کونسوڵخانەى ئەمریکا بۆ کەناڵ8: نیگەرانى دەستگیرکردنى رۆژنامەنووسانین




کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە وەڵامی کەناڵ8دا، لەسەر زیادبوونى پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان رایگەیاند، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، پاڵپشتی لە ئازادی رۆژنامەوانی بکەن و بەبێ بوونی فەرمانی دادوەر لە دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان دووربکەونەوە.

کونسوڵخانەکە دەڵێت، پێویستە حکومەتى هەرێم دوور بکەوێتەوە لە دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان و پشکنینی ئامڕاز و کەرەستەکانیان بەبێ بوونی فەرمانی دادوەر و دووربکەوێتەوە لە دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەی کارکردنیان لەمیانی ئەنجامدانی چالاکیی پیشەییان، بەپێویستیشى دەزانێت مافى رۆژنامەنووسان پارێزراوبێت.

کونسوڵخانەکە ئەمریکا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، پاڵپشتی لە ئازادی رۆژنامەوانیى بکات و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان ئاسان بکات.

ئەم وەڵامەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، رۆژى شەممە، 13ـی تەممووزى 2024، هەریەک لە نژیار محەمەد، پەیامنێر و هەوار یوسف، شۆفێر و بەهێز ئاکرێى، وێنەگرى کەناڵ8، لەکاتى رووماڵى لەشکرکێشیى سوپاى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان لە ئامێدى دەستگیرکران، لایەنە پەیوەندیدارەکانى سنوورەکەش هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر دەستگیرکردنى ئەو رۆژنامەوانانە بڵاونەکردەوە، بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، لە ئاسایشى گشتیى دهۆک دەستبەسەرکرابوون.

کونسوڵخانەکە هەر لە وەڵامەکەیدا بۆ کەناڵ8ی راشیگەیاندووە، ئەوان هەست بە نیگەرانی دەکەن لەبەرامبەر سەرجەم پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان و داوای جێبەجێکردنی تەواوی یاسای رۆژنامەوانى دەکەن.

-channel8



AM:10:38:18/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌