سەنتەری میترۆ: زه‌بروزه‌نگ و تۆقاندن بوه‌ستێنن




وێستگه‌ نیوز ـ
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، زه‌بروزه‌نگ و تۆقاندن ناكۆكن له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت و مافی مرۆڤ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات یه‌كناگرێته‌وه‌ و داوا ده‌كات به‌ روونی هۆكاری ده‌سگیكردنی (گوهدار زێباری و شڤان سه‌عید) ئاشكرا بكرێن.

ره‌حمان غه‌ریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: له‌ مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ چالاكوان و رۆژنامه‌نوسان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان شێوازی تۆقاندن و زه‌بروزه‌نگ به‌كار ده‌هێنن و مافی مرۆڤ و پێشێل ده‌كه‌ن.

وتیشی: "شێوازی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵی چالاكوان شڤان سه‌عید ته‌واو ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ مافی مرۆڤ و خێزانه‌كه‌یان تۆقاندووه‌"، ده‌شپرسێت، "ده‌سگیركردنی كه‌سێكی سڤیلی بێ چه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و نمایشی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵ و تۆقاندنی خێزانی و منداڵی مامۆستا شڤانی پێویست بوو؟".    

رێكخه‌ری میترۆ وتیشی: "زه‌بروزه‌نگ و تۆقاندن ناكۆكن له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت و مافی مرۆڤ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و داوا ده‌كه‌ین به‌ روونی هۆكاری ده‌سگیكردنی گوهدار زێباری و شڤان سه‌عید ئاشكرا بكرێت".

هه‌روه‌ها داوای له‌ هه‌ر سێی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد داوا بكه‌ن لێكۆلینه‌وه‌ بكرێت له‌ شێوازی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵی كه‌سانی سڤیل له‌ شاری دهۆك وتی: "یاساكانی هه‌رێم و یاساكانی عێراق و جارنامه‌ی مافی مرۆڤ رێوشوێنی داناوه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردن و چونه‌ سه‌ر تۆمه‌تباران ئه‌مه‌ی كه‌ هه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌یه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "خه‌ڵك راپه‌رینیان نه‌كردوه‌ تا به‌م شێوه‌ی كه‌رامه‌تی خۆیان و ماڵ و مناڵیان بشكێنرێت و داوا له‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ین گریانی كچه‌كه‌ی شڤان بیانجوڵێنی و داوای لێكۆلێنه‌وه‌ بكه‌ن".

ره‌حمان غه‌ریب ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ ده‌نگی پێنه‌داون ده‌سگیركراوان بشارێنه‌وه‌ و كه‌س نه‌توانێت بییانبینێت وه‌ك رۆژنامه‌نووس شێروان شیروانی".

هه‌وه‌ها ئه‌مرۆ پێنجشەممە عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی گۆران رایگه‌یاند: هێزێكی سەربازی جل ره‌ش و چه‌كداری ده‌مامكدار به‌ شێوازێكی ترسناك و چونه‌ته‌ سه‌ر ماڵی مامۆستا (شڤان سه‌عید به‌ڕۆشكی) ده‌رگای ماڵه‌كه‌یان شكاندوه‌ و له‌به‌ر چاوی هاوسه‌رو مناڵه‌كانی به‌ لێدان و جلی خه‌وه‌وه‌ بردویانه‌، هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ ژن و ماڵه‌كه‌شی كردووه‌، مامۆستا شڤان بێ جگه‌ له‌ راو بۆچۆنی جیاواز و ره‌خنه‌ ئاساییه‌كانی هیچ تاوانێكی نیه‌.
 
عه‌لی حه‌مه‌ ساڵ پرسیاری كردووه‌، "ئایا ده‌كرێت كه‌سێك له‌سه‌ر ره‌خنه‌ یاخود پێشتر به‌شداری خۆپیشاندانی كردبێت به‌م شێوه‌ بچنه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی؟".

داواشی كردوه‌: "ئه‌م شێوازه‌ له‌ گرتن و چونه‌ سه‌ر ماڵان كۆتایی بێت".


PM:01:56:22/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 2544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌