دوای ئەوەی کەمال موسلیم وەزیری بازرگانیو پیشەسازیی حکومەتی ھەرێم سکاڵایەکی لەسەر دەزگای میدیایی شارپرێسو سەرنوسەرەکەی تۆمارکردبوو، ئەمڕۆ سەرنوسەری شارپرێس چوە بەردەم دادوەرو دوای بینینی سکاڵاکە بەفەرمانی دادوەرو بەکەفالەتی سێ ملیۆن دینار ئازادکرا.
کەمال ڕەئوف سەرنوسەرو خاوەن ئیمتیازی شارپرێس ڕایگەیاند، سکاڵاكەی لەسەر ھەواڵێک تۆمارکراوە کە لەدوو ساڵی ڕابردودا لەسەر بەڕێز وەزیری بارگانی بڵاوکراوەتەوەو سکاڵاکەش لەدادگای لێکۆڵینەوەی ھەولێر تۆمارکراوە.
کامەران سارمەمی پارێزەری دۆسیەکە بەشارپرێسی وت، "بەداخەوە سکاڵاکە بەمادەی خراپ بەکارھێنانی مۆبایل تۆمارکراوە نەک یاسای ڕۆژنامەگەری ھەرێمی کوردستان".
کامەران سارمەمی لەبارەی دۆسیەکەوە وتی:"داوامانکردوە دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگایەکی ترو داواکەمان ڕەتکراوەتەوە، داواشدەکەین مادەکەی بگۆڕدرێت بەیاسای ڕۆژنامەگەریی، چونکە ھەواڵەکە لەماڵپەر بڵاوکراوەتەوە نەک لەمۆبایلو بەڵگەش خراوەتە بەردەم دادوەری دۆسیەکە".
31 تەمموزی ساڵی 2022 شارپرێس ھەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە، وەزیری بازرگانی بەھۆی نیگەرانی لەدۆخی بزوتنهوهی گۆڕانو ئەنجومەنی وەزیرانو لەژێر فشاری بەشێک لەھەڵسوراوانی بزوتنەوەکەیدا، مۆڵەتی وەرگرتوەو چوەتە دەرەوەی وڵاتو وەزیری کارو كاروباری کۆمەڵایەتی کارەکانی ڕاییدەکات بەوەکالەت.
-Sharpress