جنێودەرە بیمارەكان
نەبەز گۆران




ئەوە راستە، جنێو بەشێكە لە زمان و مامەڵەی هەندێك لە تاكەكانی كورد. دیارە زۆرێك لەوانەی جنێو دەدەن، بە خێزان و بە كەسایەتی و بە ئەوانی تر. من هیچ گومانم نیە ئەوانە، لە ڕووی پەروەردەییەوە، پەروەردەیان باش نیە. هەر چۆن پێویستە منداڵێك جوان پەروەردە بكرێت، بۆ ئەوەی گەورەبوو، پەروەردەیەكی باڵای هەبێت. ئەو جنێو فرۆشانەش، كە لە دونیایەكی لاوازدا دەژین، پێویستە سەر لە نوێ‌ پەروەردە بكرێنەوە، تا چەند هەنگاوێك لەو جیهانە ئاست نزمەی خۆیان دوربخرێنەوە. یەكێك لە باشیەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئەوەیە، زۆر بە ئاسانی، بە تەماشاكردنی رستەی بكەرێك، تێدەگەیت پەروەردەی لە چ ئاستێكدایە. بێگومان كەسێك پەروەردەی باڵابێت، هەرگیز رێ‌ بە خۆی نادات جنێوبدات. یەكێكیش پەروەردەی نزم بێت، هیچ باكی بەوە نیە لە زمانیەوە چی دەكەوێتە خوارەوە.

ئەم ئاستە نزمەی لە جنێودا دەیبینن، بە خەمێكی زۆرەوە ئاستی زۆر كەسە. زۆرجار ئەو جۆرە مەخلوقانە، لە ئاستەكەی خۆیانەوە وا تێدەگەن، رەخنەگرتن، یانی جنێودان! كاتێك مرۆڤێك لەم ئاستەی خوارەوە سەیری دونیای رەخنەی كرد و وا وێنایكرد، كە جنێودان رەخنە گرتنە، ئیدی دەبێت هەڵوەستەیەك لەسەر كۆی پەروەردەی و لەسەر كۆی تێگەیشتنی بكەیت. چونكە ئەو مرۆڤەی لەم گۆشە نیگایەوە، تەماشای رەخنە بكات، بێگومان لە دونیایەكی بچوكدا خۆی گیرۆدە كردووە.

ئەگەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، دەروازەیەك بن، بۆ بینینی شتی گرنگ، دەروازەیەكیشن بۆ بەتاڵبونەوەی ئەو بكەرانەی، هیچیان نیە لەم دونیایەدا بیبەخشن بە مرۆڤایەتی، جگە لە زمانێكی لاوازی جنێودەرانە. هەمیشە ئەوانەی جنێو دەدەن، ئەو بكەرانەن بە دەق یان بابەت ناوێران و یاخود قسەیان لەسەر هیچ شتێكی ئەم جیهانە نیە، بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەو بۆشاییەی ناخیان و بۆ خۆنمایشكردنێكی ناشیرینانە، پەنا بەر ئاستە نزمەكەی خۆیان دەبن. ئاسانە منداڵێكی بێ‌ خەیاڵ پەروەردە بكەیت، بیكەیتە منداڵێكی ژیر. بەڵام هیچ ئاسان نیە، گەورەیەكی جنێودەر، بكەیت بە بكەرێكی ژیر و ئاراستەی بیكردنەوەی لە لاوازیەوە بگۆریت بۆ ئاستێكی باڵا. 

چونكە ئیدی ئەو پەروەردەییەی لە شوێنێك جێی هێشتووە، قورسە بۆی ئەو شوێنە جێ‌ بهێڵێت. یان باشتر بڵێین:
زەحمەتە دونیاكەی گەورە بكات و فراوانتر بیربكاتەوە و بە شوێن وشەی دروستا بگەرێت، بۆ قسەكردن. ئەم جنێو فرۆشانەی كە بڵاو دەبنەوە بە هەموو كون و قوژبنێكی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، هەمیشە سەرقاڵی ئەوە دەبن، دونیاكەی ئەوانی تریش وەك دونیاكەی خۆیان بچوك بكەنەوە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمانەدا، ئیشی كۆمەڵناس و دەروناسەكانە، تا كاریگەریەكیان لەسەر بكەن، بتوانن كەمێك، زۆرنا، لە ئاستە نزمەكەی خۆیان دوریان بخەنەوە. بەڵام بۆ ئەوانی تر پێویست نیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەم جیهانە بچوكەدا بكەن. دوركەوتنەوە لێیان و رێگەگرتن لێیان تا دونیاكەی تۆش بچوك نەبێتەوە وەك دونیای ئەوان. كارێكی دروسترە. ئەوەی زۆر گرێكی قورسە لەناو ئەو جنێو فرۆشانەدا ئەوەیە، هەمیشە جنێو بە كەسێك دەدەن لەخۆیان باڵاتربێت و لای كۆمەڵگە گرنگ بێت. چونكە گرێی بە خۆ لاوازكردنیان، ناچاریان دەكات بە زمانە لاوازەكەی خۆیان بێنە گۆ. ئەركی كۆمەڵناس و دەروناسەكانە، كۆمەڵێك لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو جیهانە بچوكە بكات، كە بەشێكی مرۆڤی كورد تێیدا دەژیت، كە جیهانی جنێودانە بە ئەوی دیكە. 

ئیشی من نیە لێكۆڵینەوە بكەم، بەڵام دەرك بەوە دەكەم جنێودان دیاردەیەكی باوە لەناو ئەم كۆمەڵگەیەدا. ئەوەی لەم دیاردە باوە بە دوورە، ڕەگەزی مێ‌ یە. رەگەزی مێ‌ هێشتا باڵا بوونی خۆی دەپارێزێت و نایەوێت بكەوێتە ئەو ئاستە نزمەوە، جنێو لە زاری بێتە دەرەوە! پرسیارە جەوهەریەكە ئەمەیە، بۆچی لەناو ئەم كۆمەڵگەیەدا تەنها رەگەزی نێر جنێو دەدات و لەو ئاستە نزمەدا خۆی دەردەخات؟ ئەمە پەیوەندی بە نێری زمانەوە هەیە؟ زمانی كوردی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و كرمانجی، زمانێكی نێرە؟ گەروانیە، بۆ بەشێك لە جنێوەكان تەنها پەیوەندیان بە نێر بوونەوە هەیە؟ ئەم دیاردەیە چۆن كەم دەبێتەوە؟ یان بەشێك مرۆڤی كورد بۆچی مەیلی باڵابوون ناكات و خۆی دەخاتە ئەو ئاستە نزمەوە؟ بۆچی گرێی خۆ بەكەمزانین، وا لەوانە دەكات جنێوبدەن؟ ئەمانە و دیان پرسیاری دیكە، پێویستیان بە بیركردنەوە و لێكۆڵنەوەیە لەسەر ئەو جیهانە لاوازەی جنێودەران تێیدا دەژین. 



(خەندان)

AM:05:52:02/03/2015