پێش ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه ئه‌م پیاوه خاوه‌ن هه‌مه‌جۆر به‌هره‌یه بناسم، نووسینی كاك عه‌باسم له‌ڕۆژنامه‌ی (نور)و دوایی له(ئیتیحاد) خوێندبووه‌وه وه‌ك خاوه‌نی رێبازێكی ئه‌ده‌بی پێشكه‌وتنخواز هه‌ڵمئه‌سه‌نگاند.
پاش راپه‌ڕین كاك عه‌باس به‌ئه‌زموونی زۆری رۆژنامه‌نووسی به‌غداو ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌سلێمانی به‌یه‌ك گه‌یشتین‌و زۆر زوو بووینه براده‌ر، به‌و زانین‌و ئه‌و زمانه شیرینه‌و ئه‌و رووه خۆشه‌یه‌وه پیاوێكی كامڵی خاوه‌ن هه‌ست ناسك‌و سه‌لیقه‌ی جوان به‌و سه‌روسیما گه‌شه‌یه‌وه ده‌مبینی كه دووربوو له‌خۆ به‌زل زانین‌و له‌خۆبایی بوون‌و خۆهه‌ڵكێشان. له‌هه‌موو بینینێكمدا دڵم ده‌كرایه‌وه‌و خۆشترم ده‌ویست. ئه‌و ساڵانه‌ی كوردستانی نوێ بووبووه یانه‌یه‌كی بچووك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك رۆشنبیر، ئۆفیسه‌كانی منیش له‌هه‌مان بینادا بوو كه رۆژانه كاك مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌و خوالێخۆشبوو كاك حه‌مه نوری تۆفیقم ئه‌بینی. هه‌میشه داوای ته‌مه‌نی درێژ‌و به‌رده‌وامبوونی نووسینه به‌نرخه‌كانی كاك مسته‌فای برا گه‌وره ده‌كه‌م‌و یادی ئه‌و كاك حه‌مه نوریه ده‌كه‌مه‌وه وه‌ك نووسه‌رو نیشتمانپه‌روه‌رو دڵپاكێكی وه‌ها كه پڕبوو له‌سۆزی خۆشه‌ویستی بۆ ده‌وروپشتی‌و منیشی بێبه‌ش نه‌ده‌كرد له‌و خۆشه‌ویستی‌و هه‌سته گه‌رم‌وگوڕه‌ی برایه‌تی به‌رامبه‌رم.
له‌گه‌ڵ كاك عه‌باس‌و هاوڕێی دێرینم شێركۆ بێكه‌س‌و كاك حسێن عارفی هاوڕێی هه‌موو ته‌مه‌نم‌و فه‌ره‌ج به‌گی له‌یاد نه‌چووی هه‌موو رۆژێكم.. به‌ده‌م ده‌نگ‌و قسه‌ی خۆشیان‌و شیعر‌و ئه‌ده‌ب‌و سیاسه‌ته‌وه رێكخه‌ری (چه‌م) ره‌ووف بێگه‌ردی بێگه‌رد شه‌وانێكیش كۆده‌بووینه‌وه‌و چێژمان له‌قسه‌ی یه‌ك ده‌بینی.
هه‌ر له‌و بینایه‌دا كه بێجگه له‌ئیشه بازرگانی‌و ته‌لیكومونیكه‌یشنه‌كانم، چاپخانه‌ی سه‌فوه‌تم هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئیداره بچووكه‌كه‌ی گۆڤاری (دواڕۆژ)ی مامۆستای گه‌وره‌مان محه‌مه‌د ئه‌مین حه‌سه‌ن‌و هاوڕێی تێكۆشه‌رم فوئاد قه‌ره‌داغی‌و خۆم، كه ئه‌ویش بووبووه مه‌ڵبه‌ندێكی خنجیلانه‌ی رۆشنبیریی.
هه‌ر له‌یادی كۆچكردنی كاك عه‌باسی رۆشنبیر‌و تیكۆشه‌ردا.. یادی مامۆستا موكری ده‌كه‌مه‌وه كه گۆڤاری(په‌یڤین)ی ده‌رده‌كرد له‌هه‌مان بینای خوالێخۆشبوو عه‌لی نه‌مه‌ڵیدا.. محه‌مه‌د موكری‌و قوبادی جه‌لیزاده‌ش وه‌ك چه‌پكه گوڵێكی بۆن خۆشی تری ئه‌و نهۆمه له‌و بینایه‌دا ره‌نگیان ئه‌دایه‌وه.
من له‌گه‌ڵ ئه‌م پۆله رۆشنبیر‌و قسه‌خۆش‌و دڵپاكانه‌دا بیره‌وه‌ری رۆژانی تێكۆشانی سیاسی‌و پێشمه‌رگایه‌تیش ده‌یان چیرۆك‌و به‌سه‌رهاتم هه‌بوو له‌گه‌ڵیاندا.. هه‌موو دونیا به‌جێ ده‌هێڵین.. چاك‌وخۆشی ئه‌وه‌یه كه جه‌سته‌ی مرۆڤ كۆچ ده‌كات هه‌ندێ كاری جوان‌و به‌كه‌ڵك به‌جێ بهێڵێ‌و له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یدا ون نه‌بێت، له‌هه‌ر بوارێكی ژیاندا بووبێت نه‌مرییه‌ك به‌جێبهێڵی.. به‌رزترین نه‌مریش.. نه‌مریی كار‌و خزمه‌تی گه‌له له‌هه‌ر بوارێكدابێت له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه خۆشه‌ویستی‌و فیداكارییه بۆ گه‌ل‌ونیشتمان.
هه‌زار سڵاو له‌گیانی پاكت.. كاك عه‌باس به‌دری كه نووسین‌و تێكۆشان‌و په‌یوه‌ندییه به‌رزه‌كانت نه‌مرییان بۆ هێشتویته‌وه.
(کوردستانی نوێ)