ڕاپۆرتی 2024ی ئەمەریکا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ زیاد کردووە




لە "ڕاپۆرتی بازرگانیی بە مروڤ 2024" کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوە بەرچاوەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان ناسێنرا.

هەر بەهۆی ئەم پێشکەوتنانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق توانیویەتی لە بەرنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مروڤەوە بە شێوەی فەرمی لە پلەی سێیەم بێتە پلەی دووەم. 

ڕاپۆرتەکە، جەخت لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێم دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر ئەو بوارانەی کە پێویستیان بە باشترکردن هەیە بۆ ئەوەی زیاتر لەگەل ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.

جێبەجێکردنی یاسا و ناسینەوەی قوربانی

بە پێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج ساڵدا، حکوومەتی هەرێم داتای وردی جێبەجێکردنی یاسایی بڵاوکردەوە، کە هەنگاوێکی سەرەکییە لە شەفافیەت و لێپرسینەوەدا.

لە ساڵی 2023دا حکوومەتی هەرێم بەدواداچوونی بۆ 18 حاڵەتی کردووە کە گوایە کەیسی بازرگانیی بە مروڤ بووە. لەوانە 12 حاڵەتی بازرگانیی بە سێکس و شەش حاڵەتی کارکردنی زۆرەملێ بوونە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە حکوومەتی هەرێم هیچ لێپێچینەوەیەکی نوێ لەم سالەدا دەست یپێ نەکردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە لێپێچینەوە بەردەوامەکانی ساڵانی پێشوو و لە ئەنجامدا هەشت سزای بەسەر تاوانکاران سەپێندراوە.

ڵە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حکوومەتی هەرێم 121 قوربانیی بازرگانیی بە مروڤ دەست نیشان کردووە، ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو. بە پێی ڕاپۆرتەکە ئەمە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ زیاتر کردنی ڕوونی و لێپرسینەوە.

شەلتەرەکانی نوێ و یەکە تایبەتمەندەکان

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، حکوومەتی هەرێم بە کردنەوەی شەلتەری نوێ و دامەزراندنی یەکەیەکی تایبەتمەندی پۆلیسی دژە بازرگانیی بە مروڤ، پێشکەوتنی بەرچاوی لە پاراستنی قوربانییەکان بەدەست هێناوە.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە حکوومەتی هەرێم یەکەکانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مروڤ لە هەر چوار پارێزگاکانی و دوو ئیدارەی سەربەخۆی پەرە پێ داوە، لەگەڵ یەکەیەکی تازە دامەزراو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە بەتەواوی کەوتۆتە کار. بەلام ئاماژە بەوەش کردووە کە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هێشتا ئەم یەکەیە بە تەواوەتی کارا نییە.

پێشکەوتنی یاسایی و ڕێکخراوەیی

راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە بازرگانیی بە مروڤ نووسیویەتی کە پێشکەوتنە یاساییەکانی حکوومەتی هەرێم بریتین لە داڕشتن و دەرکردنی ڕێسای جێبەجێکردن بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مروڤ لە ساڵی 2012 و وردەکاریی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.

ئەم هەنگاوانە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاساکە زۆر گرنگن، کە پەرلەمانی هەرێمی ئیکۆر لە ساڵی 2018 پەسەندی کردووە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە بە دابینکردنی یەکەکانی پشکنینی کار کە بەدواداچوون بە دۆخی کرێکارانی بیانی دەکات. هەر لەم بوارەدا، حکوومەتی هەرێم 16 پشکنەری نوێی دەست نیشان کردووە و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ ڕاهێنانی تایبەتمەند دەکات.

شیکاری بەراوردکاری: هەوڵە ناوچەییەکان دژی بازرگانیی

بە بەراورد، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر قەیرانی بازرگانیی بە مرۆڤەوە لە سوریا و ئێران، کە هەردووکیان لە پلەی سێیەمدا ماونەتەوە بەهۆی جێبەجێنەکردنی کەمترین ڕێژەی ستانداردەکان بۆ نەهێشتنی بازرگانیی بە مرۆڤەوە.

لە سوریا، حکوومەت بەردەوامە لە چەوساندنی هاووڵاتیانی خۆی لە کاری زۆرەملێدا لە ڕێگەی خزمەتی سەربازیی ناچارییەوە. هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش داوە کە حکوومەتی سوریا هەنگاوی بەرچاوی بۆ چارەکردنی دامەزراندنی منداڵانی سەرباز نەناوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێرانیش ڕووبەڕووی کێشەی هاوشێوە بۆتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە لە هەندێ حالەت بەرپرسانی حکوومەتی ئێران گیرۆدەی بازرگانیی بە مروڤەوە بوونە و تەنانەت بە بێ ئەوەی رووبەرووی رێکاری یاساییش ببنەوە چاوپۆشی ئەم جۆرە تاوانانە دەکەن.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ئێران کەیسی بەکارهێنانی مندالانی سەرباز ڕوو لە زیادبوونەوە کردووە کە زیاتر بۆ مەرامی سەرکووتکاری سیاسی ئەم مندالانە بەکارهاتوون.

لەبەرامبەردا تورکیا هاوشێوەی حکوومەتی هەرێم هەوڵی بەرچاوی داوە و هەر لەسەر پلەی دوو دەمێنێتەوە.

تورکیا هەوڵەکانی زیاتر کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە، لەمانەش سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەم کەسانەی کە بازرگانی بە مروڤیان کردووە، ناسینەوەی قوربانیانی زیاتر و بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن.

بەڵام راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە تورکیا کۆمەلێک ئاستەنگیشی لە پێشە، وەک هاوکاری نەکردنی قوربانی و شایەتحاڵ و ڕاوێژکاری سنووردار لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان.

تێڕوانینەکانی باڵیۆزی گشتیی سیندی دایر

باڵیۆزی گشتی ئەمریکا بۆ چاودێریکردن و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ، سیندی دایر، جەختی لەسەر ڕەوتە کێشەدارەکانی بازرگانیی بە مرۆڤەوە کردەوە.

ئەو تیشکی خستە سەر دامەزراندنی زۆرەملێی شەڕڤانان بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا، کە هاوڵاتیانی بیانی لە ئاسیای ناوەڕاست و باشوور، کوبا و سوریا لەم پرۆسەیەدا بەشداربوون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، بالیۆزی گشتیی ئەمریکا بۆ چاودێریی و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ، سیندی دایر، دەلێت، "دەسەڵاتدارانی ڕووسیا، ناوەندکاران، کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان، یان هێزەکانی سەر بە ڕووسیا، زۆرەملێ و گوشار و فێڵ و لە هەندێک حاڵەتدا هێزیان بەکارهێناوە لە دامەزراندنی هاووڵاتیانی بیانی، بەتایبەتی کۆچبەرانی ئاسیای ناوەڕاست و باشوور، هەروەها هاووڵاتیانی کوبا و سوریا بۆ شەڕ لە دژی ئۆکرانیا".

ئەمەش جەخت لەسەر سروشتی ئاڵۆز و جۆراوجۆری پرسەکانی بازرگانیی بە مروڤ دەکاتەوە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش گرنگی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە ئامانجدارەکان دەخاتە ڕوو.

ئالینگارییەکان و رێکارەکانی چاکترکردنی پرۆسەکە

سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، ڕاپۆرتەکە چەند بوارێک دیاری دەکات کە حکوومەتی هەرێم پێویستی بەوەوە هەیە کە زیاتر گرنگی پێبدات.

شەلتەرەکانی حکوومەتی هەرێم توانای سنوورداریان هەیە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەژات کە مەرجی وەرگرتنی فەرمانی دادگا بۆ جێهێشتنی شەلتەرەکان بۆ قوربانییەکان، جووڵە و دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار دەکات.

پێشنیارەکان

ڕاپۆرتەکە کۆمەلێک ڕاسپاردەی بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەوەی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مروڤ تۆکمەتر بکات.

ئەمانە بریتین لە: ڕێگەدان بە دەسەڵاتدارانی تر جگە لە دادوەرە لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستنیشانکردن و ڕەوانەکردنی قوربانیانی بازرگانیی بۆ چاودێری، دڵنیابوون لەوەی قوربانییەکان سزا نەدرێن بۆ ئەو کارە نایاساییانەی کە لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی بازرگانیییان ئەنجامدراون، و زیادکردنی هەوڵەکان بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تاوانەکانی بازرگانیی.

ڕاپۆرتی بازرگانیی بە مروڤ ساڵی 2024 تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنی بەرچاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ، دان بە زیادبوونی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم ناوە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ناسینەوەی قوربانییەکان و پێشکەوتنی یاسادانان.

جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیەش دەکاتەوە، بەتایبەتی لە چارەسەرکردنی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی قوربانییەکان.

-kurdistan24



PM:03:13:25/06/2024




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌