وتەبێژە ونەكان و وتەیەك!
فریاد ئیروانی


كاری وتەبێژی  لە دەزگاكانی حكومەت و حزبەكاندا، بۆ  گەیاندنی  زانیاری و لێدوانی پێویستە لەسەر هەموو ئەو رووداو و چالاكی‌و هەواڵانەی پەیوەندیان بە كاریرۆژنامەوانییەوە هەیە. لەلای رۆژنامەنووسان گەورەترین گرفتی  ناو دەزگا حكومییەكانی ئەم وڵاتە لەوێوە دەستپێدەكات، كە وتەبێژیان نییە، یان هەیانە و ئامادەنین وەك پێویست وەڵامی رۆژنامەنووسان بدەنەوە. هەندێك لە وتەبێژەكان ئامادەن بۆ روونكردنەوە لەسەر هەواڵێك خۆیان پەیوەندی بە چەندین دەزگای راگەیاندنەوە بكەن. بەڵام هەر ئەو وتەبێژە ئامادە نییە بۆ ئامادەكردنی
 
هەواڵێك، وەڵامی دە تەلەفۆنی رۆژنامەنووسێك بداتەوە. لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، كە لەشەڕ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و قەیرانی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت، بۆتە سەردێری سەرجەم ئەو هەواڵانەی پەیوەندیان بە بارودۆخەكەوە هەیە، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە هەرێمی كوردستان نەبوونی سەرچاوەی راست و دروست و پەیوەندار  بۆ وەرگرتنی زانیاری و لێدوانی فەرمی لە دام و دەزگا حكومییەكان و حزبە سیاسییەكان بۆ كاری رۆژنامەوانی وتەبێژەكان ونن.  خۆیان بەدوور دەگرن لە پێدانی زانیاری و لێدوان بە رۆژنامەنووسان‌و پەیامنێرانی كەناڵەكانی راگەیاندن، كاتێكیش بە بیانووی جۆراوجۆرەوە وەڵامی  رۆژنامەنووسان نادەنەوە، رقیشیان لەو ئەندام و بەرپرسانە دەبێتەوە لە دەرەوەی  ویستی ئەوان  زانیاری  ئەدەن بەرۆژنامەنووسان، بۆیە بە لایانەوە ئاساییە لە جیاتی كاری
 
وتەبێژی پێدانی زانیاری راست و فەرمی بە رۆژنامەنووسان، رۆڵی سەرەكیان دەبێتە وەڵامدانەوە و بە درۆخستنەوەی میدیاكان، بۆیە دەكرێ‌ بڵێین  هەندێ‌ لە وتەبێژەكان هێندەی ئەوە بەئەركی خۆیان دەزانن كە راستییەكان  بشارنەوە نیو ئەوندە  بەئەركی خۆیانی نازانن راستییەكان بۆ میدیاكاران ئاشكرا بكەن، لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان ئەوەی لەلای رۆژنامەنووسان مایەی نیگەرانی و تێڕامانە، زۆری لێدوانی فەرمی و نافەرمی  وتەبێژ و كاربەدەستانە لەسەر پرسە هەستیارو چارەنووساز ومافە گشتییەكانەوەیە، ئەمەش كاریگەری لەسەر كاری رۆژنامەنووسی و باڵانسی هەموو ئەو هەواڵ و راپۆرتانە هەیە، كە دەكرێن لە میدیاكاندا، چونكە زانیاری  وەك نان وایە بۆ رۆژنامەنوسان كە بتوانن بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ هەواڵ و راپۆرتەكانیان بڵاوبكەنەوە، لە ئێستادا بەهۆی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، رۆژانە زۆرترین هەواڵ و زانیاری پەیوەست بە ناوچەكە لە سەنگەرەكانی بەرگری و هێزی پێشمەرگەیەوەیە، بە داخەوە زۆرجار ئەوەی دەیبینین زۆربەی لێدوان و زانیارییەكان لەلایەن فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگەكانەوە بە میدیاكان دەدرێن، چ بە تۆماركراوی یا راستەوخۆ پەخش و بڵاودەكرێنەوە. زانیاری سەربازین بە پێچەوانەی بەرژەوەندیمان بێت، رەنگە بە سوودی دوژمن بگەڕێتەوە، بەداخەوە بەشێوەیەكی شارەزایانە مامەڵە لەگەڵ زانیاری و هەواڵی بەرەكانی جەنگ دا ناكرێت، لە هەواڵ و وێنەو پەخشی راستەوخۆدا لێدوانی نافەرمی‌و شوێنی سەنگەر و ئامارو چەك و زانیارییە سەربازییەكان لە بەرەكانی جەنگ دەخرێنە روو، ئەمەش جیاوازە لە هەر هەواڵێكی دیكە، بۆیە دەكرێت لە هەر بەرەیەكی جەنگدا وتەبێژێكی شارەزای سەربازی هەبێت، رۆژانە یا هەفتانە
 
بەلاغی سەربازی  بۆ رای گشتی هەبێت. لەلایەكی دیكەوە بە هۆی قەیرانی ئابووری و دواكەوتنی مووچەو بودجەی هەرێمی كوردستان بۆتەوە، هەواڵی هاتن و نەهاتنی مووچەو بودجەی هەرێم وەك هەواڵی بە پەلە و گرنگەكانی رۆژە، سەرەڕای هەبوونی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دارایی  كەچی رۆژانە چەندین لێدوانی فەرمی و نافەرمی لە بەرپرسان و نوێنەرانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان و بەڕێوەبەری بانك وگەنجینەو فەرمانگە حكومییەكانیش لەسەر هاتن و نەهاتنی بودجە و مووچەی هەرێم دەدوێن، بەتایبەت لەكاتێكدا وادەی پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بۆتە سەردێرو هەواڵی بە پەلە و مژدەبەخشی میدیاكان، بە جۆرێك بۆتە ناڕۆشنی زانیارییەكان پێدا تێپەڕ دەبێت هۆی ناڕۆشنی زانیارییەكان و سەرلێشواندنی هاووڵاتییان و شەقام بە گشتی، بەپێی یاسا میدیاكاران مافی خۆیانە بەدواداچوون و وردەكاری  رۆژنامەوانی بۆ ئەو هەواڵانە بكەن، كە پەیوەندی بە ژیان و گوزەران و چارەنووس و ئایندەی خەڵكەوە هەیە، هاووڵاتییانیش ئەگەر  رۆژنامەنووسیش نەبن مافی خۆیانە داوای  ئەو زانیارییانە بكەن، كە پەیوەندیان بە مافی گشتییەوە
 
هەیە، بۆیە ئەركی وتەبێژەكانە نەك هەر وەڵامی رۆژنامەنووسان  بدەنەوە، دەبێت لەلاشیان ئاسایی بێت ئەگەر هاووڵاتییان  ویستیان لە رێگەی ئەوانەوە راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ داوای پێدانی ئەو زانیارییانەیان لێبكەن، كە پەیوەندیان بە ژیان و گوزەران و مافی گشتییەوە هەیە، تا زانیاری لە زمانی فەرمییەوە بەشێوەیەكی ورد و دروست بڵاوبكرێتەوە، نەك بە بیانووی جیاوازەوە خۆیان ون بكەن لەپێدانی  زانیاری و لێدوانی فەرمی و ببنە سەرچاوەی باوەڕ پێكراوی  میدیاو شەقام بە گشتی .

 
 
( زاری كرمانجی)

AM:11:30:02/03/2015