چۆن توندوتیژییه‌کان که‌م ده‌کرێنه‌وه‌؟
کنێر عه‌بدوڵا



کنێر عه‌بدوڵڵا

وێڕای باسکردنی به‌رده‌وام له‌ جۆره‌کانی توندوتیژی و شێوازه‌کانی و پیاده‌کردنی له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی جیاوازه‌وه‌ گه‌ر له‌هه‌ر پله‌وپایه‌یه‌‌کی زانستی، ڕۆشنبیری، پیشه‌یی و ئاینی و ڕه‌گه‌زی جیاواز بن، به‌ڵام بوونی توندوتیژییه‌کان به‌رده‌وامییه‌تی هه‌یه‌ و جۆرو شێوازه‌کانیشی ئاستی جۆربه‌جۆری به‌خۆوه‌ بینیوه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌گشتی له‌گه‌شت بواره‌ جیاوازه‌کانی سیاسی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی… هتد.

له‌ساته‌ وه‌ختی خوێندنه‌وه‌م بۆ چیرۆکێک که‌ باسی له‌ ئاسه‌وارو ئاکامه‌کانی توندوتیژی ده‌کرد ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجم بوو ده‌رئه‌نجامی دیالۆکێک بوو له‌ نێوان پۆلیس و تاوانلێکراوه‌که‌ که‌ ژنه‌که‌ بوو، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی تاوانباره‌که‌ که‌ هاوسه‌ری ژنه‌که‌ بوو، چیرۆکه‌که‌ بریتی بوو له‌ لێدانی زله‌یه‌ک له‌ پیاوه‌که‌وه‌ که‌ پارێزه‌ر بوو بۆ ژنه‌که‌ی که‌ کاری بزنسی ده‌کرد، ڕوداوه‌که‌ دووه‌م جار ڕوو بدات که‌ بوو بووه‌ هۆی خوڵقاندنی ترس و دڵه‌ڕاوکێ و سه‌رسوڕمانی ژنه‌که‌ی. له‌یه‌که‌م جاردا به‌ داوای لێبوردنی پیاوه‌که‌؛ ژنه‌که‌ی لێی خۆش بوو، به‌ڵام بۆ دووه‌م جار کاتێک پیاوه‌که‌ ته‌نها ده‌ستی لێ به‌رزکرده‌وه‌؛ ئیدی ژنه‌که‌ لێی ترساو به‌ته‌واوی لێی نیگه‌ران بوو. له‌ ئاکامدا توڕه‌بوونی ژنه‌که‌ و بێتاقه‌تی پیاوه‌که‌؛ بووه‌ مایه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی پیاوه‌که‌ی بۆ پۆلیس، بێ ئه‌وه‌ی ژنه‌که‌ی لێ ئاگادار بکاته‌وه‌، چونکه‌ به‌هۆی دووباره‌بونه‌وه‌ و شه‌رمکردنی له‌ ژنه‌که‌ی هه‌ستی به‌ تاوانی خۆی ده‌کردو ویستی سزای خۆی بدات.

ده‌رئه‌نجام به‌ ئاگادارکردنه‌وه‌ی ژنه‌که‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسامی بوو کاتێک ژنه‌که‌ ویستی جارێکی تر له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی خۆش بێت، پۆلیسه‌که‌ ووتی ״داوای لێبوردن ده‌که‌ین گه‌ر تۆش لێی خۆش بیت ئێمه‌ دۆسێکه‌ی ده‌نێرین بۆ دادوه‌ر و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت به‌پێی یاسا، ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی پۆلیسه‌که‌ ئامۆژگاری زۆری ژنه‌که‌ی کرد که‌ لێخۆشبوونیان له‌ ئه‌نجامده‌رانی توندوتیژی‌ وایکردووه‌ مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی بۆ سه‌ر ژنان زیاد بکات و یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و زیادبونه‌شی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ شه‌رمکردن و بێده‌نگبوونی ژنان‌ له‌ به‌رامبه‌ر که‌سی پیاده‌که‌ر که‌ یارمه‌تیده‌رو ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت بۆ پیاوان که‌ دووباره‌و چه‌ند باره‌ی بکه‌نه‌وه‌״.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ردوو هه‌ڵوێسته‌که‌؛ له‌ لایه‌ک پۆلیس له‌ئاست ووشیاربوون و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنیان بۆ جێبه‌جێکردنی یاسا و سزادانی تاوانباران، له‌ له‌لایه‌کی دیکه‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی هاوسه‌ری ژنه‌که‌ که‌ خۆی به‌ تاوانبار زانی و ویستی سزای خۆی وه‌ربگرێت ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌رزی ئاستی ڕۆشنبیری مرۆڤه‌کان و باوه‌ڕبوون به‌ دادگا و سه‌روه‌ری یاسا هه‌رچه‌‌نێک و هه‌رچۆنێک بێت باجه‌که‌ی.

بوونی ئه‌و چیرۆکه‌ واقعییه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ناوخۆدا به‌وه‌ی مرۆڤه‌کان دووچاری توندوتیژییه‌کان ده‌بنه‌وه‌ ڕۆژانه‌ خۆی دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام زۆر هۆکار هه‌ن که‌ یارمه‌تیده‌رن و ده‌توانن ڕۆڵ بگێڕن له‌ که‌مبونه‌وه‌ و پیاده‌کردنی جۆره‌کانی توندوتیژی که‌ ده‌بنه‌ ته‌واوکه‌ری یه‌کتر له‌وانه‌؛ شکاندنی بێده‌نگی و شه‌رمنه‌کردنی قوربانی له‌ به‌رامبه‌ر کارو کرده‌وه‌کانی تاوانبار هه‌ر که‌س و لایه‌نێک بێت، متمانه‌ بوون به‌ یاسا و دامو ده‌زگاکانی پۆلیس و سه‌روه‌ری یاسا و پیاده‌کردنی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌مووان وه‌ک یه‌ک، سه‌ره‌ڕای بڕواکردنی کۆمه‌ڵ به‌ ووته‌ی ژنه‌که‌و له‌ به‌رامبه‌ریدا ڕاستگۆیی ژنه‌که‌ش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌ی که‌ به‌سه‌ریدا هاتووه‌و… هتد

بێگومان هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ پێکه‌وه‌ ده‌توانن ڕۆڵیان هه‌بێت له‌ که‌مکردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی توندوتیژی که‌ ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ڕووبه‌ڕووی ژنان ده‌بێته‌وه‌ به‌ هۆکاری جیا، چونکه‌ پێکه‌وه‌ ده‌بنه‌ ته‌واوکه‌ری یه‌کتری و هیچ لایه‌کیان بێ ئه‌وی دی به‌ ته‌نها ناتوانن کارو ڕوداوه‌کان که‌م بکه‌نه‌وه‌، چونکه‌ توندوتیژییه‌کان ده‌کرێت که‌م بکرێته‌وه‌، به‌ڵام ناتوانرێت بنبڕ بکرێت.


ئاژانس 

AM:02:40:26/01/2019