سەنتەری میترۆ داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات دەستبەجێ مامۆستا تێکۆشەر حسێن، چالاکوان کە ئێستا لە ئاسایشی سۆران زیندانیکراوە ئازاد بکات
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە سەنتەری میترۆ پەیوەندیکرد بە خاتوو بنیاد ئەحمەد هاوسەری مامۆستا تێکۆشەر و ناوبراو دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا لە ئاسایشی سۆران زیندانییە.
بەگوێرەی قسەی هاوسەرەکەی مامۆستا تێکۆشەر بۆ سەنتەری میترۆ، بەر لە دەستگیرکردنی و بردنی بۆ ئاسایشی سۆران، مامۆستا تێکۆشەر مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕانی لە چۆمانی ئاگادارکردوەتەوە، بەرپرسانی مەکۆکەش داوایان لێکردووە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات.
بنیاد ئەحمەد بۆ سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکرد، پێشتر مامۆستا تێکۆشەر ئاگادار کراوەتەوە، سەردانی ئاسایش بکات یاخود خۆیان دەستگیریدەکەن.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دەستگیرکردنی مامۆستا تێکۆشەر پێشێلکردنێکی زەقی ئازادی رادەربرینە، بەهۆی ئەوەی لەمڕۆژانەدا لەقوتابخانەکەی خۆیدا راوبۆچوونی مامۆستایانی لەبارەی ئەنجامدانی بایکۆتکردنی دەوام وەرگرتووە.