بەر بەم لێشاوی جنێوبازاڕییە بگرین، كە بەداخەوە خەریكە جنێوبازان ئەم نەخۆشییە دەروونی و پەروەردە سەقەتەی خۆیانمان بە ڕەخنە و یاخیبوون و ئازادیی ڕادەربڕین پێ دەفرۆشنەوە!

-sharpress
AM:06:18:10/09/2020