به‌شداریم له‌ دیداری سلێمانی بۆ میدیا
هێمن لیهۆنی
سوپاس بۆ ئەم دیدارە و بۆ برادەران
من حەز دەکەم سەرەتا لە دۆخی میدیا و گفتوگۆکانی نوخبەی میدیایی لە کوردستان دەستپێبکەم، کە بەداخەوە هێشتا لە بازنەیەکی داخراودا قسە و باسەکان دەکرێن. هێشتا زۆربەمان مەشغوڵین بەوەی کێ سەربەخۆیە و کێ سەربەخۆ نییە؟ ئەرگومێنتێک کە لە دونیا باوی نەماوە و پاش ماوەی یەکێتی سۆڤییەتە.

1. میدیای سەربەخۆ لە دونیادا نییە و ئەفسانەیە. ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێ بریتییە لەوەی کە ئایا میدیا پرۆفێشناڵە، بابەتییە و راستی بڵاودەکاتەوە. سەربەخۆبوون هیچ کات بنەما نییە بۆ هەواڵ و زانیاری. ئەوەی گرنگە بریتییە لە گواستنەوەی هەواڵی راست و دروست و بابەتیبوون. ئایا میدیا سەربەخۆ بێت و درۆ بکات باشە یان سەربەخۆ نەبێ و راست و دروست بێت؟

دابەشبوونی میدیایی لە جیهان دابەشبوونێکە بەسەر دیدگایان بۆ ژیان. هەندێک لیبراڵن، هەندێکیان کۆنسەرڤەتیڤن. دابەشبوونەکەشیان لە لاپەڕەی هەواڵدا نییە، بەڵکو لە لاپەڕەی بیروڕایاندا رەنگدەداتەوە.

2. خاڵێکی دیکە ئەوەیە، دەسەڵاتەکان لە کوردستان هەر چواریان ناتەندروستن. لەگەڵ ئەوەی ناتەندروستیشن، خەریکی کاری یەکترین لەبری چاککردنی خۆیان. دەسەڵاتی (جێبەجێکردن) تەنفیزی خەریکی ئامۆژگاری دەسەڵاتی چوارەمە، کە دەبێ میدیا چۆن بێت. دەسەڵاتی چوارەم، کە میدیایە، خەریکی کاری پەرلەمان و تەشریعییە و شەرعیەت دەدات بە خەڵک و لێی دەسێنێ. ئەگەر هەموومان کاری خۆمان بکەین و کەموکوڕییەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، ئێستا قۆناخێکی گەورەمان بڕیبوو.

دروستبوونی رووداو، وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی میدیایی کوردی. بمانەوێ و نەمانەوێ دوای رووداو کوالێتی و ستانداردی میدیایی کوردی قۆناخێکی نوێی بینی بەخۆیەوە. بۆ یەکەمجار کورد بوو بە خاوەنی میدیایەکی ئاسمانی بە مانای وشە.

بەڵام رووداویش بەرهەمی ئەم کەشە ناتەندروستەیە، کە هەیە و خاوەنی کەموکوڕییە.
خۆزگە بەشەکانی میدیا و زانکۆکانی کوردستان و مامۆستاکانی میدیا بەدەم میدیای کوردییەوە بوونایە. خۆشحاڵ دەبووم رۆژێک لە رۆژان مامۆستایەکی میدیایی زانکۆیەکی کوردستان توێژینەوەیەکی بکردایە لەسەر رووماڵی کەناڵە کوردییەکان، کەموکوڕی و خاڵە بەهێزەکانیان باس بکرایە، بۆ ئەوەی هاوکارمان بن لەوەی بەشێوەیەکی زانستی کاربکەین و ئاگاداربین لە پێشکەوتنەکان.

لە کۆتاییدا، من دوو پێشنیازم هەیە:
- داوا دەکەم کۆمیتەیەک دروستبکرێ لەنێوان هەموو میدیاکان یان لە زانکۆکان، بۆ پاراستنی کۆدی رۆژنامەوانی لەسەروو هەموومان، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چ میدیایەک لە ئیتیکی رۆژنامەگەری لادەدات یان نا.

- کۆمیتەیەکیش کە دەنگی هەموومان بێ و بەڕاستی بەرگریکار بێت لە مافەکانی رۆژنامەنووس و مافی زانیاری، بەشێوەیەک کە کەشێک دروستبکرێ کەس نەتوانێ بێڕێزی بکات و مافەکانمان پیشێل بکات، نەک ئەوەی کە ئێستا قایمقامێک یان حیزبێک بە ئارەزووی خۆی میدیایەک بایکۆت بکات.

پێش هەموو شتێکیش دەبێ خۆمان میدیاکانمان پیشەیی بکەین و ستاندارد بپارێزین، ئەو کات باشتر دەتوانین بەرگریی لە خۆمان بکەین.

AM:02:22:30/04/2017